نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: تا ئێستا حكومەتی هەرێم لیستی ناوی وانەبێژانی بۆ بەغدا نەناردوە
  2024-05-02       118       

عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دارایی عێراق پێی وتوین تاوەكو ئێستا لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم نەگەیشتۆتە دەستی ئەوان. دەشڵێت، ئێمە نازانین بۆچی حكومەتی هەرێم خۆڵ دەكاتە چاوی مامۆستایانی وانەبێژ گوایە لیستەكەی بۆ بەغدا ناردوە.

ئاوێنە: عەلی رەئوف، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەك نوێنەرانی دەستەی گشتی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی وەزیری دارایی عێراقمان كرد كە بەهاوكاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاسانكاری بۆ ئەم كۆبونەوەیەمان كرابو.

وتیشی، لەپاش تاوتوێكردنی داواكارییەكانمان، وەزیری دارایی پێی راگەیاندین كە تا ئێستا لیستی ناوی وانەبێژانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتۆتە دەستی من و وەزارەتی دارایی عێراق. هەر كاتێك لیستی ناوەكان گەیشت دەبێت پەرلەمانی عێراق بودجەی بۆ تەرخان بكات و لە خشتەكانی بودجەو لە پشكی هەرێم دامەزراندنی وانەبێژان جێگیربكرێت.

نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەشی خستەڕو، وەزیری دارایی عێراق وتی، ئەوەی بە ئێمە بكرێت لەڕوی یاساییەوە هاوكاردەبین بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان و وەزیری دارایی جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبونی ئێمەی وانەبێژان لەسەر پیشەكەمان چونكە دامەزراندنی وانەبێژان بودجەیەكی زۆر كەمی دەوێت.

عەلی رەئوف وتیشی"ئەوە نزیكەی مانگێكە هەم حكومەتی هەرێم، هەم وەزارەتی دارایی و پاشان وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێن ئێمە لیستی وانەبێژانمان بۆ بەغدا ناردوە. بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دارایی پێی وتین بەهیچ شێوەیەك ناوی مامۆستایانی وانەبێژ نەهاتۆتە چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراقیش."

ئاماژەی بەوەشدا"ئێمە 37 هەزار مامۆستای وانەبێژین تاوەكو دانەمەزراوین و ئێمە داوای مافی خۆمان دەكەین. بەڵام ئێمە نازانین بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆڵ دەكاتە چاوی مامۆستایانی وانەبێژ، هیوادارم حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و پەروەردەی هەرێم بێنە سەرخەت و وەڵامی وەزیری دارایی عێراق بدەنەوە."

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ كە پێشتر لەسەر داواكردنی مافەكانیان دەستگیركراوە، جەختی كردەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەیت، نەك جارێك، دە جاری تریش دەستگیرمان بكەن، دوبارە خۆپیشاندان دەكەینەوە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

ئەوەشی وت، ئێستا حكومەتی عێراقی هاتۆتە سەرخەت و هاوكاری خۆی دەربڕیوە، فەرمو با لیستەكە بنێرن.

وتیشی، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەژێرەوە دامەزراندن بۆ كەسوكارییان دەكەن و بەڕاستی گرنگی بە پەروەردە نادەن. لە عێراق پێیانوتوین ئەوان ناوەكان بنێرن ئێمە لەسەر پشكی بودجەی هەرێم پارەكە دەنێرین. كەچی ئەمان ئامادە نین ناوەكانیش بنێرن. 

بەقسەی عەلی رەئوف، لە ئێستادا مانگانە 15ملیار دینار شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژە و وتیشی، ئەگەر ئێمە بكرێین بە گرێبەست هەرچەندە داوای بەهەمیشەییكردنمان كردوە، تەنیا دو ملیارو 700 ملیۆن دینار بۆ ئەو پارەیە زیاد دەبێت، واتە دەبێتە 17 ملیارو 700 ملیۆن.

وتیشی"بەرپرس هەیە لەم هەرێمی كوردستان هەفتانە یان سێ رۆژ جارێك یان رۆژانە ئەو داهاتەی هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×