ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، شاندی دانوسـتاندنکاری ئێران بۆ بەردەوامیدان بەو گفتوگۆیانەی ڕۆژی هەینی لە تاران لەگەڵ ناوبژیوانە قەتەرییەکان ئەنجامیان داوە، ئێستا لە دەوحەن.
ئاوێنە: پێشتر، ماڵپەڕی "ئەکسـیۆس" لەزاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاویکردبووەوە، یەک ڕۆژ دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران و ناوبژیوانە قەتەرییەکان بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر لە تاران گفتوگۆیان کردبوو، بڕیارە بە بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان ڕۆژی شەممەش لە دەوحە بەردەوام بن.
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتەی ئەکسیۆس، ڕۆژنامەی قەتەری "العربی الجدید"ـیش لەزاری سەرچاوەکانی نزیک لە ناوبژیوانەکان ڕایگەیاند، شاندێکی ئەمریکییش بۆ"دانوسـتاندنی ڕاستەوخۆ" لەگەڵ ئێران دەچێتە دەوحە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی "تسنیم"ـیش دەڵێت، شاندی ئێران گەشتی بۆ دەوحەی کردووە؛ بەڵام ئەم ئاژانسە ڕاپۆرت دەدات کە ئەم شاندە هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمریکا ناکات و تەنها ئامانجی پێشخستنی گفتوگۆکان لەگەڵ قەتەرە.