وەزارەتی دارایی کاتی دەستپێکردنی پێدانی پێشینەکانی بانکی ڕافیدەینی لە ڕێگەی "سوپەر کی"یەوە دیاری کرد
  2026-10-23     

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وەک وادەی دەستپێکردنی وەرگرتنی داواکارییەکان بۆ پێدانی پێشینەکانی بانکی ڕافیدەین لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "سوپەر کی"یەوە دیاری کراوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، بانکی ڕافیدەین سەرجەم ڕێکارە هونەرییەکان و بەستنەوەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خزمەتگوزاریی پێشینەکانی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ناوبراوەوە تەواو کردووە. بڕیارە سبەینێ شەممە، لینکی پێشکەشکردن لە ڕێگەی ئایکۆنی بانکەکەوە کارا بکرێت. خزمەتگوزارییەکەش سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی، سەربازی و خانەنشینان دەگرێتەوە، بەو مەرجەی مووچەکانیان لە بانکی ڕافیدەین جێگیر کرابێت (تەوتین کرابێت) و هەڵگری کارتی بانکەکە بن.

​لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی پێشکەشکردنەکە سنووردارە و بۆ هەر وەجبەیەک تەنیا ڕێگە بە پێشکەشکردنی پێنج هەزار داواکاری دەدرێت. دوای تەواوبوونی ئەو ژمارەیە، لینکەکە بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت، بۆ ئەوەی کارمەندانی بانکەکە بتوانن ڕێکارە کارگێڕییەکان، پێداچوونەوە و بەدواداچوونی بانکی بۆ مامەڵەکان ئەنجام بدەن. پاشان بڕی پارەی پێشینەکان بەشێوەی یەک لەدوای یەک و ڕۆژانە دەخرێتە سەر هەژماری ئەو پێشکەشکارانەی کە ڕێکارەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو بووە و مەرجەکانیان تێدایە.

​وەزارەتی دارایی ڕوونیشی کردووەتەوە، دوای تەواوبوونی مامەڵەی داواکارییەکانی وەجبەی یەکەم، لینکەکە جارێکی دیکە بۆ وەرگرتنی پێنج هەزار داواکاریی نوێ دەکرێتەوە و پرۆسەکە بە هەمان میکانیزم و قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبێت.

​لەلای خۆیەوە، بانکی ڕافیدەین جەختی لەوە کردووەتەوە کە داخرانی کاتیی لینکەکە تەنیا ڕێکارێکی ڕێکخستنە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، و بە واتای وەستانی خزمەتگوزارییەکە یان کۆتاییهاتنی دەرفەتی پێشکەشکردن نایەت.

​لە کۆتاییدا، بانکەکە هۆشداری داوەتە کڕیارانی کە تەنیا پشت بە کەناڵە فەرمییەکانی بانک ببەستن بۆ پێشکەشکردن و وەڵامی ئەو کەسانە نەدەنەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن بەرامبەر بە بڕێک پارە گرەنتی وەرگرتنی پێشینەکەیان بۆ بکەن یان ڕێکارەکانیان بۆ خێرا بکەن. بانکەکە دووپاتی کردەوە کە سەرجەم داواکارییەکان تەنیا لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئەلیکترۆنیی پەسەندکراو و بەپێی ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکرێن.

زۆرترین بینراو
موراد قەرەیلان: گەلی کورد لە سووریا پێگەی بنەڕەتی هەیە و نابێت مەیدانەکە چۆڵ بکرێت
حیزبەکانی رۆژهەڵات، ​لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سەماوە
موحسین ڕەزایی: تا حەوت مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ‌ئومێد دەکات
ترەمپ دانوستان لەگەڵ تاران ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری لە ڕووداوێکی نزیک دەدات
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاکرێ دوو برا کوژران و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کران
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی هاووڵاتییانی عێراقەوە نییە
گۆڕانکاری لە جووڵەی سنوورەکانی ئێران؛ دەروازەیەک لەگەڵ عێراق دادەخرێت و جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ پاکستان دەستپێدەکاتەوە
حوسییه‌كان: وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه‌مان كرده‌ ئامانج
مستەفا سەنەد ڕوونکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی 'وەیز' دەدات و پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×