پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی بڵاو كردەوە
  2024-01-31       257       

پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی بڵاو كردووەتەوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و خوێندنەوە لە سەر چەند پرۆژە یاسایەك بكرێت، گرنگترینیان، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای غازی سەردەمی بەعس دەكرێت.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەست پێ كردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، سبەینێ پەرلەمان سەبارەت بە چەند بڕگە و ماددەیەك كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای غاز لە سەردەمی بەعس دەكرێت، هەروەها خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەكی دیكە دەكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق دەكرێت.

بەشی ڕاگەیاندنیی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بڕیارە سبەینێ كاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆ كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق چەند جارێك كۆبووەوە، بەڵام نەیتوانی سەرۆكی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بۆیە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×