فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق ڕاگەیاند. ئامانج لە ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانە بە پێگەی سەربازیی سەربەخۆی ئەو هێزانە و تێکەڵکردنی سەرجەم شەڕڤانانی (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە)یە لەناو سیستەمی ئەمنیی فیدراڵیدا، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەییەکە، ڕێککەوتن کراوە لەسەر کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی سەربازیی سەربەخۆی هێزەکانیان، کە ژمارەیان ٤ هەزار و ١٦٥ شەڕڤانە لە هەردوو ڕەگەز. بڕیارە ئەم هێزانە بەپێی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکان و ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەسەری ڕێککەوتوون، بخرێنە سەر سیستەمی ئەمنیی عێراق، بە جۆرێک کە ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشیی نیشتمانی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پاشخانی مێژوویی دروستبوونی ئەو هێزانە کراوە و هاتووە، ئەم ڕێککەوتنە لە سۆنگەی مێژووی شنگال و ئەو کۆمەڵکوژییەوە دێت کە لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا لەسەر دەستی ڕێکخراوی داعش بەسەر ئێزدییەکاندا هات، کاتێک ڕووبەڕووی کوشتن، ڕفاندن، ئاوارەبوون و مەترسیی سڕینەوەی بوونیان بوونەوە. ڕوونیشکراوەتەوە کە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و یەکینەکانی ژنان لەو قۆناغە دژوارەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دامەزران.
فەرماندەیی یەبەشە جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەم بڕیارە بە واتای داخستنی لاپەڕەی مێژووی بەرگری یان پاشگەزبوونەوە لە قوربانییەکان نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ گواستنەوە لە قۆناغێکەوە کە جەنگ و جینۆساید سەپاندبووی، بۆ قۆناغی کارکردنی فەرمی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەییەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە کە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمای سەرەکین بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی سەقامگیری. هاوکات جەخت کراوەتەوە کە پێویستە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هاوتەریب بێت لەگەڵ پاراستنی تەواوی مافی شەڕڤانان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوچەی شنگال.