داپیرە کوردە ٧٥ هەزار ساڵەکەی نیاندەرتال
  2024-05-02       473       
مۆدێلی نوێی سێ ڕەهەندی ڕوخساری مرۆڤی نیاندەرتاڵ، نیاندەرتاڵەکان جۆرێکی جیاواز بوون لەمرۆڤی مۆدێرن بەڵام لەزۆر ڕووەوە هاوشێوەی ئێمە بوون

ئا: ئاوێنە
سەرچاوە/ بی بی سی

 

تیمێکی شوێنەوارناسی بەریتانیی زانکۆی کەمبریدج ڕوخساری ژنێکی تەمەن ٧٥ هەزار ساڵانی نیاندەرتاڵیان دووبارە دروستکردەوە کە کەلەسەرەکەی لەئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوەو بەئەمانەت لەحکومەتی هەرێمی کوردستانیان وەرگرتوە.

 

کۆمەڵێک توێژەر توانیویانە ڕوخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ لەساتەوەختی ژیانیدا بەوردبینی بنیات بنێنەوە.

ئەم روخسارە لەسەر بنەمای پاشماوەی کەلەسەرێک دروستکراوە کە ئێسکەکانی لەکاتی هەڵکەندندا هێندە نەرم بوون "لەبسکیتێکی تەڕ لەچادا دەچوون"، وەک زاناکانی ئەم بوارە دەڵێن.

پێش کۆکردنەوەی پارچە ئێسکەکان پێویست بوو توێژەران بەهێزیان بکەن‌و ڕێگری لەهەڵوەشانەوەی بکەن.

پاشان زانایانی بواری شوێنەوار وێنەی روخساری سێ ڕەهەندی ئەم کەلەسەرەیان کێشا.

ئەم روخسارە لەفیلمە دیکۆمێنتارییە نوێیەکەی بی بی سی ستۆدیۆ بۆ نێتفلێکس بەناوی "نهێنییەکانی مرۆڤی نیاندەرتال" نمایش دەکرێت. ئەم بەرنامەیە تایبەتە بەخزمە ​​ونبووەکانمان کە لەڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤدا نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون.

 

دکتۆر ئیما پۆمێرۆی، مامۆستای زانکۆی کامبریج کە وەک زانای بواری شوێنەوارەکان لەگەڵ پڕۆژەکەدا کاردەکات، دەڵێت "پێموایە ئەم کەلەسەرە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ شوناسی رەسەنی ئەم خزمانەمان".

ئەو بە بی بی سی وتووە "دروستکردنەوەی ئەم روخسارە زۆر جێگەی سەرنج بووەو لەڕاستیدا ئیمتیازێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە بتوانین کار لەگەڵ پاشماوەی بوونەوەرێکی ڕابردوو بکەین، بەتایبەتی کەسێکی وەک خاوەنی ئەم ڕوخسارە".

د.ئیما پۆمێرۆی ئەم کەلەسەرە کە کاری لەسەر کردوە بەئەمانەت لەحکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتوە

 

ئەو کەلەسەرەی کە ئەم روخسارەی لەسەر بنیاتنراوە لەئەشکەوتی شانەدەر کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانی عێراق دۆزراوەتەوە.

لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە ئەم ئەشکەوتە شوێنێکی گرنگە کە پاشماوەی لانیکەم ١٠ پیاوو ژن‌و منداڵی نیاندەرتاڵی لەساڵانی ١٩٥٠دا تیا دۆزراوەتەوە.

لەساڵی ٢٠١٥دا کاربەدەستانی کوردستان کۆمەڵێک زانای بواری شوێنەوارناسی بەریتانییان بانگهێشت کرد بۆ لێکۆڵینەوە، هەر زوو ئێسکەپەیکەرێکی نوێیان دۆزییەوە کە ناویان نا - شانەدەر - کە بەشێکی بەرچاو لەبەشی سەرەوەی جەستەی کەسێک لەخۆدەگرێت، لەوانە بڕبڕەی پشت، شان، قۆڵ و دەستەکانی.

پاشماوەی کەلەسەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ماوە، بەڵام درزێکی تێکەوتبوو بەئەستووری ٢ سم، کە پێدەچێت هۆکاری کەوتنە خوارەوەی بەردێک بووبێت لەسەقفی ئەشکەوتەکەوە لەڕابردوویەکی دووردا.

پرۆفیسۆر گرایم بارکەر لە زانکۆی کامبریج کە سەرکردایەتی توێژینەوە نوێیەکەی کردووە دەربارەی ئەم کەلەسەرە، دەڵێت "کەلەسەرەکە لەبنەڕەتدا هێندەی پیتزایەک بووەو کەم تا زۆر بازنەیی بووە".

پرۆفیسۆر بارکەر دەڵێت "بۆ گەیشتن بەم وێنەیەی کە ئێستا دەیبینین قۆناغی دورودرێژمان بڕیوە".

ئەشکەوتی شانەدەر تا ئێستا پاشماوەی ١٠ پیاوو ژن‌و منداڵی نیاندەرتاڵی تیا دۆزراوەتەوە

بە مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کوردستان، پارچەی کەلەسەرەکان لەجانتای پارێزراودا بردرانە بەریتانیا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سەختی سەقامگیرکردن و پێکەوە دانانەوەیان.

زیاتر لەساڵێکی خایاند بۆ ئەوەی لەلایەن پسپۆڕانی پاراستنی شوێنەوارەوە کاریان لەسەر بکرێت.

پاشان کەلەسەرەکە پاککرایەوەو لەلایەن دوو هونەرمەندی وێنەکێشی هۆڵەندی بەناوەکانی ئۆدری و ئەلفۆنس ​​کێنیسەوە کە بەکارامەییان ناسراون، بەشێوەی سێ ڕەهەندی روخساریان دروستکردەوە.

لەکۆتاییدا ئەو وێنەو پەیکەرسازییەی بەدەستهات ڕووخسارێکی هێمنانەی سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەوە ئێسکەپەیکەرە ڕەسەنەکەیە کە بەهای ڕاستەقینەی هەیە.

تیمی توێژینەوەکە تەواو دڵنیان لەوەی کە ئەم ئێسکەپەیکەرە هی ژنێکی نیاندەرتاڵە.

ئێسکی حەوز بەزۆری یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ڕەگەز، بەڵام ئەم بەشەی ئێسکەپەیکەرەکە واتە حەوزی لەگەڵ بەشی سەرەوەی جەستەدا نەدۆزراوەتەوە.

بەڵکو توێژەران ڕەگەزی ئەویان لەڕێگەی پڕۆتینە باڵادەستەکانی ناو مینای ددانەکانیەوە دیاریکردوە، چونکە بارودۆخەکەی لەگەڵ بۆماوەیی مێینەدا یەکدەگرێتەوە. هەروەها باڵای کورتی ئێسکەپەیکەرەکە ئەم ئەنجامە پشتڕاست دەکاتەوە.

بەڵام ئەم ژنە تەمەنی چەندە؟ ڕەنگە تەمەنی چل ساڵ بووبێت کاتێک مردووە، ئەم خەمڵاندنەش بەو ددانانە پشتڕاست دەکرێتەوە کە تووشی داخران بوە.

دکتۆر پۆمێرۆی ڕوونی دەکاتەوە "کاتێک ددانەکان تا ئەم ڕادەیە داخورێن، ئیتر جوین وەک جاران کارا نییەو جوینی خواردن قورس دەبێت".

دەشڵێت "نیشانەی تری هەبوونی کێشە لەددانەکانیدا، ئەوەیە کە هەندێکیان بەهۆی هەوکردن و نەخۆشییەکانی تری پووکەوەیە، لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا پێموایە ئەو گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی ژیانی".

مرۆڤی نیاندەرتاڵ دڕندەو بێ بیرکردنەوە نەبوە 

بۆ ماوەیەکی زۆر توێژەران پێیان وابوو کە بەراورد لەگەڵ جۆری نوێی مرۆڤ، نیاندەرتاڵەکان دڕندەو دەرون لاوازو بێ بیرکردنەوەن. بەڵام لەدوای دۆزینەوەکەی "شانەدەر" ئەم بۆچوونە گۆڕاوە.

ئەشکەوتی شانەدەر بەهۆی نیشاندانی هەلومەرجێکەوە کە پێدەچێت جۆرێک لەڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن بووبێت، ناوبانگی دەرکردوە.

لەم شوێنەدا، تەرمەکان بە وریاییەوە لەچاڵێکدا لەتەنیشت ستوونێکی بەردینی بەرزەوە دادەنرێن، هەموویان ڕوویان لەیەک ئاراستەی هاوشێوەیە.

دکتۆر ئیما پۆمێرۆی دەڵێت 'پێموایە ئەم ژنە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵیان'

ڕەنگە ئەم تەرمانە بە گوڵەوە بەخاک سپێردرابن

دۆزینەوەی گەردیلەی گوڵ لەسەر تەواوی ڕووی ئێسکەپەیکەرەکە وایکردووە هەندێک بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ڕەنگە ئەم تەرمانە بە گوڵەوە نێژرابن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هۆشیاری ڕۆحی‌و تەنانەت بوونی جۆرێک لەڕێوڕەسمی ئایینی.

بەڵام تیمە بەریتانییەکە پێیانوایە کە بەئەگەرێکی زۆرەوە ئەم گەردیلانە بەتێپەڕبوونی کات لەلایەن هەنگەکانەوە هێنرابێتنە ئەم شوێنە، یان ڕەنگە لەو چڵە گوڵانەوە بەجێمابێت کە لەسەر تەرمەکان دایانناون.

پرۆفیسۆر کریس هانت، مامۆستای زانکۆی جۆن مۆرز لەلیڤەرپول، سەبارەت بە داپۆشینی تەرمی مردووەکان بەگەردیلەی گوڵ دەڵێت "دانانی چڵە گوڵ لەسەر تەرمی مردووەکان نەک بەمەبەستی ڕێوڕەسمی ئایینی، بەڵکو زیاتر بەئەگەری پاراستنی تەرمی مردووەکان بوە لەچەقەڵ‌و کەمتیار".

دەشڵێت "لەهەمانکاتدا گومانم هەیە لەبەکارهێنانی وشەی بەخاک سپاردن بۆ ئەو مردووانەی لەم ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە، پێموایە وشەی دانان لەم شوێنەدا گونجاوترە تا وێناکردنی ئامادەبوونی پیاوی ئایینی‌و ئەنجامدانی پرسەیەکی کڵێسایی، بەڵام گومانی تێدا نییە کە تەرمی ئەم داپیرە نیاندەرتاڵە بەپێی جۆرێک لەدابونەریت لەم شوێنەدا دانراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×