لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا کە ئەمڕۆ هەینی کرایە سەر کڵێسای "حەموود" لە پارێزگای کەرەک لە باشووری ئوردن، 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قوربانییانی هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوامن. هاوکات حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند، جەعفەر حەسان، سەرۆکوەزیرانی ئوردن لە باڵەخانەی پارێزگای کەرەک سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، کە تێیدا سەرجەم وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان ئامادەن بۆ بەدواداچوونی کاری دەزگا ئەمنییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداوەدا کە حکومەت بە "تاوانێکی تیرۆریستیی قێزەون" وەسفی کردووە.
چۆنیەتیی روودانی هێرشەکە و ناسنامەی هێرشبەران
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی فەرمیی ئوردنی، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی شاری کەرەک "پاشخانی تەکفیرییان هەیە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر ناسنامەیان ئاشکرا بکات.
لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هێرشەکە، کەناڵی تەلەڤزیۆنیی "ئەلمەملەکە" بڵاویکردەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمێکدا کە لە کڵێساکەوە بەڕێکەوتووە، چەند چەکدارێک لە ئۆتۆمبێلێک دابەزیون و بۆ ماوەی 5 خولەک بە شێوەیەکی بەردەوام تەقەیان کردووە، پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون. لە هەمان کاتدا تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئوردن ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارەکان لە ناوەوەی کڵێساکە تەقەیان کردووە و بەو هۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە، حەسەن شۆبەکی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵی جەزیرە لە ئوردن روونیکردەوە، هێرشبەرەکان سێ چەکدار بوون و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی غازیان پێبووە؛ یەکێکیان چەکی رەشاشی ئۆتۆماتیکی بەکارهێناوە و دوو چەکدارەکەی دیکەش بە دەمانچە تەقەیان کردووە.
گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان لە ناو کڵێساکەوە
وەلیم هەلسە، کە یەکێک بووە لە ئامادەبووانی ناو کڵێساکە لە کاتی رووداوەکەدا، بە کەناڵی ئەلمەملەکەی راگەیاندووە، هێرشەکە لە میانی مەراسیمی پرسەی یەکێک لە خزمەکانیدا روویداوە. ناوبراو دەڵێت: "ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی مەراسیمەکە و نوێژکردن، ئامادەبووان گوێبیستی دەنگی تەقینەوە و تەقەکردن بوون. دوو چەکدار کە رەنگە ژمارەیان لەوەش زیاتر بووبێت، هەڵیانکوتایە سەر کڵێساکە و پەنجەرە و دەرگاکانیان شکاند، پاشان دەستڕێژی گوللـەیان لەو کەسانە کرد کە لە ژوورەوە بوون".
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێک لە بریندارەکان گوللـە بەر سەری کەوتووە، هەروەها لە کاتی تەقەکردنەکەدا نزیکەی 150 بۆ 200 کەس لە ناوەوە و دەرەوەی کڵێساکە ئامادە بوون، کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 70 ساڵدا بووە.
رێوشوێنی ئەمنی و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی زانیاری
لە دوای رووداوەکە، هێزێکی زۆری پاڵپشتیی ئەمنی رەوانەی ناوچەکە کراون و هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە پارێزگای کەرەک دەستیپێکردووە. هاوکات داواکاری گشتیی ئوردن بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر وردەکاریی لێکۆڵینەوەکانی هێرشەکە.
وەزیری پەیوەندییەکانی حکومەت و گوتەبێژی فەرمیی حکومەتی ئوردن جەختی لەوە کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن و حکومەتیش دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، راگەیەندراوی فەرمی بڵاودەکاتەوە.
رووداوێکی "بێپێشینە" لە مێژووی وڵاتەکەدا
بەڕێوەبەری نووسینگەی جەزیرە لە ئوردن ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشکردنە سەر کڵێسا لە ئوردن کارێکی "بێپێشینەیە" و بە رووداوێکی نامۆ دادەنرێت، بەوپێیەی دەیان کڵێسا لە شارەکانی عەممان، زەرقا، سەڵت، حوسن، ئیربید و عەقەبە بوونیان هەیە و پێشتر رووبەڕووی پەلاماری لەم شێوەیە نەبوونەتەوە. ناوبراو روونیشیکردەوە کە رێڕەوی حەجی مەسیحییەکان لە ناوچەکانی مەغتەس، ماوەر و چیای نیبۆ لە ئوردن هەڵکەوتووە و هەمیشە چالاکییە ئایینییەکان، نوێژ، مەراسیمی بەخاکسپاردن و ئاهەنگەکانیان لە ژینگەیەکی ئارام و پارێزراودا بەڕێوەچووە.
ئەم هێرشە رووداوەکەی ساڵی 2016ی قەڵای کەرەک دەهێنێتەوە یاد، کاتێک ژمارەیەک چەکداری سەر بە رێکخراوی داعش تەقەیان لە گەشتیاران، هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی ئەمنی کرد و لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران کە 7یان کارمەندی ئەمنی بوون، لەگەڵ برینداربوونی 34 کەسی دیکە.