ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، گەورەترین کێشەی هەرێمی کوردستان پارتی و یەکێتین و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی متمانە و قووڵیی ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوانیان گەڕاندەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە چوارەمین دیداری گوڵەخانە، ئاری هەرسین لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وتی: "گەورەترین کێشەی ئەم وڵاتە ئێمە و یەکێتین، لەبەر ئەوەی جومگەی سەرەکین بۆ حوکمڕانیکردن نەک لەبەر ئەوەی دیکتاتۆرین، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە سیقەمان بە یەکتری نییە."
ئاماژەی بەوەش کرد، ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە پەیوەندیی بە دابەشکردنی پۆستەوە نییە و وتی: "کێشەکانی ئێمە و یەکێتی لەسەر پلە و پۆست و وەزارەت نییە؛ ئەو برینەی لە ساڵی 1964ـەوە دەستی پێ کردووە تا ئێستا ساڕێژ نەبووە."
لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، هەتا ئەو برینە مێژووییە ساڕێژ نەبێت، هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکرێت، تەمەنی زۆر کورت دەبێت.