گەڕانەوەی مەسیحییە پێشکەوتنخوازەکان بۆ ناو کایەی سیاسی؛ ستراتیژییە نوێیەکەی دیموکراتەکان لە بەرامبەر هەژموونی ترەمپدا
  2026-11-04     

لە یەکێک لە کڵێساکانی دەوروبەری شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس، نوێژخوێنان لەسەر کورسییەکانیان نامیلکەی تایبەتیان دۆزییەوە کە هۆشدارییان پێدەدات لە دەنگدان بە جەیمس تالاریکۆ، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ ئەنجومەنی پیران.

ئاوێنە: ​ستیڤ ریگڵ، قەشەی کڵێساکە، تەنها بەو هۆشدارییە سیاسییە نەوەستا، بەڵکو وتارێکی تایبەتی تەرخان کرد بۆ هێرشکردنە سەر بیرۆکەکانی ئەو کاندیدە گەنجە. ریگڵ شیکردنەوەی تالاریکۆی بۆ ئایینی مەسیحی بە "تیۆلۆژیایەکی چەواشەکارانە و مەترسیدار" وەسف کرد و داوای لە باوەڕداران کرد هەڵوێستەکانی ناوبراو سەبارەت بە پرسی لەباربردنی منداڵ و ناسنامەی جێندەری ڕەت بکەنەوە.

​لەگەڵ ئەوەشدا، تالاریکۆ وەک سیاسەتمەدارێکی عەلمانیی دژە ئایین دەرنەکەوتووە، بەڵکو خوێندکاری پەیمانگای تیۆلۆژییە (لاهوت) و خۆی ئامادە دەکات ببێتە قەشە. ئەو پشت بە دەقەکانی پەڕتووکی پیرۆز دەبەستێت بۆ بەرگریکردن لە هەژاران، کۆچبەران و کەمینەکان. تالاریکۆ فێرکارییەکانی مەسیحی کردووە بە خاڵی سەرەکیی هەڵمەتە بانگەشەییەکەی و جەخت لەوە دەکاتەوە کە باوەڕی ڕاستەقینە ناکرێت لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی داببڕێنرێت.

​ئەم وتارە جیاوازە بووە هۆی ئەوەی تالاریکۆ سوپرایزێکی گەورە تۆمار بکات و بەسەر کین پاکستۆن، داواکاری گشتیی تێکساس و کاندیدی کۆمارییەکاندا سەربکەوێت، کە یەکێکە لە دیارترین هاوپەیمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

​بەم شێوەیە کێبڕکێکە سنووری بەرنامە تەقلیدییەکانی هەڵبژاردنی تێپەڕاند و گۆڕا بۆ ململانێی نێوان دوو خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئایینی مەسیحی؛ یەکێکیان خوێندنەوەیەکی نەریتخوازانەیە کە گرێدراوی ناسیۆنالیزمی مەسیحی و ڕاستڕەوی کۆمارییە، ئەوی دیکەیان ڕوانگەیەکی پێشکەوتنخوازانەیە کە ئینجیل وەک بنەمایەک بۆ بەرگریکردن لە یەکسانی، فرەیی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان دەبینێت.

کێ خاوەنی شیکردنەوەی ئینجیلە؟

​جەیمس تالاریکۆ خۆی وەک سیاسەتمەدارێکی پێشکەوتنخواز نیشان نادات کە هەوڵی دڵنیاکردنەوەی دەنگدەرە موحافزکارەکان بدات سەبارەت بە ڕێزگرتنی لە ئایین، بەڵکو خۆی وەک مەسیحییەک دەناسێنێت کە خودی بیروباوەڕەکەی پاڵی پێوە دەنێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی پێشکەوتنخوازانە.

​ئەو تێڕوانینی خۆی لە ڕستەیەکدا کورت دەکاتەوە کە لە گوتار و بانگەشەکانیدا دووبارەی دەکاتەوە: "ناتوانیت خودات خۆشبوێت و ڕقت لە خەڵکی دیکە بێت." ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە کە خۆشەویستیی خودا لەگەڵ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران، چەوساندنەوەی هەژاران و ئازاردانی پەراوێزخراوەکاندا یەک ناگرێتەوە.

​تالاریکۆی تەمەن ٣٧ ساڵ، چیرۆکی حەزرەتی مەسیح کاتێک مێزی پارەگۆڕەکان و بازرگانەکانی ناو پەرستگاکەی هەڵگەڕاندەوە، دەکاتە هێمایەکی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خاوەن سامان و دەسەڵاتدارەکان. هەر لەم چیرۆکە ئینجیلییەشەوە دروشمی هەڵبژاردنەکەی وەرگرتووە و داوای "هەڵگەڕاندنەوەی مێزەکان" دەکات بە ڕووی سیستەمی سیاسی و ئابووریی باودا.

​ئەم وتارە ئایینییە بە ڕوانگەیەکی ئابووریی پۆپۆلیستییەوە بەستراوەتەوە. تالاریکۆ پێی وایە دابەشبوونی ڕاستەقینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان چەپ و ڕاستدا نییە، بەڵکو لە نێوان لوتکە و بنکەدایە؛ واتە لە نێوان چینی دەوڵەمەند کە دەستی بەسەر دەسەڵات و ساماندا گرتووە، لەگەڵ باقی کۆمەڵگە کە باجی سیاسەتە ئابوورییەکان دەدات. ئەم دیدگایە لە بەرنامەی کارەکەیدا ڕەنگدەداتەوە کە داوای زیادکردنی باج لەسەر ملیاردێرەکان و کۆمپانیا گەورەکان، بەرزکردنەوەی کەمترین کرێی کارکردن لەسەر ئاستی فیدراڵی بۆ ١٥ دۆلار لە کاتژمێرێکدا، و فراوانکردنی دەرفەتەکانی چاودێریی تەندروستی و خوێندنی پێشوەختە دەکات.

​لە بەرامبەردا، کین پاکستۆنی ڕکابەری کە لە هەڵبژاردنەکەدا تووشی شکست بوو، خوێندنەوەیەکی پێچەوانە دەخاتە ڕوو کە پشت بە پاراستنی بەها تەقلیدییە مەسیحییەکان، دژایەتیکردنی لەباربردنی کۆرپەلە و بەهێزکردنی پێگەی ئایین لە قوتابخانە و دامەزراوە گشتییەکاندا دەبەستێت. پاکستۆن خۆی وەک پارێزەری کۆمەڵگەی ئەمریکی لە بەرامبەر ئەوەی ناوی دەنێت "چەپی ڕادیکاڵ" وێنا دەکات، تەنانەت ڕزگاربوونی لە قەیرانە سیاسی و یاساییەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ چاودێریی ئیلاهی.

​ئەم دژبەرییە زیاتر قووڵ بووەوە بەهۆی ئەو دۆسیە و ئابڕووچوونانەی بەرۆکی پاکستۆنیان گرتبوو؛ لەوانەش تۆمەتی گەندەڵی کە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی ڕێکارەکانی لێسەندنەوەی متمانە بووەوە لە پۆستی داواکاری گشتیی ویلایەتەکە (هەرچەندە بە تاوانبارکردنی کۆتایی نەهات)، سەرباری تۆمەتەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی دەرەوەی هاوسەرگیری، کە وایکرد هاوسەرەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥ بە پاساوی ئایینی داوای جیابوونەوە بکات. ئەم کەیسانە بوونە بەشێک لە مشتومڕی تایبەت بە دژبەریی نێوان گوتاری ئەخلاقیی موحافزکارەکان و ڕەفتاری کەسایەتییە سیاسییەکانیان.

​تێکساس پشت لە کۆمارییەکان دەکات

​ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەهۆی مێژووی هەڵبژاردنەکانی تێکساسەوە بایەخێکی تایبەتی پەیدا کرد، چونکە لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە هیچ کاندیدێکی دیموکرات لەسەر ئاستی گشتیی ویلایەتەکە پۆستێکی نەبردووەتەوە، و دوایین سەرکەوتنی دیموکراتەکانیش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیران لەو ویلایەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨.

​هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی ٢٠٢٤دا بە جیاوازیی نزیکەی ١٤ خاڵی سەدی لەو ویلایەتەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەنجامی ئەم کێبڕکێیەی ئێستا پێشبینییەکانی کۆمارییەکانی تێپەڕاند.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ستراتیژییەکەی تالاریکۆ لەوانەیە لەسەر بنەمای گۆڕینی مەسیحییە موحافزکارەکان بۆ کەسانی پێشکەوتنخواز نەبێت، بەڵکو کار لەسەر بەدەستهێنانی دەستکەوتی سنووردار دەکات لەناو باوەڕدارە میانڕەوەکان و سەربەخۆکاندا، هاوتەریب لەگەڵ جۆشدانی دەنگدەرە تەقلیدییەکانی دیموکرات و مەسیحییە ڕەشپێست و لاتینییەکان.

​لەگەڵ ئەوەشدا، کاندیدەکەی دیموکراتەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی دیکە بووەوە، ئەویش ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو لە نێوان قەناعەتە پێشکەوتنخوازەکانی و پێداویستییەکانی سەرکەوتن لە ویلایەتێکی موحافزکاردا؛ بەو هۆیەوە لە ماوەی هەڵمەتەکەیدا هەندێک لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە بەشداریی ڕەگەزگۆڕاوەکان لە وەرزشی ژناندا نەرمتر کردەوە.

​لە جۆرجیاوە بۆ کانزاس؛ بڵاوبوونەوەی مۆدێلەکە

​سەرنجەکان لەسەر ئەزموونەکەی تالاریکۆن لە تێکساس بەهۆی گرنگیی ویلایەتەکە وەک قەڵای سەرەکیی پارتی کۆماری، بەڵام ئادەم هامیلتۆن نموونەیەکی هاوشێوە لە ویلایەتی کانزاس پێشکەش دەکات، کە لە ساڵی ١٩٣٢ـەوە هیچ ئەندامێکی دیموکراتی بۆ ئەنجومەنی پیران هەڵنەبژاردووە.

​هامیلتۆن تەنها سیاسەتمەدارێک نییە کە لە وتارەکانیدا ئایین بەکاربهێنێت، بەڵکو قەشەیەکی میسۆدییە و سەرکردایەتیی یەکێک لە گەورەترین کڵێسا میسۆدییەکان دەکات لە ئەمریکا کە کۆمەڵەکەی نزیکەی ٢٥ هەزار کەس لەخۆدەگرێت. ئەو لە ماوەی چەندین دەیەی کاری ئایینی و کۆمەڵایەتیدا پێگەی گشتیی خۆی بنیات ناوە، پێش ئەوەی بۆ یەکەمجار بچێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە لە دژی سیناتۆری کۆماری، ڕۆجەر مارشاڵ.

​هامیلتۆن لەو بڕوایەوە دەست پێدەکات کە بەها مەسیحییەکان وا دەخوازن گرنگی بە هەژاران بدرێت، ڕێز لە شکۆی مرۆڤ بگیرێت و لاوازەکان بپارێزرێن، بەڵام گوتارێکی میانڕەوتر لە تالاریکۆ پێشکەش دەکات و جەخت لەسەر پێویستیی هاریکاریی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان دەکاتەوە، هەروەها تێکەڵکردنی باوەڕی ئایینی و سەپاندنی عەقیدە بەسەر دەوڵەتدا ڕەت دەکاتەوە.

​سەرکەوتووترین نموونەی ئەم ڕەوتە تا ئێستا، سیناتۆری دیموکرات ڕافایێل وارنۆکە، کە قەشەی کڵێسای ئیبنیزەری باپتیستییە لە ئەتلانتا؛ ئەو کڵێسایەی لە ڕووی مێژووییەوە بەستراوەتەوە بە قەشە مارتن لوسەر کینگ، یەکێک لە دیارترین هێماکانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا.

​وارنۆک توانی لە ساڵی ٢٠٢١ کورسیی ئەنجومەنی پیرانی جۆرجیا بباتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە هەڵبژێردرایەوە، بە پشتبەستن بە تێکەڵەیەک لە گوتاری ئایینی و بیرۆکە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان، بەتایبەتی فراوانکردنی بیمەی تەندروستی و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزی.

​لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، وارنۆک ڕەخنەی لە پارتی دیموکرات گرت بەهۆی چۆڵکردنی گۆڕەپانی ئایین و بەهاکان لە گوتاری گشتیدا و جێهێشتنی بۆ ڕەوتی ڕاستڕەو، و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئیمان ببێتە ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی کۆمەڵایەتی، نەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ئەوانی دیکەدا.

​لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سێ کاندیدە یەک قاڵبی دیاریکراو بۆ مەسیحییەتی پێشکەوتنخواز پێشکەش ناکەن؛ ئەزموونەکەی وارنۆک پشت بە نەریتی کڵێسای ڕەشپێستەکان و بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان دەبەستێت، لە کاتێکدا هامیلتۆن قورسایی خۆی لە تۆڕێکی ئایینیی بەرفراوان و گوتارێکی میانڕەو وەردەگرێت، هەرچی تالاریکۆیە پشت بە سەرنجڕاکێشیی نەوەیەکی نوێ دەبەستێت کە تیۆلۆژیای پێشکەوتنخواز و پۆپۆلیزمی ئابووری ئاوێتە دەکات.

​گەڕانەوەی نەریتێکی دێرین بۆ گۆڕەپانەکە

​تالاریکۆ، وارنۆک و هامیلتۆن داهێنانێکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکیدا نین، هێندەی ئەوەی زیندووکردنەوەی نەریتێکی مێژوویین کە لە بەرامبەر هەڵکشانی ڕاستڕەوی ئایینیدا پاشەکشەی کردبوو.

​لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەناو پرۆتستانتیی ئەمریکیدا بزووتنەوەی "ئینجیلی کۆمەڵایەتی" سەریهەڵدا، کە پێی وابوو نابێت مەسیحییەت تەنها بە ڕزگارکردنی تاکەکانەوە سەرقاڵ بێت، بەڵکو دەبێت هەوڵی چاکسازیی لەو پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەدا بدات کە هەژاری و چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنن.

​واڵتەر ڕاوشنبوش، زانای لاهوتیی باپتیستی، یەکێک بوو لە دیارترین تیۆریستەکانی ئەم ئاراستەیە؛ ئەو داوای دەکرد مامەڵە لەگەڵ هەژاری و ستەمی چینایەتیدا بکرێت وەک پرسی ئەخلاقی و ئایینی، و پەیامی مەسیحییەتی بەستەوە بە باشترکردنی دۆخی کرێکاران و کەمکردنەوەی جیاوازیی ئابووری.

​ئەم نەریتە درێژبووەوە بۆ هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتیی قەشە جێسی جاکسۆن لە ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٨، کاتێک هەوڵیدا "هاوپەیمانیی پەلکەزێڕینە" بنیات بنێت بۆ کۆکردنەوەی ئەمریکییە ڕەشپێستەکان، کرێکاران، جووتیاران، کەمینەکان و هەژاران لە پڕۆژەیەکی سیاسیی پێشکەوتنخوازی فراواندا. لە دەیەکانی ڕابردووشدا، قەشە ویلیام باربەری دووەم وەک یەکێک لە دیارترین نوێنەرانی ئەم ڕەوتە دەرکەوت، بەتایبەتی لە ڕێگەی خۆپیشاندانەکانی "دووشەممەی ئەخلاقی" لە کارۆلاینای باکوور دژی دەرکردنی یاسایەک لەلایەن ویلایەتەکەوە کە کۆت و بەندی دەخستە سەر پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا.

​دیموکراتە مەسیحییەکان و هاوکێشەی دەنگەکان

​داتاکانی سەنتەری "پیو" بۆ توێژینەوە قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە دەردەخەن کە ڕووبەڕووی ئەم ستراتیژییە دەبێتەوە. لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی ٢٠٢٤دا، ٨١٪ی پرۆتستانتە ئینجیلییە سپیپێستەکان دەنگیان بە ترەمپ داوە، لە کاتێکدا ٥٨٪ی پرۆتستانتە سپیپێستە نائینجیلییەکان پشتگیرییان کردووە.

​ئەم جیاوازییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە گرنگترین دەرفەت بۆ دیموکراتەکان مەرج نییە لە ڕاکێشانی زۆرینەی بنکە جەماوەرییە ئینجیلییە سپیپێستەکەدا بێت، بەڵکو لە گەیشتندایە بە مەسیحییە میانڕەو و دوودڵەکان، و کاراکردنەوەی ئەو توێژە دەنگدەرە ئاییندارانەی کە هەست بە بێزاری دەکەن لە گوتاری جەمسەرگیری و دژایەتیکردنی کۆچبەران.

​بێڵ ماکیبن، دامەزرێنەری بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی "بەشی سێیەم"، پێی وایە گرنگترین گۆڕانکاریی سیاسی لەناو پارتی دیموکراتی ئەمریکادا لەوانەیە هەڵکشانی سۆسیالیزمی دیموکراتی نەبێت، بەڵکو گەڕانەوەی مەسیحییەتی پێشکەوتنخواز بێت بۆ ناو کایەی سیاسی دوای چەندین دەیە لە قۆرخکردنی گوتاری ئایینی لەلایەن ڕاستڕەوی ئینجیلییەوە.

​ماکیبن لە وتارێکدا لە گۆڤاری "زە نیویۆرکەر" جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەڕانەوەی پیاوانی ئایینیی پێشکەوتنخواز بۆ ناو سیاسەت، کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی مەسیحی و سیاسەتەکانی ترەمپ بە هەمان ئاستی کاریگەریی هەڵکشانی چەپی سۆسیالیستی، هەروەها زیندووکردنەوەی ڕەوتی سەرەکیی ناو پرۆتستانتیی ئەمریکییە کە تا ناوەڕاستی شەستەکان و پێش هەڵکشانی ئینجیلییەکان باڵادەست بوو.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×