سودانی سەرپەرشتی كۆبونەوەی دەستپێكردنی گفتوگۆكانی ئەمریكاو عێراق دەكات
  2024-01-27       349       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەستپێكردنی خولی یەكەمی گفتوگۆكانی عێراق و ئەمریكای بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كرد

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی دەستپێكردنی یەكەم خولی گفتوگۆی دوقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكای بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كرد.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 25ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا رێككەوتون لەسەر دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای سەریازیی هەردولا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر داڕشتنی خشتەیەكی زەمەنی بۆ دیاریكردنی ماوەی مانەوەی راوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

هەمان رۆژ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە چەند رۆژی داهاتودا، حكومەتی ئەمریكاو حكومەتی عێراق دەست دەكەن بە كۆبونەوەكانی تیمی كاری سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردو وڵات، بۆ داڕشتنی خشتەیەكی زەمەنی بۆ گۆڕینی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا كە ئەركی لیژنە باڵا سەربازییەكە گفتوگۆكردنە لەبارەی دانانی خشتەیەكی زەمەنی بۆ گۆڕینی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەعێراق.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە دانانی خشتە زەمەنییەكەدا رەچاوی سێ فاكتەری سەرەكی دەكرێت كە بریتین لە: هەڕەشەی داعش، پێداویستییەكانی ئۆپەراسیۆن، توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×