پنتاگۆن: ٢١٠ جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا
  2024-02-07       188       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بارەی ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگانیان ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ٢١٠ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەند سەربازێكیان كوژراوە و دەیان سەربازی دیكەیان بریندار بووە.

پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لە لایەن بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامی عێراقەوە دەكرێتە ئامانج، ئەمریكاش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە لە عێراق و سووریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×