بەغداد ئەلیەوم نهێنیی ڕاگرتنی هێرشەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات
  2024-02-01       298       

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانیی وردەکارییەکانی پەیوەست بەبڕیاری حزبوڵڵای عێراقی بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە ئاشکراکردوە.

بەگوێرەی پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"، ئەو سەرچاوە ئێرانییە کە داوایکردوە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت باسی لەوەکردوە، بڕیارەکەی حزبوڵڵای عێراقی بۆ هەڵپەساردنی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا، بەهۆی ئەو بەرەوپێشچونانەوەیە کە لەدانوستانەکانی پەیوەست بەڕاگەیاندنی ئاگربەست لەکەرتی غەززە بەڕێوەدەچن.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، “ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراوی ئاگربەست لەغەززە هەیەو ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە سەربگرێت، ئاگربەستەکە لەعێراقیش بەردەوامدەبێت سەبارەت بەڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان دژی هێزەکانی ئەمریکا بەمەبەستی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ دانوستانەکانی نێوان حکومەتی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و ئەمریکا سەبارەت بەگەیشتن بەخشتەی کاتیی کشانەوەی هێزە ئەمریکی‌و بیانییەکان لەعێراق".

ئەوەش هاتوە، "ئەگەربێت‌و ئاگربەستی غەززە سەرنەگرێت، ئەوە هێرشی گروپە چەکدارییە شیعییەکان دژ بەهێزەکانی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە".

سەرچاوەکانیش باس لەوەدەکەن، یەکشەممەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبۆتەوە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی ئەو كۆبونه‌وه‌یه‌ ئاشکرانەکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×