رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێم هیچ نییە جگە لە بانگەشەیەكی گاڵتەجاڕانە
  2024-05-03       97       

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەگەری رابگرن و ئەو رۆژنامەنوسانە ئازادبكەن كە لە زیندانەكاندا. دەشڵێت، ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان هیچ نییە جگە لە بانگەشەیەكی گاڵتەجاڕانە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، دوێنێ و رۆژێك بەر لە رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەری لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردوە كە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سنورێك بۆ دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەری دابنێن، لەوانەش دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانە، لێدان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی ڕۆژنامەنوسان.

وتوشیەتی، هەراسانکردن و تۆقاندن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان کاریگەرییەکی ترسناكی لەسەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان هەبوە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسان ناچاركراون هەڵبێن یاخود خۆیان بشارنەوە یان بەتەواوی واز لە كاری رۆژنامەوانی بێنن، لەکاتێکدا ژمارەیەك لە هاوپیشەكانیان لە زیندانەكاندا هێڵدراونەتەوە.

بیسان فەقێ، بەرپرسی کەمپەینی عێراق لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندوە: "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان شانازی بەوە دەکەن کە هەرێم 'مەشخەڵی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە'، بەڵام ئەمە جگە لە بانگەشەیەكی گاڵتەجاڕانە هیچی تر نییە ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و هەراسانکردن و تۆقاندن و دادگاییكردنی ڕۆژنامەنوسان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر گەندەڵی نوسیویانە، هەروەها ڕەخنەیان لە مامەڵەی دەسەڵاتداران گرتوە لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان گرتوە. دەستدرێژییەكانی دەسەڵاتداران بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەوانی، کولتورێکی ترسی دروستکردوە كە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی ئاشتیانەو بەردەوامی دەربازبون لە سزا، داڕێژراوە."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، دەسەڵاتدارانی هەرێم لانیکەم 10 ڕۆژنامەنووسیان بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە دەستگیرکردون یان بانگهێشتیان کردون. ژمارەیەكی دیكەی رۆژنامەنوسانیش لە ئێستادا سزای زیندانی بەسەردەبەن كە لەدوای دادگاییكردنی تەواو نادادپەروەرانە ئەو سزایانەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەشت ڕۆژنامەنوس و کەسوکاری ڕۆژنامەنوسانی دەستبەسەرکراو و پارێزەرەکانیان قسەی کردوە، هەروەها سەیری بەڵگەنامەکانی دادگای پەیوەست بە چوار دۆسیەی ڕۆژنامەنوسانی دەستبەسەرکراوی كردوەو وتویەتی، هەمویان باس لەو ئاستەنگانە دەكەن كە روبەڕوی ئازادیی رۆژنامەگەری دەبنەوە لە هەرێمی كوردستان.

رێكخراوەكە باسی لە كەیسی رۆژنامەنوس قارەمان شوكری كردوە كە سزای حەوت ساڵ زیندانی لەپاش "دادگاییكردنێكی نهێنێ و نادادپەروەرانە" بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی كانونی دوەمی 2021دا هێزەكانی ئاسایش لە دهۆك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەی و دەستگیرییان كردوە لەسەر ئەوەی رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی كورد گرتوە لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكانی دادگا كە دەست رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كەوتون، قارەمان لەلایەن دادگای تاوانەكانی دهۆكەوە بە "ئەندامبونی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و تێوەگلان لە چالاكی هەواڵگری بۆ بەرژەوەندی ئەو پارتەو ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەگەڵیان" سزادراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە قارەمان شوكری بە دادگای وتوە، لەژێر زەبرو ئەشكەنجەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە.

براكەی قارەمان شوكری، كە ئەویش رۆژنامەنوسە، بە رێكخراوەكەی وتوە، چەندین جار هەڕەشەی لێكراوە بەهۆی بانگەوازەكانی بۆ ئازادكردنی قارەمانی برای، بۆیە ناچاربوە كوردستان بەجێبهێڵێت.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لە كەیسی سزادانی شێروان شێروانی كردوە و ئاماژەی بەوەداوە كە بڕیاربو لە 9ی ئەیلولی ساڵی رابردو ئازادبكرێت بەڵام لە 20ی تەمموزدا دادگای هەولێر لەسەر كەیسێكی دیكەی بێ بنەما، سزای چوار ساڵی دیكە زیندانی بەسەردا سەپاند.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتوە، رێكخراوەكە زانیویەتی كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا لانیكەم هەشت رۆژنامەنوس بەهۆی بونی ترس لەسەر ژیانیان هەرێمی كوردستانیان جێهێشتوە.

بیسان فەقێ لە كۆتایی قسەكانیدا وتویەتی، نابێت هیچ کەسێك تەنیا لەسەر ئەوەی كاری رۆژنامەوانی خۆی دەكات ڕوبەڕوی هەراسانکردن و تۆقاندن ببێتەوە. دەبێت حکومەتی هەرێم دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێك هەمو ئەو کەسانە ئازاد بکات کە تەنیا بەهۆی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانییانەوە دەستبەسەرکراون. پێویستە دەسەڵاتداران پشتگیری لە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری بکەن، هەروەها هەنگاوی باوەڕپێکراو بنێن بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە تێیدا ڕۆژنامەنوسان بتوانن کارەکانیان بە سەلامەتی ئەنجام بدەن و ڕێگە بە خەڵک بدات بۆچونە ڕەخنەگرانەکانیان ئازادانە دەرببڕن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×