بانکی ناوەندیی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ بڕە پارەیەکی نوێی چاپکردبێت و رایدەگەیەنێت، رێژەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و بازاڕی ئازاد بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمان، میکانیزمەکانی پێدانی قەرزی بچووک بە هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار لەسەر بازاڕ تاوتوێ کران.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندێکی لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ناهیدە داینی، سەردانی بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە و لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکەکە کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە چاپکردنی دراوی نەختینە دەکەن و جەختی کردەوە کە "هیچ جۆرە چاپکردنێکی دراو بوونی نییە و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە".
سەبارەت بە بەهای دۆلاریش، پارێزگاری بانکی ناوەندی روونیکردەوە کە لە رابردوودا جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی بازاڕی ئازاد دەگەیشتە 24%، بەڵام لە ئێستادا ئەو جیاوازییە بۆ 9% دابەزیوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی پەرلەمان، گفتوگۆکردن بووە لەسەر لێکەوتەکانی گۆڕانکاریی بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووری و کەرتی وەبەرهێنان، هەروەها تاوتوێکردنی ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی رووبەڕووی وەبەرهێنەران و کۆمەڵگە خۆجێییەکان دەبنەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، بانکی ناوەندی هەنگاوەکانی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی عێراق خستەڕوو، کە دیارترینیان بریتییە لە پشتگیریکردنی سەرجەم بانکە حکوومی و تایبەتەکان بە مەبەستی دابینکردنی قەرزی ئاسانکراو بۆ هاووڵاتییان، کە بڕەکەی لە نێوان 5 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دیناردایە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان چەند داواکاری و خاڵێکی سەرەکییان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری خستەڕوو، لەوانە:
کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار لەسەر تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و نرخی کاڵا سەرەتاییەکان.
پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و توانای کڕینی هاووڵاتییان لە رێگەی دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییە نەقدییەکان و چالاکییە ئابوورییەکان.
بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان بانکی ناوەندی، لایەنە حکومییەکان و کەرتی بانکی بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەران و ئاسانکردنی رێکارە داراییەکان، بە جۆرێک بەردەوامیی پڕۆژەکان مسۆگەر بکرێت و بارگرانی نەخرێتە سەر شانی هاووڵاتییان.
لیژنە پەرلەمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەقامگیریی سیاسەتی نەختینە و روونیی رێکارە بانکییەکان بنەمای سەرەکین بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان. هاوکات ئەندامانی لیژنەکە دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆسیە ئابوورییە لەپێشینەکان و کار دەکەن بۆ دەرکردنی راسپاردەی کردەیی، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی.