كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری عێراقی: زیادكرنی پشكی هه‌رێم به‌بێ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌
  2026-10-26     

كۆمه‌ڵێك له‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نن، هەر زیادکردنێک لە پشکی هەرێمی کوردستان له‌ بودجه‌دا، بە بێ راده‌ستكردنی سەرجەم داهاتی دەروازە سنورییە فەرمی و نافەرمییه‌کان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، روبەڕوی هەڵوێستێکی توندی پەرلەمانی دەبێته‌وه‌. ده‌شڵێن، سەردەمی موجامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌ولێر لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، كۆتایی هات.

ئاوێنه‌: كۆمه‌ڵێك له‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق له‌ پارێزگاکانی بەغدا، ناوەڕاست، باشور، ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ حکومەته‌كه‌ی عەلی زه‌یدی دوپات دەکەنەوەو متمانەمان هەیە کە سەرۆک وەزیران لە سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشو جیاوازە لە پرسی ئیداره‌دانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر و بە توندی دەوەستێتەوە لە دژی هەر لایەنێک کە هەوڵبدات بەغدا بخاتە ژێر گوشارەوە یان ئیرادەی خۆی بەسەر دەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت.

ئه‌وان وتویانه‌ "ئێمە بڕوامان وا سەردەمی موجامه‌له‌ سیاسییەکان لەسەر حیسابی سەروەری و پارەی گشتی دەبێت کۆتایی بێت و زه‌یدی ڕێگە نادات بەرژەوەندی حیزبەکان لە سەروی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەیەوە بێت."

جه‌ختیشیان كردۆته‌وه‌ كه‌ "سەرۆک وەزیران عەلی زه‌یدی بەباشی قەبارەی پێشێلکارییەکان و گومانەکانی پەیوەندیدار بە پارەی گشتی دەزانێت و قەبارەی ئەو ئاستەنگانە دەزانێت کە ڕوبەڕوی دەوڵەت دەبنەوە لە پاراستنی سامانی عێراقییەکانداو ڕێگە نادات بە بەردەوامبونی هیچ ڕه‌فتارێکی پێچەوانەی یاسا یان گۆڕینی دۆسیە داراییه‌کان بۆ ئامرازی گوشار و هەڕەشەی سیاسی."

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو"ئەوەی هەوڵدەدات حکومەتەکە زه‌یدی بخاتە ژێر گوشارەوە یان ئیرادەی دەوڵەت تاقی بکاتەوە، دەبێت بزانێت کە چاڵێکی سیاسی قوڵ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت و سەردەمی ده‌ربازبون لە لێپرسینەوە و سازشكردن له‌سه‌ر مافەکانی گەلی عێراق دەبێت کۆتایی بێت، چونکە دەوڵەت لە هەر حیزبێک بەهێزترە و یاسا لە سەروی هەر خێزانێکەوەیە."

هه‌روه‌ها جه‌ختیشیان كردۆته‌وه‌ كه‌ "بودجەی فیدراڵی بابه‌تێك نییە بۆ موجامه‌له‌ی سیاسی و ئامرازێکیش نییه‌ بۆ پاره‌داركردنی دەسەڵاتێک لەسەر حیسابی گەل، بەڵکو مافێکی دەستوریی سەرجەم عێراقییەکانه‌، لە دورترین خاڵی باشورەوە تا دورترین خاڵی باکور."

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ وتوشیانه‌ "هەر زیادکردنێک لە پشکی هەرێمی کوردستان، بە بێ له‌خۆگرتنی سەرجەم داهاتی دەروازە سنورییە فەرمی و نافەرمییه‌کان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و دانانیان له‌ژێر چاودێری فیدراڵی بەپێی دەستور و یاسا، روبەڕوی هەڵوێستێکی توندی پەرلەمانی دەبێتەوە لەئەنجومەنی نوێنەران و قبوڵی ناکەین بودجەیەک تێپەڕێندرێت کە پاداشتی سەرپێچیکردنی یاسا بکات لەسەر حیسابی مافەکانی هاوڵاتییان."

هه‌روه‌ك جه‌ختیشیان كردۆته‌وه‌ كه‌ "سەردەمی موجامه‌له‌كردن، کە هەندێک لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشو لەگەڵ حزبی دەسەڵاتدار لە هەولێر لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت ئەنجامیان ده‌دا، کۆتایی هات و بەردەوامیی سیاسەتی گوشار و هەڕەشەی سیاسی بەرامبەر بەغدا یان لاوازكردنی دەسەڵاتی دامه‌زراوه‌كانی دەوڵەتی عێراق، قبوڵ ناكه‌ین."

وتوشیانه‌ "جێگەی داخە کە هاوڵاتی کورد، هاوبەشی ڕەسەنی ئێمە لە نیشتماندا، بێبەش بكرێت لە ماف و سامانەکانی، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم بەردەوامە له‌ كاربه‌ڕێكه‌ری، له‌سایه‌ی بونی پرسیاری جددی دەربارەی شەرعییەتەکەی و نەبونی چاودێری و قۆرخکردنی بڕیاری سیاسی و ئابوری لەلایەن یەک خێزانەوە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "عێراق دەوڵەتی دامه‌زراوه‌كانه‌ نەک دەوڵەتی خێزانەکان و سامانەکانی موڵکی گەلن نەک حیزبەکان و سەروەری جیاناكرێته‌وه‌ له‌ نێوان بەغدا و هەولێر."

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ وتوشیانه‌ "هەڵوێسته‌كه‌مان دژی ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان نییه‌، بەڵکو دژی ئەو سیاسەتانەیە کە دەیانەوێت هەولێر لە سەروی یاساوە بێت و بەغدا لە ژێر گوشاردا بێت. مافی هاوڵاتی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کەمتر نییە لە مافی هاوڵاتی لە بەغدا، بەسرە، ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا و سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق."

ئه‌وه‌شیان وتوه‌ "پشتیوانی خۆمان بۆ سەرۆک وەزیران دوپات دەکەینەوە لە هەمو هەنگاوێکدا کە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی سیاسی و چەسپاندنی بنەمای دادپەروەری  بێت لە دابەشکردنی سامانەکاندا، به‌دور لە ڕێککەوتنە حیزبییەکان و بەرژەوەندییە ته‌سكه‌كان."

دوپاتیشیان كردۆته‌وه‌ "بودجەیەک قبوڵ ناكه‌ین کە بۆ دەسەڵات دادپه‌روه‌رانه‌ بێت و ستەم لە گەل بکات و ڕێگەش نادەین سامانەکانی عێراق ببنە باجێک بۆ بەردەوامبونی قۆرخکاری سیاسی یان موجامه‌له‌ی حیزبی. ئەو کەسەی گره‌و له‌سەر لاوازی بەغدا دەکات دەبینێت کە هێزی دەوڵەت بە دەنگی ئەو كه‌سه‌ پێوانە ناکرێت کە هەڕەشەی لێدەکات، بەڵکو بە ئیرادەی ئەوانه‌یه‌ کە دەستور و دەزگاکانی دەپارێزن."

زۆرترین بینراو
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
کاکە شەماڵ‌و درامای ( ژاڵە)
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×