ئەحمەد بانیخێڵانی، سەرکردەیەکی شیوعیی ڕاستگۆ لەگەڵ ئامانج و بایەخەکانی خۆی و حیزبەکەی
  2026-10-28     

قادر وریا

 

چەندین ساڵ بوو ناوی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانیم بیستبوو، بە تایبەتی کە کتێبی بیرەوەرییەکانیشی چاپ ببوو و لێر و لەوێ چاوم بە بەرگەکەی دەکەوت. دەمزانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی یەک لە سەرکردە کوردەکان و سیما دیارەکانی حیزبی شیوعیی عێراقە، بەڵام ھیچ کات ھەوڵم نەدابوو کتێبی بیرەوەرییەکانی بخوێنمەوە.


حەوتووی ڕابردوو کە لە کاناڵی تێلگرامیی "پەرتووکی دەنگی" بۆ کتێبێکی دڵخواز دەگەڕام تا بۆ گوێلێگرتن ھەڵی بژێرم،  چاوم بە کتێبی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی کەوت. ھەم فایلی پی دی ئێفی  کتێبەکە لەوێ ھەبوو، ھەم فایلە دەنگییەکانی کە ١٥ فایل بوون. بە خۆمم وت ھەتا کەنگێ درێژە بە پشتگوێخستنی ئەم کتێبە بدەم، کات بۆ ئاگاداربوون و تێگەیشتن لە نێوەرۆکی ئەم کتێبە لە ئێستا گونجاوتر نابێ.
بەھۆی خوێندنەوەی کتێبی "بیرەوەرییەکانم"ی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی، جگە لەوەی ئاگاداری ژیان و ڕابردووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی نووسەرەکەی بووم و کەسایەتییەکەیم ناسی، زانیاری و بەرچاوڕوونیم لە بارەی کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگ دەست کەوت. خەباتی جووتیاران لە باشووری کوردستان و ڕۆڵی حیزبی شیوعیی عێراق لە پشتگیری و ڕێکخستنی ئەو خەباتەدا یەک لەوبابەتانە بوو. مەلا ئەحمەدیش یەک لە سیما دیارەکانی ڕێبەریی کردنی ئەو خەباتە لە ناوچەکەیان (دەربەندیخان و وارماوا و ...ھتد)دا بووە.
بابەتێکی تر کە ھەر لە کۆنەوە دەمھەویست زیاتری لەسەر بزانم ململانێی نێوان پارتی دیموکرات و حیزبی شیوعی لە دەیەکانی پەنجا و شێست و حەفتای زایینیدا، ھاوپەیمانیی نێوان حیزبی شیوعیی عێراق و حیزبی بەعس بوو. مەلا ئەحمەد لەم بارەیەشەوە بەرچاوڕوونییەکی باش بە خوێنەری بیرەوەرییەکانی دەدا.
من لە ماوەی زیاتر لە ٤٥ ساڵ تێکۆشانم لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا ئەوەی لە سەر پێوەندیی حیزبی شیوعی و حیزبی دیموکرات لە ڕێبەران و سیما دیارەکانی حیزبەکەمم بیستوومە یان لە بیرەوەرییەکانیاندا خوێندوومەوە، نەک ھەر ئاماژەیان بە خاڵێکی ڕەش یان ڕووداوێک و ھەڵوێستێکی نەخوازراوی دژ بە حیزبی دیموکرات لە مێژووی ئەو پێوەندییەدا نەکردووە، ھەموو کات بە ئەرێنی و پێزانیینەوە، لێی دواون. دەتوانم بڵێم حیزبی شیوعی بە بەراورد لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی باشووری کوردستان، ھەمبەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خاوێنترین مێژووی ھەیە. مێژووییەک پڕ لە  نیازپاکی، دۆستایەتی و  ھاوکاری. مەلا ئەحمەد لە ڕەوتی باسکردن لە دیدار و جاوپێکەوتنی ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات لە سەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، ھەر تەنیا ئاماژە بە ھەڵوێستی دۆستانە و ھاوسۆزانەی خۆی و حیزبەکەی ناکات، بەڵکوو شایەدی بۆ سیاسەت و ھەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە، پێشکەوتنخوازانە و بەرپرسانەی ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو حیزبە دەدا. ئەو کاتەی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی گەرمێن،  تەنگ بە شۆڕشگێران و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ھەڵدەچنێ، ئەوە کادیران و ڕێکخراوەکانی حیزبی شیوعی بوون کە جێگای متمانەیان بوون، بە ھاواریانەوە ھاتوون، پاراستوویانن و بە نھێنی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕەتیان کردوون.
  بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد لە بارەی ڕووداوەکانی دوای سەرکەوتنی شۆرشی ١٩٧٩ی ئێرانیش بۆ منێکی ڕۆژھەڵاتی و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان جێگای ھەڵوێستە لەسەر کردنن. بانیخێڵانی لە ھیچ کوێ دانی خێر بە سیاسەت و ھەڵوێستی حیزبی توودە ھەمبەر جوولانەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران دوای ھاتنەسەرکاری ڕێژیمی خومەینی دانانێت. کیانووریی باش ناسیوە و وەک کەسێک دەیناسێنێ کە ڕۆڵێکی خراپی لە داڕشتنی ئەو سیاسەت و ھەڵوێستانەدا ھەبووە. لەدوای دەرھاتنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی لە شنۆ کە سەرکردایەتیی کاتی(قیادەی مووەققەت)ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردی بە بیانووی شەڕ لەگەڵ حیزبی دیموکرات، مەلا ئەحمەد و حیزبەکەی ھەوڵی نێوبژیوانی لە نێوان ئەو دوو لایەنەیان داوە. مەلا ئەحمەد ھەر ئەو کاتیش پێی وابووە کە ئەم کارە، کاری حیزبی دیموکرات نییە و ئەمە پیلانێکی ڕیژیمی ئێران بووە بۆ ئەوەی پارتی دیموکرات تووشی شەڕ لەگەڵ حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکا.
لە کتێبی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانیدا شەڕی ئێران و عێراق و ھەڵوێستی ئەم حیزبە لە سەر ئەو شەڕە،  چاوەڕوانیی ڕێژیمی ئێران لە حیزب و ڕێکخراوەکانی عێراق و باشووری کوردستان و نەبوونی پێوەندیی نێوان حیزبی شیوعی و ئەو ڕێژیمە سەبارەت بە نەچوونە ژێرباری ئەو چاوەڕوانییانە، پێکھاتنی بەرەکانی جود و جوقد، کێشە و ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و پشکی حیزبی شیوعی لەواندا، بە تایبەتی تێکھەڵچوونەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەم حیزبە، شەڕی پشتئاشان و بە دیلگیرانی خودی مەلا ئەحمەد و کەریم ئەحمەد لە لایەن یەکێتیی نیشتمانییەوە لەو شەڕەدا، ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حیزبی شیوعی و  جۆری کەسایەتیی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئەو حیزبە بە تایبەتی بەھائەدین نووری، تیشکیان خراوەتە سەر و خوێنەر سوود لە خوێندنەوەیان دەبینێ.
 داوەریی من لە بارەی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی بە پارێزەوەیە. چونکە زانیاریی تەواوم لەسەر زۆربەی ئەو ڕووداو و بابەتانە نییە کە ئەو لێیان دواوە. کەسانی شارەزا لەو مێژووە و ئاگادار لە پەنا و پەسیو و گۆشە و کەلێنە ناڕوونەکانی زۆر باشتر لە من دەتوانن ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام بە ھەڵسەنگاندنی خۆم  بانیخێڵانی ھەوڵی داوە لەسەر کەسەکان و ڕووداوەکان ڕاستگۆیانە  بدوێ و بە ئەمانەتەوە باسیان بکا. لەسەر شەخسی خۆشی، بە ھۆی بیرەوەرییەکانی بۆم دەرکەوت کە مرۆڤێکی تێکۆشەر و سەرکردەیەکی لێھاتووە  بووە کە ھەر لە  سەرەتای لاوەتییەوە ژیانی خۆی بەکردەوە بۆ تێکۆشان و خەبات لە پێناوی دادپەروەری و نەھێشتنی ستەم و چەوسانەوە لە کۆمەڵدا تەرخان کردووە و ھیچ کێشە ومەترسییەک، ھەر لە بەندیخانە و دوورخراوەیی تا گیان لەدەستدانی ھاوسەر و کوڕەکەی لە کۆڕی تێکۆشاندا، لە خەبات ساردیان نەکردووەتەوە. ئەو نموونەی ڕاستگۆیی و پابەندی بە ئامانج و بایەخەکانی خۆی و حیزبەکەی بووە. بۆیە لەمەودوا پشت ئەستوور بەم ناسیاوییەم بە ڕێزەوە یڵدی دەکەمەوە و خوێندنەوە و گوێلێگرتنی بیرەوەرییەکانی، بە دۆستان و ناسیاوانم پێشنیاز دەکەم.

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
مەترسی گەورە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ئەمساڵ ئاشکرا دەکرێت و نەوتفرۆشتن دەبێت بە 'دەبە'
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×