هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، تێگەیشتنێکی دروست بۆ چەمکی "ئینتێگراسیۆن" (تێکەڵاوبوونی دیموکراتیک) دروست نەبووە و دان بەوەشدا دەنێت کە بەشێک لەو کەمتەرخەمییە لە ئەستۆی خۆیانە کە نەیانتوانیوە بەباشی بیناسێنن. جەختیش دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکیان لە ڕێبازی خۆیاندا نەکردووە و داوای فیدراڵیزم و ستاتۆی تایبەت بۆ کورد لە ئێراندا دەکەن.
ئاوێنە: ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی حزبەکەی، تیشکی خستە سەر چەمکی "ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک" یاخود تێکەڵاوکردنی گەلی کورد لە ئێراندا؛ چەمکێک کە پژاک وەک پڕۆژەی سیاسی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵام لەلایەن حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕەت دەکرێتەوە.
دانپێدانان بە کەمتەرخەمی لە شیکردنەوەی چەمکەکەدا
لە بارەی کاردانەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە، ئەمیر کەریمی وتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە تێگەیشتنێکی زۆر باش لەسەر ئەو چەمکە دروست نەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە خەتای خۆمانی تێدا نەبێت، بەڵکو دەبوو ئێمە زۆرتر ئەو چەمکەمان بناساندایە."
ناوبراو لە پێناسەکردنی (ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک)دا ڕوونیکردەوە، کە ئەو چەمکە ڕەوتێکە باس لە دابەشکردنی دەسەڵات، بەهێزکردن، خۆبەڕێوەبردن و پشکی گەلی کورد لە سیستمی داهاتوودا دەکات و هەموو ئەو بنەمایانە پێکەوە دەبەستێتەوە.
کەریمی ئاماژەی بەوەش کرد، چەمکەکە وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە چۆن گەلی کورد لە ئێراندا هەم خاوەن ستاتۆ (پێگەی فەرمی) و هەم خاوەن ڕۆڵ دەبێت. وتیشی: "ئەمە دەبێتە گەرەنتی و پەسەندکردنی ئەوەی کە چ سیستمێکی یاسایی و سیاسی لە داهاتووی ئێراندا جێگیر دەبێت، بە جۆرێک کە کورد خۆی لە دروستکردن و بنیاتنانی ئەو سیستمەدا بەشدار و خاوەن ڕۆڵ بێت، نەک ئەوەی تەنیا بانگهێشت بکرێت بۆ ناو سیستمێکی ئامادەکراو."
"گۆڕانکاریمان نەکردووە و فیدراڵیزممان دەوێت"
هاوسەرۆکی پژاک ڕەتیکردەوە گۆڕانکارییان لە ستراتیژی خۆیاندا کردبێت و ڕایگەیاند: "ڕێبازی چارەسەریی مەسەلەکەمان پێشتر دیاری کردووە و هیچ گۆڕانکارییەکمان لەو ڕێبازەدا نەکردووە. بەدیاریکراوی ستاتۆمان بۆ گەلی کورد دەوێت لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدراڵدا، کە تێیدا کورد فیدراڵیزم و سیستمی تایبەت بە خۆی هەبێت."
لە کۆنفیدراڵیزمەوە بۆ فیدراڵیزمی ورد؛ هۆشداری لە مەترسییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەمیر کەریمی شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لە دیدگای حزبەکەیەوە خستە ڕوو و وتی: "بە باوەڕی ئێمە دەبێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەبێت کە لە ڕێگەی بەڕێوەبەریی خۆجێیی و بە دیموکراسیی بەشداربوون، یان دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێت. ئەمە هەمان ئەو چەمکەیە کە واتا دەبەخشێتە فیدراڵیزمەکە و پێشتر بە ناوی کۆنفیدراڵیزم دەمانناساند؛ واتە فیدراڵیزمێک کە هەموو وردەکارییەکی تێدا ڕەچاو کرابێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هاوسەرۆکی پژاک هۆشداریی دا لە پەراوێزخستنی ڕۆڵی کورد لە ناوەند و جەختی کردەوە: "ئەگەر کورد بەشداری سیستم نەبێت و بۆ خۆی دەستی لە داڕشتنی سیستمدا نەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر گەورە دەبێتەوە."