ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژاڤای کوردستان، پاکێجی مەرجەکانی ئیدارەی خۆسەری بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا خستەڕوو، کە خۆی لە چەسپاندنی سیستەمی لامەرکەزی، بەدەستووریکردنی زمانی کوردی، و پاراستنی پێکهاتەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی سوپای ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە زانکۆی سلێمانی، ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر پێگەی کورد لە داهاتووی سوریادا و ڕایگەیاند، گەلی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان لە ڕێگەی قوربانیدان و فیداکارییەکانییەوە توانیویەتی بوونی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بسەلمێنێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە دەوڵەتی سوریا بە فەرمی دان بەو ناسنامەیەدا بنێت، کە لە قۆناغەکانی مێژوودا و لەسەر دەستی حوکمی بەعس لە کورد سەندرابووەوە.
سەبارەت بە چوارچێوەی جوگرافیی داواکارییەکانیان، ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژاڤای کوردستان ڕوونیکردەوە کە پرسی مافەکانی کورد تەنها لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قەتیس ناکرێت، بەڵکو پێویستە مافی سەرجەم ئەو هاووڵاتییە کوردانەش گەرەنتی بکرێت کە لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، حەما و لازقیە نیشتەجێن. بە وتەی ناوبراو، ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و هەموارکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنی سەردەمی بەعسەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا کە تایبەت بوو بە شێوازی حوکمڕانی و دابەشکردنی دەسەڵات، ئیلهام ئەحمەد پێداگری لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزی بۆ دەوڵەت و پاراستنی ڕۆڵی پێشەنگیی ژنان لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا کردەوە. هاوکات داوای کرد کورد بەگوێرەی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی، کە بە ڕێژەی نێوان ٢٠% بۆ ٢٥% مەزەندەی کرد، لە پەرلەمان، وەزارەتەکان، باڵیۆزخانەکان و کۆمیتەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێی سوریادا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لە زانکۆی سلێمانی، ئیلهام ئەحمەد هەڵوێستی خۆیانی لەبارەی چۆنیەتیی گەڕانەوە بۆ ناو چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا و پرسی زمان بەم شێوەیە دەربڕی:
"ئێمە دەمانەوێت تێکەڵ بە سیستەمی گشتیی سوریا ببینەوە بە مەرجی پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندییەکانمان، نەک بتوێینەوە و بچینەوە ژێر دەسەڵاتی تاکڕەویی ناوەندیی دیمەشق؛ هەروەها پێشنیازی دیمەشق بۆ تەنها ٢ سەعات خوێندنی زمانی کوردی وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە بە توندی ڕەتدەکەینەوە و بە سوکایەتیکردن بە مافەکانمانی دەزانین."
ئەم لێدوانانەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە، کە دۆسیەی تێکەڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢دا دامەزرا، و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک باڵی سەربازیی ناوچەکە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان توانییان لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆتایی بە دەسەڵاتی خەلافەتی داعش بهێنن. دوای گرژی و پێکدادانەکانی سەرەتای ئەمساڵیش، دواجار ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنەوەی سیاسی و سەربازیی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەرە لەگەڵ حکومەتی سوریادا.