ئا: ئاوێنە
ستیڤن میلەر، جووەو ئەندازیارێکی سیاسەتی دژە کۆچبەری ترەمپ و کەسایەتییەکی دیاری باڵی توندڕەوی کۆنزەرڤاتیڤەکانەو ڕەنگە پلە بەرزکردنەوەی ئەو ئاماژە بێت بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی سەخت ئامادە دەکات.
لە دوای شکستی گەورەی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سێشەممەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ دیموکراتەکان کاربکات، کە ئێستا پێگەی خۆیان لە کۆنگرێس بەهێزتر دەکەن.
بەڵام دوێنێ هەینی، پلەی ستیڤن میلەر، ڕاوێژکاری توندڕەوو هاوکارە نزیکەکەی بەرزکردەوە و جێگەی سوزی وایڵزی، سەرۆکی راوێژکارانی کۆشکی سپی گرتەوە .
بەپێی شیکارییەکی کەناڵی بی بی سی، ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نییە بۆ ئامادەیی بۆ کارکردن لەگەڵ کۆنگرێس. ڕەنگە بەرزکردنەوەی پلەی میلەر ئاماژە بێت بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی توند ئامادە دەکات، چونکە کەسایەتییەکی زۆر توندڕەو هەڵدەبژێرێت بۆ پۆستێکی باڵا.
تەلارسازی دژە کۆچبەرییە
ستیڤن میلەر کەسایەتییەکی دیارە لەڕادیکاڵترین باڵی بزووتنەوەی کۆنزەرڤاتیڤی ئەمریکایو بە تەلارسازی ئەو هێڵە توندە دادەنرێت کە سەرۆکی کۆمارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆچبەری پەسەندی کرد.
ئەو داڕێژەری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بوو – کە ناوەندی کارنامەی سەرۆکی ئەمریکا بوو.
میلەر کە تەمەنی 41 ساڵە، بەردەوام لەبەردەم کامێراکان دەردەکەوێت بۆ ئەوەی پشتگیری سەرۆک ترەمپ بکات، هەندێکجار بەبێ ئەوەی درێغی بکات لەهێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەمیشە بەرگێکی فەرمی لەبەردایە، قسەکانی دەنگدانەوەی هەڵوێستەکانی ڕاستی توندڕەون سەبارەت بە"پاشەکشە"ی گوایە ڕۆژئاوا بەهۆی "داگیرکاری" کۆچبەرانەوە. بۆ ئەو پرسە پرسێکی "وجودییە".
"مێشکی ترەمپ"
کیڤن مەکارتی ، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، کەمێک پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکی کۆمارییەکان لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە ، ستیڤن میلەر "داڕێژەری پلانەکانی مێشکی ترەمپە" .
بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، میلەر ئەو کەسە بووە کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ فەرمانی بە ICE (پۆلیسی کۆچبەری) کردووە کە کارەکانی چەند هێندە بکات، چونکە ژمارەی دیپۆرتکردنەوەی ڕۆژانە کەمتر بووە لەوەی لە ساڵی پێشوودا تۆمارکراوە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن.
لە لۆس ئەنجلۆس، ئەم فەرمانە بووە هۆی هەڵکوتانە سەر فرۆشگایەک لەلایەن بریکارەکانی ICE – کە بووە هۆی پێکدادانی توندوتیژ – و لە کۆتاییدا سەرۆک ترەمپ فەرمانی جێگیرکردنی سەربازی دەرکرد، سەرەڕای دژایەتی حاکمی دیموکراتەکانی کالیفۆرنیا، گاوین نیوزۆم .
میلەر کە لە شاری سانتا مۆنیکای ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس گەورە بووە، بە توندی بەرگری لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کردووە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بە پاوانخوازی تۆمەتباریان کردووە، میلەر دەڵێت "ئێمە ساڵانێکە ئەمە دەڵێین، ئەمە شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی شارستانیەت" .
"کەس لەوە دڵسۆزتر نییە"
ستیڤن میلەر لە کالیفۆرنیا لە خێزانێکی جوو لەدایکبووە – دایک و باوکی لە زانکۆ بەناوبانگەکاندا خوێندوویانەو لەقۆناغی ئامادەییەوە و دواتر لە زانکۆی دوک لە کارۆلینای باکوور، بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بانگەشەی بۆ بیرۆکەکانی ڕاستی توندڕەو کردووە.
دەیڤید هۆرۆڤیتز، کۆنزەرڤاتیڤێکی کاریگەر، دەرگاکانی بۆ کردەوە بۆ بازنەکانی دەسەڵات، لەوێدا ستیڤ بانۆن و تاکەر کارلسۆنی ناسی، پێش ئەوەی پەیوەندی بە یەکەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترەمپەوە بکات – لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا (٢٠١٧-٢٠٢١)، هێشتا بیرۆکەکانی ستیڤن میلەر بە پەراوێزییەوە دەرکەوت.
ئەو تەلارسازی قەدەغەکردنی چوونە ناو ئەمریکا بوو کە بەسەر هاوڵاتیانی وڵاتانی موسڵماندا سەپێندرابوو، هەرچەندە بە بڕیاری دادگا هەڵوەشێنرایەوە.
هەروەها پشتگیرییەکی توندی لە دۆناڵد ترەمپ کردبوو کاتێک خۆپیشاندەران لە ٦ی ژانویەی ٢٠٢١ هێرشیان کردە سەر کاپیتوڵ، بۆ ڕێگریکردن لە دەنگدان بە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە خولی دووەمی ترەمپ لە کۆشکی سپیدا، بیرۆکەکانی میلەر لە هەموو شوێنێکدا بوونیان هەیە.
دوێنێ کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی وتی "هیچ کەسێک لە ستیڤن دڵسۆزتر و ماندوو و پەیوەندیدارتر نییە بە بزووتنەوەی (ئەمریکا یەکەم)'".
میلەر لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ئەرکەکەمان ئێستا لە جاران ڕوونترە: بە هەموو دڵمانەوە شەڕ دەکەین بۆ پشتگیریکردن لەسەرۆکەکەمان و بەرگریکردن لەم دیموکراسییە نایاب و سەرنجڕاکێشە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەست بە "شانازییەکی وەسفنەکراو دەکات" کە ترەمپ بۆ ئەم پۆستە هەڵیبژاردووە.
سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی یەکێکە لەپۆستە بەهێزەکانی واشنتۆن، بەو پێیەی ئەولەویەت و کارنامەی کۆشکی سپی دادەنێت و ڕۆڵی ناوەندی دەگێڕێت لە دانوستان لەگەڵ کۆنگرێس و ئەکتەرە سیاسییە ناحکومییەکانی دیکە.
"مەترسیدار و بێباکە"
هەرچەندە ترەمپ ڕۆژی هەینی ستایشی لێهاتوویی و کارامەیی کارگێڕی میلەری کرد، بەڵام ڕەنگە هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆنگرێس بە تایبەتی قورس بێت.
زۆربەی دیموکراتەکان و هەروەها هەندێک لە کۆمارییەکان، چارەی میلەر-یان ناوێت.
حەکیم جێفریس سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ستیڤن میلەر توندڕەوێکی مەترسیدارە کە بێباکانە خوێنی ئەمریکی بەدەستێوەیەتی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت بوونی ئەو لە حکومەتدا نەهێڵرێت، وەکو وەرەمێکی شێرپەنجەیی".
ترەمپ دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تروت سۆشیالەوە بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ستیڤن میلەر هەر لە سەرەتاوە لە لای من بووە"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو دەزانێت شتەکان چۆن کاردەکەن".
سەرەتای ئەمساڵ میلەر پەیامێکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوەو گاڵتەی بەوە کرد جەیمس تالاریکۆ، کە تازە کاندیدی دیموکراتەکان کورسی ئەنجومەنی پیران لەویلایەتی تەکساس مسۆگەر کردووە، "یەکەم کاندیدی ڕەگەزگۆڕاویان بووە بۆ ئەنجومەنی پیران".
پارتی دیموکرات بە لێدوانێکی کورت، بەڵام پڕ لە سووکایەتی وەڵامی دایەوە و داوای لە میلەر کرد کە بێدەنگ بێت.
ئێستا، میلەر بانگهێشت دەکرێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کە هاوکات تالاریکۆی تازە هەڵبژێردراویش لەخۆدەگرێت، کە یەکێکە لە سەرکردە سەرهەڵداوەکانی دیموکراتەکان.
هەموو ئەمانە لە دوای هەڵبژاردنەکان دێت کە بەپێی ڕاپرسییەکان 58%ی دەنگدەران پێیان وایە حکومەت "سنوورەکانی تێپەڕاندووە" لەئۆپەراسیۆنەکانی جێبەجێکردنی کۆچبەریدا، لەکاتێکدا دەنگدەرانی ئیسپانی بەکۆمەڵ دژی کاندیدەکانی کۆمارییەکان بوون.
ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا کە هەوڵی ڕوونکردنەوەی شکستی کۆمارییەکان دەدات لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولدا ، جێگری سەرۆک ج کرێکاران”.
بەڵام ئێستا پێدەچێت ئەگەری گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە لە سیاسەتدا کەمتر بێت، چونکە یەکێک لە توندڕەوترین بەرپرسەکان لە پرسی کۆچبەریدا کۆنترۆڵی کۆشکی سپی دەگرێتە ئەستۆ.