پشتیوان سادق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه پارتی ناتوانێت به‌بێ پێكهاته‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات و ئه‌وان له مێژو و شارستانێتی كوردستان به‌شداربون، ده‌شڵێت، "ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت له رێگه ناشه‌رعییه‌وه له رێگه‌ی دروستكردنی سابیقه‌یه‌كی خراپه‌وه كه ئاكامی هه‌ڵبژاردن بگۆڕن، پارتی و هیچ هێزێكی دیموكراتخوازیش ئاماده‌نییه ئه‌وه قبوڵ بكات كه شتی نادهستور و نایاسایی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا فه‌رز بكرێت".
پشتیوان سادق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له‌میانی وتارێكدا له‌باره‌ی به‌یاننامه‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، رایگه‌یاند، "كه به‌یاننامه‌كه‌م خوێنده‌وه ئه‌وه هاته‌وه بیر كه ده‌ڵێت، تا ساحێب ماڵی دزی گرت، دز ساحێب ماڵی گرت، پارتی دامه‌زرێنه‌ری دیموكراسییه‌ته له هه‌رێمی كوردستان و ئاڵا هه‌ڵگری دیموكراتییه له هه‌رێم، پارتی خاوه‌نی قه‌زیه‌ی كوردستانه له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دڵسۆزن، پارتی به‌رده‌وام له شاخ و شار بڕوای به هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی هه‌بوه، له دوای ساڵی 1975 زۆر خه‌ڵك دروستبون كه ده‌یانویست خه‌ڵك چه‌واشه بكه‌ن به‌ڵام ئه‌زمون سه‌لماندی كه پارتی چییه و چۆن به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌كات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جگه له‌مجاره سێ جاری دیكه سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌رسومی ده‌ركردوه بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، پرسیار ئه‌وه‌یه كێبو رێگربو له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن؟، ئایا له‌به‌رده‌م سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و له‌به‌رده‌می هه‌مو حزبه‌كان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم "كێ بو ده‌یوت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن بیكه‌ن من نایه‌ڵم سندوق له‌ودیو دێگه‌ڵه‌وه دابنرێت؟، پێویسته لهئێستاداوه لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچون بۆ ئه‌و هێز و لایه‌نه بكرێت كه نه‌یهێشت هه‌ڵبژاردن له دو ساڵ و نیو رابردو ئه‌نجامبدرێت".
پشتیوان سادق ده‌ڵێت، "ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت له رێگه ناشه‌رعییه‌وه له رێگه‌ی دروستكردنی سابیقه‌یه‌كی خراپه‌وه كه ئاكامی هه‌ڵبژاردن بگۆڕن، پارتی و هیچ هێزێكێكی دیموكراتخوازیش ئاماده‌نییه ئه‌وه قبوڵبکات شتی نادهستور و نایاسایی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا فه‌رز بكرێت، پارتی هه‌رده‌م یه‌كه‌م ده‌بێت و خه‌ڵكیش هه‌رده‌م متمانه‌ی به پارتی هه‌یه".
ئه‌وه‌شی وت، "پارتی ناتوانێت به‌بێ پێكهاته‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات و ئه‌وانه له مێژو و شارستانێتی كوردستان به‌شداربون، ئێمه كێشه‌مان هه‌بو له‌وه‌ی كه كوردستان بكرێته چوار بازنه دواجار ئێمه رازی بوین، بابه‌تی دوه‌م پرسی پێكهاته‌كان بوین، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوین پێكهاته‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان چون به رێگه‌ی نایاسایی سابیقه‌یه‌كی خراپیان دروستكرد".