لە نوێترین کتێبیدا؛ د. مەحموود عوسمان باس لە وەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
  2026-10-24     

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد و ئاگادار لە ڕووداوە مێژووییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، لە نوێترین کتێب و بیرەوەرییەکانیدا بۆ یەکەمجار دوای ٣٣ ساڵ پەردە لەسەر نهێنیی پەیوەندیی نێوان حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و عەلی حەسەن مەجید، بەرپرسی دیاری ڕژێمی پێشووی بەعس هەڵدەداتەوە.

ئاوێنە: ​بەپێی گێڕانەوەکانی دکتۆر مەحموود عوسمان، کە لەو سەردەمەدا خۆی یەکێک بووە لە سەرکردە و ئەندامانی حزبی سۆسیالیست، ڕاستەوخۆ دوای تاوانەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال و کوشتنی گەنجانی کورد کە بە فەرمان و دەستی خودی عەلی حەسەن مەجید ئەنجام دران، لە ساڵی ١٩٩٢دا پەیوەندییەکی نهێنی لەنێوان ناوبراو و ژمارەیەک سەرکردەی دیاری حزبی سۆسیالیستدا دروست بووە.

​وەرگرتنی سێ ملیۆن دینار بۆ بەستنی کۆنگرە

​ئەو سیاسەتمەدارە لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە محەمەدی حاجی مەحموود و سێ لە سەرکردە دیارەکانی دیکەی ئەوکاتی حزبی سۆسیالیست، پەیوەندییان لەگەڵ عەلی حەسەن مەجید هەبووە. ناوبراو دەڵێت، بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەمی حزبەکەیان کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە هۆتێل "ئەبوسەنا"ی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو (کە لەسەر پێشنیاری خودی د. مەحموود عوسمان ناوی لێ نرابوو پلنیۆم)، ئەو سەرکردانە بڕی سێ ملیۆن دیناری چاپی ئەوکاتی عێراقییان بە شێوەی دەستی لە عەلی حەسەن مەجید و حزبی بەعس وەرگرتووە و تەواوی خەرجییەکانی بەستنی کۆنگرەکەیان بەو پارەیە دابین کردووە.

​ناکۆکییەکان و پاساوی سەرکردەکانی سۆسیالیست

​لە بەشێکی دیکەی بیرەوەرییەکانیدا، دکتۆر مەحموود عوسمان تیشک دەخاتە سەر گفتوگۆیەکی نێوان خۆی و محەمەدی حاجی مەحموود لەسەر ئەو پرسە و دەگێڕێتەوە: "جارێکیان لە لەندەن بووم، کاکە حەمە پەیوەندیی پێوە کردم و داوای لێ کردم لەوێ نوێنەرایەتیی حزب بکەم. لەو پەیوەندییەدا باسی پارەکەی عەلی حەسەن مەجیدم لەگەڵ کرد و پێم ڕاگەیاند کە کارێکی خراپیان کردووە و نەدەبوو هەنگاوێکی وا بنێن؛ تەنانەت پێم گوت ئەگەر کۆنگرەکە لەبن دارێکی ناوچەی دۆڵەتوو ببەسترایە زۆر باشتر بوو لەوەی خۆتان تووشی مامەڵە لەگەڵ عەلی حەسەن مەجید بکەن."

​بە وتەی مەحموود عوسمان، پاساوی سەرکردەکانی سۆسیالیست لەو کاتەدا بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە ئەوە بووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پەیوەندییان لەگەڵ بەعس هەیە و پارەیان لێ وەردەگرن، بۆیە ئەوانیش پێیان ئاسایی بووە هەمان کار بکەن. د. مەحموود عوسمان لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەم بابەتە لای من زۆر قورس بوو، چونکە ئەو کەسەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەسترابوو و پارەکەی لێ وەرگیرابوو کەسێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو خودی عەلی حەسەن مەجید بوو."

​چیرۆکی نامەکەی عەلی حەسەن مەجید بۆ ڕەسوڵ مامەند

​سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو پەیوەندییە، د. مەحموود عوسمان ئاماژە بەوە دەکات کە تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا و درکاندنی بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەوەوە، لەبەر ئەوە بووە کە پێشتر نەیویستووە ناو و ناوبانگی ئەو حزبە بزڕێت کە خۆیشی تێیدا ئەندام بووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "پێویستە ڕاستییە مێژووییەکان وەک خۆیان باس بکرێن."

​لەسەر چۆنیەتیی دەستپێکی پەیوەندییەکە، ناوبراو دەڵێت: "لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٢دا، کۆچکردوو ڕەسوڵ مامەند نامەیەکی عەلی حەسەن مەجیدی نیشاندام کە بۆی ناردبوو. لە نامەکەدا داوای دروستکردنی پەیوەندی و گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان حزبی بەعس و حزبی سۆسیالیستی کردبوو، هاوکات لە هەمان نامەدا هێرشی کردبووە سەر پارتی و یەکێتی، هەرچەندە ئێمە دەمانزانی کە لە ژێرەوە لەگەڵ هەردووکیاندا پەیوەندییان هەیە."

​دکتۆر مەحموود عوسمان لە کۆتایی گێڕانەوەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک ڕەسوڵ مامەند ڕاوێژی پێ کردووە سەبارەت بە نامەکە، ئەو بە توندی دژی وەستاوەتەوە و پێی گوتووە: "بۆچوونی من وایە بە هیچ شێوەیەک وەڵامی مەدەنەوە و فەرامۆشی بکەن، ئاخر پەیوەندی لەگەڵ هەر کەسێک بکرێت، ناکرێت لەگەڵ عەلی حەسەن مەجید بێت، ئەمە کارێکی هەڵەیە و وازی لێ بهێنن." هەرچەندە لەو کاتەدا ڕەسوڵ مامەند پێی گوتووە "باشە و ئەم مەسەلەیە بە کەس مەڵێ"، بەڵام بە گوتەی مەحموود عوسمان، دواتر بە نهێنی هەڵەکەیان ئەنجام داوە، پەیوەندییەکەیان دروست کردووە و پارەکەشیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت.

زۆرترین بینراو
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئێستا یه‌كێتی پاره‌ له‌ سلێمانیدا خه‌رج ده‌كات، ئه‌وسا پاره‌ی تێدا سپی ده‌كرایه‌وه‌
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ناردوه له‌ ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ری وه‌ڵامی توندی ده‌بێت
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کڵێسایەک لە باشووری ئوردن 6 کەس کوژران و 28ی دیکەش برینداربوون
ته‌ندروستی هه‌رێم كڕین و فرۆشتن به‌ جۆره‌ ده‌رزییه‌ك راده‌گرێت و له‌ بازاڕ ده‌یكشێنێته‌وه‌
لە پەراوێزخستنەوە بۆ ناوەندی بڕیار؛ چۆن دەنگدەرە گەنجەکان هاوکێشەی هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەگۆڕن؟
پۆلیس: هه‌وڵێكی كوشتن له‌به‌رده‌م بینای دادگای به‌رایی هه‌ولێر پوچه‌ڵكرایه‌وه‌
سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری گرنگ لەبارەی گروپە چەکدارەکان و نرخی دۆلارەوە ئاشکرا دەکات
​تۆم باراک: ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئێران لە شەممە یان یەکشەممەدا چاوەڕوانکراوە
"داهاتی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 29% كه‌میكردوه‌"
وەزارەتی دارایی کاتی دەستپێکردنی پێدانی پێشینەکانی بانکی ڕافیدەینی لە ڕێگەی "سوپەر کی"یەوە دیاری کرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×