پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
  2026-10-27     

پاش ئەوەی دوێنێ دووشەممە لە کاتی گەڕانەوەی کاروانێکی ئاوارە کوردەکان بۆ زێدی خۆیان لە شارۆچکەی گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرش کرایە سەریان و ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێنران، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) هاتە دەنگ و داوا لە مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا و حکومەتی دیمەشق دەکات بەپەلە بەرپرسیارێتییەکانی سەر شانیان جێبەجێ بکەن. پەیەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بە تەواوی پێچەوانەی بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ڕابردوون کە لەگەڵ دیمەشقدا واژۆ کراوە.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دوێنێ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تایبەت بۆ (شارپرێس) نێردراون، دەردەکەوێت کاتێک ژمارەیەک لە خێزانە ئاوارە کوردەکان دەگەنەوە ناو شارۆچکەی گرێ سپی و هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەدەن، ڕووبەڕووی هێرش و توندوتیژی دەبنەوە.

​لە کاردانەوەیەکی خێرادا بەرامبەر ئەو ڕووداوە، لیژنەی ئاوارەکانی شارۆچکەی سەرێکانی لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١٠٠ خێزانی کورد لەناو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی قەزای گرێ سپیدا گیریان خواردووە. لیژنەکە داوای لە دەسەڵاتداران کرد بە کتوپڕی دەستوەردان بکەن بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گیانی ئەو خێزانانە. هاوکات پاش ئاڵۆزییەکان، میدیا خۆجێییەکان بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە مەبەستی هاوکاریکردن و ڕزگارکردنی ئەو خێزانە گیراوانە، ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.

​لەلای خۆیەوە، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای هەڵوێستی کردەیی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە داوا لە بەڕێز مەزڵوم عەبدی، پارێزگاری ڕەققە و سەرجەم بەرپرسانی پەیوەندیدار لەناو حکومەتی سوریا دەکەین کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و نیشتمانییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. داوایان لێ دەکەین ڕێکاری پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بگرنەبەر، لایەنی بەرپرس ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکەنەوە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کار بکەن بۆ پاراستنی خێزانە کوردەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و مافەکانیان."

​پەیەدە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی ڕەهای خۆی بۆ زیانلێکەوتووان و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بە داکۆکیکردن لە مافەکانیان، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی کرد کە ئەرکی سەرەکیی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و بەکەرامەت بێت بۆ ئاوارەکان. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو پێشێلکارییانە سزا بدرێن و هاتووە: "گرێ سپی زەوییەکی بێخاوەن نییە؛ نابێت دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ڕووبەڕووی پێشێلکاریی سەپێندراو ببنەوە، یان لە مافە شەرعییەکانیان لەسەر خاک، موڵک و ماڵ و ناسنامەی خۆیان بێبەش بکرێن."

​ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پەیەدە لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە ماوەی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا پارتی فەرمانڕەوا بوو، و مەزڵوم عەبدیش وەک فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) باڵاترین هێزی سەربازیی ناوچەکەی بەڕێوە دەبرد. بەڵام لە مانگی کانونی دووەمی ڕابردوودا و لەپاش هێرشی سەربازیی سوپای سوریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە بووە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری، دیمەشق و هەسەدەی هەڵوەشاوە گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی سوریادا.

​خاڵێکی جەوهەریی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییە بریتی بوو لە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە ناوخۆییەکان، بەتایبەت ئەو هاوڵاتییە مەدەنییە کوردانەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیادا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لە ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی ئاوارە ببوون. هەر بۆیە پەیەدە پێی وایە ئەم توندوتیژییە کتوپڕانەی ئێستا، بە تەواوی پێچەوانەی بەندە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەکەن کە جەختی لەسەر گەڕانەوەی ئارام و بەکەرامەتی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کردبووەوە.

​گرفتی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان پێشینەی هەیە؛ لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ڕەزامەندیی فەرمیی دەربڕیبوو لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان. سەرەڕای ئەوەش، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، دوای ئەوەی کاروانێکی زیاتر لە ٤٠٠ خێزانی لە کەمپی ئاوارەکانی حەسەکەوە بەرەو سەرێکانی (ڕەسولعەین) بەڕێ کەوتن، گرتە ڤیدیۆییەکان دەریانخست کە لەلایەن چەکدارانەوە هێرش دەکرێتە سەر گەڕاوەکان. ئەو ڕووداوە وایکرد لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی بە شێوەیەکی کاتی کاروانەکانی گەڕانەوە ڕابگرێت، تا ئەو کاتەی گەرەنتیی تەواو بۆ پاراستنی گیانی خێزانە ئاوارەکان دابین دەکرێت.

زۆرترین بینراو
كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری عێراقی: زیادكرنی پشكی هه‌رێم به‌بێ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌
لە سلێمانییەوە؛ ئیلهام ئەحمەد نەخشەڕێگە و مەرجەکانی ڕۆژاڤای بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا کرد
راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئێران و توركیاو پاكستان و سعودیه‌
بەغدا و یەبەشە ڕێککەوتن؛ زیاتر لە ٤ هەزار شەڕڤان دەخرێنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکاتەوە
سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکرایەوە
لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان؛ ژمارەیەک لە ئاوارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی رووبەڕووی هێرش دەبنەوە
"زیاتر له‌ 100 خێزانی كوردی گه‌مارۆدراو له‌ناو باڵه‌خانه‌ی ئیداره‌ی گرێ سپی گوازرانه‌وه‌ بۆ شوێنێكی پارێزراو"
لووتکەی ئەمنیی تاران؛ بەرپرسانی باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیا لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران کۆدەبنەوە
"به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم ده‌كرێت له‌ 2027 بگاته‌ 350 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×