لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک؛ ئاسایشی بازیان بەڵێننامە بە ستافی «بازیان میدیا» پڕدەکاتەوە و سەنتەری میترۆش داوای لێپێچینەوە دەکات
  2026-11-08     

بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانەوە، هێزەکانی ئاسایشی بازیان بانگهێشتی بەڕێوەبەر و پەیامنێری دەزگای «بازیان میدیا» دەکەن و دوای سڕینەوەی بابەتەکە، بەڵێننامەیان پێ واژۆ دەکەن؛ سەنتەری میترۆش وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو هەنگاوە، داوای لێپێچینەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هەریەک لە دابان کەمال، بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازی «بازیان میدیا» و دیلان سیروان، سەرنووسەر و پەیامنێری هەمان دەزگا، بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی سەنتەری میترۆیان کرد. سکاڵاکەیان لەسەر بانگهێشتکردنیان بووە لەلایەن ئاسایشی بازیانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە تێیدا بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە بە مەرجی "پابەندبوون بە پیشەییبوون و دروستنەکردنی پشێوی"، هاوکات چەند مەرجێکیش بۆ کارکردنی میدیاییان لە قەزای بازیان دانراوە.

​پاشخانی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کاتێک پەیامنێری دەزگاکە ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کتێبخانەی بازیان بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا دید و بۆچوونی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ناڕازی خرابووە ڕوو کە داوایان کردبوو لە ڕێگەی میدیاکەوە دەنگیان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەدا، لەلایەن ئاسایشی بازیانەوە پەیوەندی بە ستافی میدیاکەوە دەکرێت و داوایان لێ دەکرێت تەواوی ئەو چاوپێکەوتنانە بسڕنەوە کە لەگەڵ فەرمانبەرەکاندا تۆماریان کردووە.

​لەبارەی چۆنیەتیی بانگهێشتکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، دابان کەمال، بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازی بازیان میدیا لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند: "پەیوەندییان بە من و پەیامنێرەکەمانەوە کرد و داوایان لێ کردین کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم لە یاریدەدەرێتیی ئاسایشی بازیان ئامادە بین." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئاسایش بە توندوتیژیی زارەکی و قسەی نەشیاو ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و پێیان وتوون: "ئێوە خۆتان بە چی دەزانن؟ لە دوێنێوە پێتان دەڵێین ئەو پۆستە بسڕنەوە و نایسڕنەوە."

​لەلایەکی دیکەوە، دیلان سیروان، سەرنووسەر و پەیامنێری بازیان میدیا بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاندووە کە ئەوان وەک دەزگاکەیان هیچ کارێکی نایاساییان ئەنجام نەداوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پۆستەکانیان پێ دەسڕنەوە و بەڵێننامەشیان پێ پڕدەکەنەوە.

​بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو سکاڵاکە، ستافی بازیان میدیا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ژوورێکدا ڕاگیراون، داوای وشەی نهێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی پەیامنێرەکەیان لێ کراوە و پشکنیویانە، هەروەها پێیان وتراوە "خۆتان تووشی دادوەر و زیندان مەکەن و پۆستەکەتان بسڕنەوە." دابان کەمال جەختی لەوەش کردەوە کە دوای سڕینەوەی پۆستەکە، بەڵێننامەیەکیان پێ واژۆ کردوون بەو مەرجەی هەر بابەتێک یان کارێک کە ئاسایش نەیەوێت، ئەوان نابێت بڵاوی بکەنەوە.

​لە بەرامبەر ئەم پێشهاتەدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بەکارهێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ ترساندن، دروستکردنی فشار و پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە تەواوی ڕەتدەکاتەوە، هاوکات داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لێپێچینەوە لەم جۆرە هەڵسوکەوتە نایاساییانە بکەن و سنوورێکیان بۆ دابنێن.

​جێگەی ئاماژەیە، «بازیان میدیا» وەک ماڵپەڕ و دەزگایەکی ئەلیکترۆنی، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی فەرمی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراوە و مۆڵەتی کارکردنی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×