رۆژنامه‌ی ۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكرده‌وه، ئێران په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه ناردوه كه له ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان، هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌ی كه‌نداو فراوان ده‌كات.
ئاوێنه: رۆژنامه‌ی ۆڵ ستریت جۆرناڵ، له هه‌واڵێكدا بڵاویكردۆته‌وه، په‌یامه‌كه‌ی ئێران بۆ وڵاتانی كه‌نداو توند‌و رونه‌و تێیدا رایگه‌یاندوه، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشه ئاسمانییه‌كانیان دەستپێبکەنەوە، تاران بە هێرشکردن نەک تەنیا بۆ سەر بنکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، بەڵکو بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، هێڵەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و ئامانجە مەدەنییەکانی تریش لە وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەی کەنداو وەڵام دەداتەوە.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كان ئه‌و په‌یامه هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌ی تاران جگه له‌وه‌ی له راگه‌یه‌ندنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌بینرێت، له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه تایبه‌ته‌كانیشه‌وه گه‌یه‌ندراوه‌ته وڵاتانی ناوچه‌كه.
هاوكات محەمەد ساڵح سدقیان، لێكۆڵەری كاروباری سیاسی و ستراتیجی نزیك لە سوپای پاسداران له په‌یامێكدا له سه‌كۆی ئێكس نوسیویه‌تی، هه‌مو وڵاتانی ناوچه‌که په‌يامێکیان له ئێرانه‌وە پێگه‌یشتوە که تێیدا هۆشداری دەدات لە ده‌رئه‌نجامی پێشکه‌شکردنی هه‌ر زانیارییه‌ک، هاوکارییه‌ک، یان پشتگیرییه‌ک به هه‌ر شێوازێک بێت بۆ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ک که ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا یان ئیسرائیل دژی ئێران ئه‌نجامی بده‌ن.
محه‌مه‌د ساڵح سدقیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، په‌یامه‌که سه‌رنجی بۆ ئه‌وە ڕاکێشاوه که فه‌رماندەیی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریکا "سێنتکۆم" له 28ی شوباتی 2026ه‌وه سه‌رکردایه‌تی شه‌ڕه‌کانی كردوه‌و ئه‌و وڵاتانه‌ی که له ژێر ئه‌م فه‌رماندەییه‌دا کۆبونه‌ته‌وه به‌رپرسیارن له هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر ئێران و ئێران جیاوازی ناکات له نێوان ئه‌مه‌ریکا، ئیسرائیل، یان هه‌ر وڵاتێکی دیكه‌دا که توانا یان خاکی خۆی بخاته ژێر فه‌رمانی "سێنتکۆم"ه‌وه و به‌توندی وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ئه‌و شوێنانه ده‌کاته ئامانج که له لیستی ئامانجه‌کانیدا دایناون.