په‌روین بوڵدان: شوێنه‌ نوێیه‌كه‌ی ئۆجه‌لان هه‌ر له‌ناو زیندانی ئیمرالیدایه‌
  2026-11-01     

په‌روین بولدان، ئه‌ندامی شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان نه‌گواستراوه‌ته‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندان و ئه‌و شوێنه‌ نوێیه‌ش كه‌ پێی دراوه‌ هه‌ر له‌ناو زیندانی ئیمرالیدایه‌. ده‌شڵێت، هه‌رچه‌ند شوێنه‌ نوێیه‌كه‌ هه‌لومه‌رجی كاركردنی تێدایه‌، بەڵام ئەمە بە مانای پێگەدان به‌ ئۆجه‌لان نییە.

ئاوێنه‌: په‌روین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ لە کۆنفرانسی "ژن پێکەوە لەسەر ئایندە دەدوێن" لە ئەنقەرە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو باسوخواسەنە کرد کە سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆجه‌لان بۆ شوێنێکی جیاواز لە ئیمراڵی بڵاوبونەتەوە.

پەروین بوڵدان لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، ئۆجه‌لانیان لە زیندان نەهێناوەتە دەرەوە، بەڵکو بەشە نوێیەکەش لەناو سنورەکانی زیندانی ئیمرالیدایه‌.

پەروین بوڵدان لە درێژەدا وتی "ئەم شوێنە نوێیە بەشێکە لە زیندان و لە دەرەوەی زیندان نییە؛ لە ناو زیندانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوێ. ئەگەر مرۆڤ پێی بڵێت تەنیا شوێنێکە کە مەرجەکانی کارکردنی تێدا ئامادە کراوە، ڕاستتر دەبێت."

وتیشی" پرسی پێگە بابەتێک نییە کە تەنیا بە گواستنەوەی بەڕێز ئۆجه‌لان بۆ ئەو شوێنە کۆتایی بێت. بەڕێز ئۆجه‌لان ئێستا چاوەڕوانە وەک ڕێکخەری دەستەی 'ئاشتی و سیاسیبون' کار بکات."

بوڵدان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"بەڕێز ئۆجالان وتی 'من دەمەوێت وەک ڕێکخەری ئاشتی و سیاسیبون هاوکاریی ئەم پرۆسەیە بکەم'، بەڵام ئەم پێناسەیە هێشتا نەکراوە. بەڕێز باخچەلی کاتێک ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد باسی لە 'مافی هیوا' کرد، بەڵام ئێستا هیچ قسەیەک لەسەر 'مافی هیوا' ناکرێت. بەڕێز باخچەلی هەروەها لە سەرەتای پرۆسەکەدا وتی 'با ئۆجه‌لان بێت لەسەر کورسیی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات'، ئێستا ئەمەش بە چاولێکەریش باسی لێوە ناکرێت."

پەروین بوڵدان جەختی کردەوە کە گۆڕینی شوێنی ئۆجه‌لان بە مانای پێدانی پێگەیەک و گۆڕانی دۆخی نییە و وتیشی: "لە سەرەتاوە بەڕێز ئۆجه‌لان دەڵێت دەیەوێت لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا چاوپێکەوتن بکات. ئاماژەی بەوە کردوە کە دەیەوێت لەگەڵ دامەزراوەکانی ژنان، ڕۆژنامەنوسان و ئەکادیمیستاندا کۆببێتەوە. بەڵام ماوەی دو ساڵە ئەمە بەدی نەهاتوە. تەنیا شاندێکی سیاسی دەچێت، ئێمە دەچین. ئەمەش بۆ به‌ره‌وپێشچونی پرۆسەکە بەس نییە، لەبەرئەوە دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×