کەسوکاری (ئارام ئیمامی)، ئەو گەنجەی دوێنێ لە قەزای شارەزوور بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، وردەکاریی ڕووداوەکە و هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکەیان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، ڕووداوەکە پاشماوەی کێشەیەکی کۆن بووە لەسەر مامەڵەیەکی ٣٠٠ دۆلاری.
ئاوێنە: بە وتەی خانەوادەکەی، لە ڕابردوودا لەسەر ئەو بڕە پارەیە چەند جارێک ڕێگری لە کوڕەکەیان کراوە و لە یەکێک لە گرژییەکاندا کە چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەری، ئارام یەکێکیانی بریندار کردووە. بەهۆی ئەو ڕووداوەشەوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی سزاکەی، ئازاد کراوە.
کەسوکارەکەی ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کوڕەکەیان سزای یاسایی خۆی تەواو کردبوو، بەڵام دوێنێ لە یەکێک لە چایخانەکانی شارەزوور بەهۆی هەمان کێشەی کۆنەوە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە و کوژراوە.
لە کۆتاییدا خانەوادەی قوربانییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ڕێگرییان لە گەنجەکانیان کردووە پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە ببەن، تاوەکو یاسا سەروەر بێت و بکوژەکە دەستگیر بکرێت و بە سزای یاسایی خۆی بگات.