بەدەل بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەنوسینێکیدا لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی داوا دەکات مووچەی ئەندام پەرلەمانەکان کەم بکەنەوە، بیکەنە کەمتر لە (٢) ملیۆن دینارو خانەنشینیشیان نەهێڵن.
ئاوێنە: دەقی نووسینەکەی بەدەل بەرواری:
شەرمەزاری بۆ ئێوە بێت.
ئەوانەی لە دوێنێوە ددانی خۆیان تیژ دەكرد.
گەلێک کەسی سەرۆ بەتال ددان و زمانی خۆیان تیژ کردبوو و خۆیان ئامادە کردبوو کە بە چ شێوازێک هێرش بکەنە سەر بەدەل بەرواری و قسەی ناشیرینی پێ بڵێن، تەنانەت هەندێک لەوانە نزیکی خۆیشی بوون (هاوڕێ و هاوڵوێست بوون)، چاوەڕێی خۆفرۆشتنی ئەو بوون.
نازانم ئێستا هەڵوێستیان چییە و چی دەڵێن.
بەڵام ئەو کەسانە لەو کاتەی هەندێک لە هاوڕێکانی خۆیان فرۆشت و چوونەگەڵ (نەوەی نوێ و یەکێتی) بە دەستکەوتیان دەزانی.
دەبوو ئەوان باش بزانن کە لە ژێر هیچ فشارێکدا ئەم بڕیارەمان نەداوە.
ئەگەر یەکێتیش هەمان کاری پارتی ئەمڕۆی ئەنجام بدایە بێشک هەمان هەڵوێستمان دەبوو.
فەرموون ئێستا ئێوە (٥٠ + ١)تان هەیە مافی خەڵک بدەنەوە:
یەکەم/ مووچەی ئەندام پەرلەمانەکان کەم بکەنەوە، بیکەنە کەمتر لە (٢) ملیۆن دینار و خانەنشینییان نەهێڵن.
دووەم/ کەرتی گشتی بۆ حکومەت بگێڕنەوە.
سێیەم/ پاشەکەوتی (قەرزەکانی) فەرمانبەرانیان بۆ بگێڕنەوە.
چوارەم/ داهاتی هەرێم بگەڕێننەوە خەزێنەی حکومەت (بەسە چیتر دزین نەبێت).
پێنجەم/ بەهای (کارەبا، گاز، غاز، پانزین ،ئاو) هەرزان بکەن.
شەشەم/ باج لەسەر خەڵک کەم بکەنەوە و ژمارەکەی کەم بکەنەوە.
حەوتەم/ دەسەڵاتی حزبی و خۆسەپاندنی ئەو بەرپرسانەیان بەسەر حکومەت و دامودەزگاکانی میريدا نەهێڵن.
باسی دەستوور و یاسا و دادپەروەری ناکەم.
چونکە هەتا ئێستا هەردوو حزبی دەسەڵات و بنەماڵەکان بە هیچ شێوەیەک و ڕەنگێک باوەڕیان بە (یاسا و دادپەروەری) نییە.
بەدەل بەرواری
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان