ئا: ئیمان زەندی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئامێری (جی.پی.ئێس)و کامێرای نهێنی بەهەموو شێوەو قەبارەکانیانەوە، بەرتەسکبوونەوەی ئازادی کەسیو جیابوونەوەی هاوسەران لەهەرێم پەرەدەستێنێت، بەپێی وتەی پارێزەران ئەم حاڵەتانە لەدوای ساڵی ٢٠١٨ هاتووەتە نێو دادگاکان، هەروەها شارەزایانی بواری کامێراو ئایتییش بەقاچاخیکردنی ئەم ئامێرانە دەگەڕێننەوە بۆ کرانەوەی مەرزەکانو شاری بەغدا لەعێراقی ناوەند.
دانانی کامێرای نهێنی لەلایەن هاوسەرانەوە ساڵی ٢٠١٨ لەدادگا تۆمارکراوە
ئەشواق نەجیب، پارێزەری راوێژکار لەسلێمانی لەبارەی دانانی کامێرای نهێنیو (جی.پی.ئێس)ەوە لەلایەن هاوسەران پاشان تۆمارکردنی لەدادگاکان لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا رایدەگەیەنێت "ئەم دیاردەیە لەدوای ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠و تائێساش لەدادگاکان تۆماردەکرێت، بەڵام زۆر بەرچاو نییە، هەروەها دوای ساڵی ٢٠٢٠ بەئۆنڵاین زۆر رێکلامی بۆ دەکرێت".
ئەشواق مێژووی چاودێریکردنی ژنو مێرد لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە گەڕاندەوە بۆ دەرکەوتنی مۆبایلی زیرەک، ئەو دەشڵێت "کامێرای نهێنی لەدوای ٢٠١٠ەوە دەرکەوت، هەروەها لەدوای ساڵەکانی ٢٠١٦و ٢٠١٧ ئەم حاڵەتانە زۆر زیادیکردووە، ساڵانی پێشوو بۆ گەڕانەوەیان بۆ لای یەکتری ئەم کارەیان دەکرد".
سەبارەت بەئاشکراکردنی داتاکانیش ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانن داتا دیاریبکەن، چونکە "جێی مەترسیە بۆ کۆمەڵگەو تاکەکان لاساییدەکەنەوە، دووەم کاتێک ئەو کارەیە دەکرێت بەنهێنی دەهێڵدرێتەوە، لەکاتی ئاشکرابوونی حاڵەتەکە بەزۆری تاوانێکی دیکە روودەدات دواتر دەردەکەوێت کە چاودێریکراوە لەو رێگایەوە".
ناوبراو چەند حاڵەتێکی دیکە دەخاتە روو دەڵێت "ئەو بەڵگانە کۆدەکرێنەوە بۆ پەیداکردنی پارە، کەسیتر لەگەڵ ژن یان پیاو دەست تێکەڵ دەکەن تاوەکو پارە پەیدابکەن یان پیاو تا ماف نەدات بەژن ئەو کارەیە دەکات، یاخود بەڵگە کۆدەکرێتەوە بۆ لێسەندنەوەی منداڵ دوای جیابوونەوە".
دانانی ئەو ئامێرانە برینداربوونو کوشتنی لێکەوتووەتەوە
رێبین سەباح یەکێکی دیکەیە لەپاریزەرەکان لەسنوری هەولێرو ئەویش لایخۆیەوە ئاشکرایکرد کە دانانی کامێرای چاودێریو (جی.پی.ئێس) بووە بەدیاردە، ئەو بۆ ئاوێنە وتی "دیاریدەی دانانی کامێراو جی.پی.ئێس لەم چەند ساڵەی دواییدا رووی لەزیادبوون کردووە، چونکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکیو بێ چاودێری کۆنتڕۆڵیو یاسایی هاوردە دەکرێت".
ئەو پارێزەرە وێڕای ئەوەی ئەم دیاریدەی بە"قێزەون" ناوبرد، وتیشی "لەدادگاکان بەهۆی ئەو ئامێرەوە حاڵەتەکانی کێشەی خێزانو جیابونەوە تاوەکو دەگاتە حاڵەتی نەخوازراوی بریندارکردنو کوشتنیش بینراوە، بەردەوامیش تۆماردەکرێت، چونکە نەتوانراوە بابەتی فرۆشتنی کامێراو جی.پی.ئێسی نهێنی کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەوەی سەیرو جێگای نیگەرانیە لهئێستادا چەندین پەیجو شوێنی بازرگانی رێکلامی بۆ دەکەن، یاساو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا، خۆیان لێیی بێدەنگکردووە".
رێبین دوو کەیسی جیابوونەوە لەوبارەیەوە بۆ پەیامنێری ئاوێنە دەگێڕێتەوەو دەڵێت "لەهەولێر ژنو پیاوێک کە خاوەنی کوڕێک بوون، هاوسەرەکەی خۆی دانیپێداناوە لەهەموو ژوورەکانو تەنانەت ویستبووی لەگەرماویش کامێرای بۆ دابنێت تاوەکو بزانێت چیدەکاتو چی ناکات، ئەمەش بەپێی یاسا زیانگەیاندنە، چونکە کامێرا تەنیا لەحاڵەتێک دادەنرێت بۆ ژووری منداڵە".
سەبارەت بەکەیسی دووەمیش ناوبراو ئاشکرایکرد "کەیسێکی دیکەم هەبوو لەکۆیە، ئەوانیش خاوەنی منداڵبوون، پیاوەکەی کامێرای لەژوور دانابوو، خوشکی خێزانەکەی هاتووە لەماڵی ئەو خۆی گۆڕیوەو تۆماریکردووە، بەهۆیەوە ژنەکە داوای جیابونەوەیکردو جێبەجێکرا".
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی تاوانەکان یاساکان بەسەر تۆمەتبار دەسەپێندرێت، ئەو وتی "هەندێک بابەت هەیە کێشەی خێزانییە بەپێی ماددەی ٧ ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پێبژاردنەکەی لە٢٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دینارە، یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ بەماددەی ٢ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەیاندنە سزاکەی شەش مانگ بۆ ساڵێکە لەگەڵ پێبژاردنیش".
هۆکاری دانانی کامێرای نهێنیو (جی.پی.ئێس)، "بێ متمانەییە"
ئەشواق نەجیب، پارێزەری راوێژکاری لەوبارەیەوە وتی "بێ متمانەییی لەنێوان ژنو مێردو کردنەوەی بەڕووی دنیای تەکنەلۆجیادا ئەم حاڵەتەی زیاترکردووە، بەتایبەت ژنان خاوەن کاری خۆیاننو پێویستیان بەپیاو نییە بۆ ژیانکردنیانو پارە پێدانیان، بەڵام بۆ پیاوان ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە ژنەکانیان ئازاد دەبن لەچوونە دەرەوەیان یان ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان هەیەو داواکارییان زۆرە، پیاوەکانیان بۆ دەستکەوتنی بەڵگە بۆسەیان بۆ دادەنێن تا بتوانن بەئاسانی جیاببنەوەو لەدادگا مافیان نەدەنێ".
وتیشی "هۆکاری دیکە پێشکەوتنی بیری تاکەکانو ئاسان دەستکەوتنی ئەو ئامێرو کامێرایانەیە لەگەڵ مۆبایلی زیرەک، هەروەها بوونی هاوڕێیەتی جیاواز لەشوێنی کارو زۆر کارکردنیانو زۆر مانەوەیان لەدەرەوەو واتا ژنو مێرد زۆر کەم یەکتری دەبینن".
لایخۆشیەوە لەیلا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری لانەی ئارام لەسلێمانی پێیوایە ئەو بابەتە نەبووە بەدیاریدەو بەئاوێنەی وت "بەڵێ ئەو بابەتە هەیە، بەڵام زۆر کەمە، لەمساڵدا ئەو بابەتە دوو کەیسمان هەبوو، ئەویش کەیسێکیان پیاوەکە کامێرای لەژووری نوستنەکەی دانابوو، هەموو کارەکانی ژنو مێردایەتی تۆمارکردبوو، هەڕەشەی بەوە دەکرد کە بڵاویبکاتەوە، کەیسی دووەمیشیان ژنێک بوو (جی.پی.ئێس)ی کردبوو بەئۆتۆمبێلی هاوسەرەکەی تاوەکو بزانێت چی دەکاتو چی ناکات، دواجار هەردوو کەیسەکە بەجیابوونەوە کۆتاییهات، تەنانەت هەردوولا منداڵیشیان هەبوو گوێیان بەمنداڵەکانیان نەدا، هۆکارەکەش ئەوەیە خیانەتەکان زۆربوونو متمانە کەمبووەتەوە".
پەیوەست بەو بابەتەوە کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی بواری ژنانو توندوتیژی دژی خێزان بەئاوێنەی وت "ژنان بۆ ئەوەی بزانێت پیاوەکەی لەدەرەوە چیدەکاتو پیاوەکەش بزانێت بۆ ساردی دروستبووە لەپەیوەندییەکەیان یاخود خیانەتکراوە ئەم ئامێرایانە دادەنرێت، ئەمەش بەرتەسکردنەوەی ئازادییەو دیاریدەیەکی زۆر ناشرینو نابەجێیە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی، مەرج نییە هاوسەران بەڵکو بگرە براش چاودێری خوشکی خۆی پێکردووە، هۆکارەکەش ئابوورییەو ژنەکان دەکەونە داوەوە، بەڵێ بووە بەدیاریدەو لەحاڵەت دەرچووە".
ناوبراو وتیشی "کەیسێکم هەبوو ژنو پیاوێک بوون پیاوەکە گومانی لەخێزانەکەی هەبوو بڕیاریدا کامێرای بۆ دانێت یان جی.پی.ئێس، بۆ ئەو کارەی راوێژی پێکردم منیش پێم وت؛ پێویست بەوە ناکات، چونکە بەجۆرەکەی دیکە کارەساتی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ئەو پیاوە ئەو تۆمارەی لەبەردەستبوایەو بۆ کاتی جیابونەوەکە نیشانی کەسوکاری خێزانەکەی بدایە سەد لەسەد ژنەکە دەکوژرا، دواتر بەجیابوونەوە کۆتاییهات".
هاوکات د.مەزن ئیسماعیل، شارەزایی ئایتی باسی هۆکاریتر دەکاتو دەڵێت "یەکێک لەهۆکارەکان ئەوەیە ئامێرەکان هەرزاننو کوالێتی کۆنترۆڵمان لاوازە، هەم لەکوردستان هەم لەعێراق بازاڕی رۆشتنی ئەو ئامێرانەیە، هۆکارێکی دیکەش ئاسان بەکارهێنانیەتی، سۆشیاڵمیدیاش هەموو شتێکی خستووەتە بەردەستمان".
پۆلیسو ئاسایش لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
رۆژی ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، دەزگای ئاسایشی هەرێم لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەمساڵدا ١٠ هەزارو ١٥٧ سكاڵا لەبارەی تاوانە جۆراوجۆرەكان لەدەزگاکە تۆماركراون، هەروەها سێ هەزارو ٢٨٣ سكاڵاش لەسەر تاوانی ئەلیكترۆنی تۆماركراون زۆربەیان رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بەئاوێنەی وت "ئەو کەیسانە نەهاتوونەتە لای ئێمە، تەنیا کەیسی تاوانە ئەلیکرترۆنییەکان لەلامانە، ئاسایش چاودێری کامێرای ماڵانیش ناکات، تەنیا لەحاڵەتێکدا تاوانێک ئەنجامدرابێت لەو نزیکانە سودی لێوەردەگیرێت، ئەویش لەرێی دادوەرەوە رەزامەندی وەردەگیریت".
لایخۆشیەوە، نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەئاوێنەی وت "تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکمان بەدەست نەگەیشتووە، راستە ئەگەر هەیە هەبێت، بۆیە نایەنە پۆلیس، چونکە توندوتیژی دژی خێزانمان هەیە زۆربەی کەیسەکان لەوێن".
سەبارەت بەوەی هیچ مۆڵەتێک دەدرێت بەئەوکەسەی کامێرا دادەنێت؟ ناوبراو رایگەیاند "نەخێر، کەس نەهاتووە داوای مۆڵەت بکات ئەوەش لەناو بەرنامەکاندا بوونی نییە، تاوەکو ئێستاش پۆلیسی گشتی بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە، چونکە ئەم کەیسانە دەچنە چوارچێوەی نهێنیەوە".
"چەندان جۆر کامێرای نهێنی هاوردەی کوردستان دەکرێت"
شاخەوان عومەر، دوکاندارو شارەزای کامێرای چاودێری لەسلێمانی بەئاوێنەی وت "من کامێرای نهێنی دانانێم، چونکە لەئاسایشەوە پێیانوتم کامێرای چاودێری بچوک بۆ ناو ژووریش بەهەموو جۆرێک قەدەغەیە، تەنیا کامێراکانی دەرەوە دادەنێم".
ئەو دوکاندارە پشتڕاستیکردەوە کە هیچ یاسایەک بۆ مۆڵەت وەرگرتنی دانانی کامێرا نییە، وتیشی "ئەو کامێرا گەورانەش خەڵک هەیە دەیکڕێتو هەڵیدەوەشێنێت عەدەسەکەی دەردەکەن وەکو کامێرای نهێنی دایدەنێت".
لەبارەی جۆرو کوالێتیو نرخی کامێرای نهێنی، شاخەوان عومەر وتی "کامێرای نهێنی کوالێتییە بەرزەکانیان بە٧٠ بۆ ٨٠ دۆلارە چارەکێ بۆ ٢٥ خولەک کاردەکات، هەموو کامێراکان چینین، خەڵکیش بەڕێژەیەکی زۆر داوایدەکات، بەڵام کە دەزانن ماوەی تۆمارکردنەکەی کەمە لێیدەکشێنەوە، شێوەی کامێراکان برغووە، خڕە، فلاشە، بوکەو هەیشە لەناو ئینجانەیە،٣٠ کامێرا یەک کیلۆ دەبێت".
سەبارەت بەنرخەکانیش، ناوبراو وتیشی "جۆرەکانی کامێرا زۆرزۆرن من ناتوانم خۆم هەمووی بناسمەوە، بەڵام زۆربەی لەتیکتۆک بڵاویدەکەنەوە نرخیان بە١٠ بۆ ٣٠ هەزارە بەگەیاندنەوە، ئەوانەش هەموویان کوالێتان زۆرخراپە. لەو بەرزتر بە٥٠ بۆ ٦٠ هەزارە، ئەوانەشی لەئینجانەن بە٨٠ هەزارە، برغوەکانیش بە٥٠ هەزار، ئەوەی خڕە لەزگەدارە بە٢٠ هەزارەو یەکجار بەکاردێت، هەیە شەحندەکرێتەوە بە٧٠ بۆ ٨٠ دۆلارە".
لەبارەی هاوردەکردنیانەوە شاخەوان ئاشکراشیکرد "هەمووی لەبەغداوە هاوردەدەکرێت بەقاچاخ، نەلەهەولێر نەلەسلێمانیو تەنانەت سەیدسادقو عەربەتو چەمچەماڵیش نەمدیوە".
ئەو شارەزایی کامێراییە نهێنیەک لەسەر گومرگەکان ئاشکرادەکاتو دەڵێت "بەکیلۆ دەهێنرێت زۆربەی تەکسییەکانیش کە دەیهێنن دەیکەنە ژێر کوشنەکانیان چونکە شوێن زۆرناگرێ، بازگەکانیش هەمووی برادەری خۆیانن نایپشکنن، کاتێکیش ئێمە کامێراکان لەفڕۆکەخانەکان دەهێننین کەمێک بچوک بێت کە بۆ بارهەڵگرەکانە گلیدەدەنەوەو نەیانهێڵاوە بێتە هەرێمەوەو لەکاتێکدا زۆر گرانن، یەک دانەیان بە١٢٠ دۆلارە".
وتیشی "کامێرای بالەشمان هەیە نرخیان لەنێوان ٦٠ بۆ ٧٠ هەزارە تاوەکو ئێستا لەکوردستان دوو جۆرم دیوە، ئەوانیش فەیکن، کوالێتیان بەرز نییە".
پەیوەست بە(جی.پی.ئێس)یشەوە، شاخەوان رونیکردەوە "ئیشی من جی.پی.ئێس نییە، بەس دەوترێت سیمکارتە تەلەفونی بۆ دەکرێت بەس بۆ دەنگەو ١٠ مەتر بە١٠ مەتر چواردەوری خۆی دەنگ دەهێنێت، کامێرای ماڵانیش زیاتر لە٢٠ جۆری هەیە، ئەوانیش نرخیان لە١٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلاردایە کە چوار کامێراو دیبی ئاڕێکو هاردەکەیو وایەرەکانیەتی، کامێرایەکی دیکە هەیە پێیدەوترێت (موکافەحە) لەسەر شەقامەکان دادەنرێت، ئەوەیان مۆڵەتی ئاسایشی دەوێت چونکە ئەگەر لەچوارچرا داینێم هوتێل پاڵاست بۆ دێنێتە پێشەوە، بۆ ئاسایش خۆیەتی".
ئەپەکانی مۆبایلیش بە"فری" چاودێری نهێنی پێدەکرێت
لەوبارەیەوە د.مەزن ئیسماعیل، شارەزایی ئایتی لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، وتی "ئێمەش هەستمان بەو دیاردەیە کردووە، چونکە گومرگەکانی ئێرانو تورکیا کراوەن، لەوڵاتانی دیکە ئەگەر جی.پی.ئێسێک بەکاربهێنرێت دەبێت حکومەت ئاگادار بێت، هەرچەندە ئاسایشی هەرێم ئامێری ئاشکراکردنی ئەو ئامێرەی هەیەو فریکوێنسییەکەی دادەخات، بەڵام هەندێک فریکوێنسیش هەیە ئاشکرا ناکرێن، ئەو ئامێرە نرخی لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلاردایە، مۆبایل ناتوانێت جی.پی.ئێس ئاشکرابکات".
پەیوەست بەئەپەکانی چادێریش، د.مەزن ئەوەشی خستەروو "کۆمەڵێک بەرنامە هەیە راستەوخۆ دەنگ ریکۆرد دەکاتو ڤیدیۆو وێنە دەگرێت، کاتێکیش بەرنامەی چاودێری لەمۆبایلێکی دیکە دادەگیرێت دەرناکەوێ کە دابەزیوە، نرخەکەشی بەیەک بۆ سێ دۆلارە تەنانەت فریشی هەیە، تەنانەت جی.پی.ئێسی ناو مۆبایلیش هەیە، ئەم سیخوریکردنو تەشهیرکردنە سزاکەی بەپێی یاسا لەملیۆنێک بۆ حەوت ملیۆنە بەزیندانیکردنیش یەک ساڵ بۆ حەوت ساڵە.
وتیشی "بەرنامەش هەیە بەفریو بەکڕینیش، ئایتی ئەو کامێرایانە دەشکێنێتو کۆنتڕۆڵی کامێراکان دەکات، یان بەرنامەی هاککردن کە لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار دۆلاردایە، چۆن هەستبکەین چاودێریمان لەسەرە؟ سەرەتا بەهەستکردن دووەم مۆبایلەکەت بەبەردەوام گەرم دەبێتو شەحنی نامێنێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.