قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی؛ میدیایەکی عەرەبی هۆشداری لە گەڕانەوەی سیناریۆی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان دەدات
  2026-11-06     

قووڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووەتە جێی سەرنجی میدیا عەرەبی و هەرێمییەکان. لە نوێترین خوێندنەوەدا، کەناڵی "سکای نیوز عەرەبیە" تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و سلێمانی و پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە ئایا هەرێمی کوردستان لە هەوڵی جیابوونەوە لە بەغداوە، بەرەو دابەشبوونی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت؟

ئاوێنە: ​بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی کەناڵی "سکای نیوز عەرەبیە"، هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی دەدا لە عێراق جیاببێتەوە و قەوارەیەکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئێستا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە ڕووبەڕووی مەترسیی لێکترازانی ناوخۆیی بووەتەوە، بەجۆرێک کە ئەگەری دروستبوونی دوو حکومەت و دوو سەرۆکایەتی لەناو یەک هەرێمدا باس دەکرێت.

​ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە دابەشبوونی جوگرافی و هەژموونی سیاسی و ئەمنیی هەردوو حزبی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆنی هەولێر و دهۆک) و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆنی سلێمانی) کردووە، کە ماوەی چەندین ساڵە لە ململانێ و کێبڕکێی بەردەوامدان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و دابەشکردنی هەژموون لە هەرێمەکەدا.

​سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانەوە و تەقینەوەی قەیرانی ئەمجارەی نێوان هەردوو پارتەکە، کەناڵە عەرەبییەکە باسی لەوە کردووە کە گرژییەکان دوای ئەوە گەیشتنە لووتکە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجام دا، لە کاتێکدا فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەکەی بایکۆت کردبوو.

​لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەشدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرۆسەکەی بە هەوڵێک بۆ "دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات" ناوبرد و هەڵوێستی توندی حزبەکەی ڕاگەیاند، بەوەی کە "ئەگەر سەرۆکێک بۆ هەرێم دابنرێت، ئەوانیش سەرۆک دادەنێن، و ئەگەر وەزیر دابنرێت، ئەوانیش لە لای خۆیانەوە وەزیر دادەنێن."

​لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی سکای نیوزدا هێما بۆ مێژووی ململانێکانی نێوان ئەو دوو هێزە کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە مەترسیی دۆخەکە لەوەدایە ئەمە یەکەمجار نییە ناکۆکییەکان دەگەنە ئەم ئاستە. لە دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتە ئاستی شەڕی ناوخۆ و لە ئەنجامدا بە کرداری دوو ئیدارە و دوو حکومەتی جیاواز لە هەولێر و سلێمانی دروست بوون.

​ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە هەرچەندە لە ئێستادا جارێکی دیکە قسەکردن لەسەر گەڕانەوەی هەمان سیناریۆی ساڵانی نەوەدەکان هاتووەتەوە ئاراوە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ بڕیار و ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن لایەنەکانەوە سەبارەت بە دابەشکردنی فەرمیی هەرێمی کوردستان لەئارادا نییە.

​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، سکای نیوز عەرەبیە پرسیارێکی چارەنووسساز دەخاتە ڕوو: "ئایا ئەو هەرێمەی پێشتر دەیویست لە بەغدا جیاببێتەوە، ئێستا لە ناوخۆیدا دەبێتە دوو بەش و بەمەش لەبری دوو حکومەت، سێ حکومەت لەناو دەوڵەتی عێراقدا دروست دەبێت؟"

زۆرترین بینراو
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریم خان: به‌شداریكردنی محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ له‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گوزارشت له‌ رای ئێمه‌ ناكات‌
په‌یامی توندی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پارتی: له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ له‌م حكومه‌ته‌ فاشیله‌ی هه‌رێم ده‌كشێینه‌وه‌
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
بەدەل بەرواری داوا دەکات مووچەی پەرلەمانتار بکرێت بەکەمتر لە ٢ ملیۆن دینارو خانەنشینیشیان نەهێڵرێت
یەکێتی بڕیاری دا لەحکومەتی هەرێم بکشێتەوە
میدیای نزیک لە یەکێتی هۆشداری لە ئەگەری ڕاگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" دەدات لە حاڵەتی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ
نیگەرانی لە ئەنقەرە دوای شکستی ترەمپ
به‌رپرسێكی پێشوی ئه‌مریكا: ناكۆكییه‌كانی نێوخۆی هه‌رێم ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌ده‌نه‌ به‌غدا بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی
چۆن زیرەکی دەستکرد کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبوو؟
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×