وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ پلانێکی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان (کنێست) کە بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجام بدرێت. هاوکات سەرجەم ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەشی بە ناڕاست لەقەڵەمدا کە باس لە بوونی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی سوپادا دەکەن لەسەر ئەو پرسە.
ئاوێنە: یەسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند: "بە شێوەیەکی ڕوون و بێ هیچ گومانێک ڕایدەگەیەنم، ئیسرائیل هەرگیز نیازی ئەوەی نەبووە پێش هەڵبژاردنەکان هێرش بکاتە سەر ئێران."
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هۆشداریشی دا لەوەی کە وڵاتەکەی لە هەمان کاتدا بە ڕوونی ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوان بە هێزێکی گەورەوە وەڵامیان دەبێت.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری دوای ئەوە دێت، ڕۆژی یەکشەممە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا پەردەی لەسەر بوونی ناکۆکی لە نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا هەڵدایەوە، کە تایبەت بووە بە ئەگەری وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئاگادارانەی کەناڵە ئیسرائیلییەکە پشتی پێبەستوون، سەرۆکی ئەرکانی سوپا نیگەرانی و ترسی هەبووە لەوەی ئەو جووڵە سەربازییەی نەتەنیاهۆ داوای کردووە، بەهۆی هەڵسەنگاندنی هەڵەوە سەربکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی کتوپڕ و خێرا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، زامیر داوای کردووە پێش جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییەی لە ئاستی سیاسییەوە پێی گەیشتووە، گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لەوبارەیەوە بکرێت، هەروەها مەرجی ئەوەشی داناوە کە پێویستە بەڵگەنامەی یاسایی فەرمی و واژۆکراوی پێبدرێت سەبارەت بەو هەنگاوە پێشنیارکراوە.