حکومەتی عێراق و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بە فەرمی سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی نەناسراوەوە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی و بەئامانجگرتنی دوو سەرکردەی دیاری شیعە لە سنووری پارێزگای دیالە دەکەن.
ئاوێنە: ئەم کاردانەوە فەرمییەی بەغدا دوای ئەوە هات، کەمێک لەمەوبەر بەشێک لە میدیا عێراقییەکان زانیاریی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە فڕۆکەی جەنگیی نەناسراو بەربەستی ئاسمانیی عێراقیان بڕیوە و لە سنووری پارێزگای دیالە بۆردومانی بارەگاکانی دەستەی حەشدی شەعبییان کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییە ناڕاست و پشتڕاستنەکراوانەی لە میدیاکاندا بڵاوکرابوونەوە، هێرشەکە بە دیاریکراوی بارەگاکانی هەردوو "لیوای ٦٢ی سەر بە هادی عامری" و "لیوای ١٢ی بزووتنەوەی نوجەبا"ی لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کردووەتە ئامانج. هاوکات لە دەنگۆکاندا ئاماژە بەوەشکرابوو کە لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا، هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کراوەتە ئامانج و تاڵب ئەلموس، کە یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی، بە سەختی بریندار بووە.
لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەدا، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا تەواوی ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند: "تەواوی ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هەر جۆرە بەئامانجگرتن یان بۆردومانێکی ئاسمانی لە پارێزگای دیالە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی یاسایی و مەیدانییان نییە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان جەخت لە جێگیری و ئارامیی تەواوەتیی دۆخی پارێزگای دیالە دەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەدەن، هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سەرجەم پێگە و بارەگاکانی خۆیاندا بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەربازییەکانیان بەردەوامن.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکاندا، لایەنە ئەمنییەکانی عێراق هۆشداریی توند دەدەنە دەزگا میدیاییەکان کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما بپارێزن و نەکەونە داوی شەڕی دەروونییەوە، کە بە وتەی ئەوان ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی و دروستکردنی شڵەژانی سیاسییە لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا.