لە درێژەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان)، ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە خێزانە ئاوارەکانی شاری گرێ سپی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان رووبەڕووی هێرش بوونەوە، هاوکات لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانیش حکومەتی دیمەشق و دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە بە بەرپرسیار دەزانێت لە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی گەڕاوەکان.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، پۆلێک لە ئاوارەکانی شاری گرێ سپی لەسەر بانگهێشت و داوای بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دا. بەپێی زانیارییەکان، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ "لیژنەی ئاوارەکانی گرێ سپی" ئەنجام دراوە. لە ساتی گەیشتنیان بۆ ناو شارەکە و هەوڵدانیان بۆ چوونەوە سەر ماڵەکانیان، لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێندراون و زیانێکی زۆری ماددییان بەرکەوتووە.
کاروانەکانی گەڕانەوە بۆ سەرێکانی و حەسەکە
ئەم پێشهاتانەی گرێ سپی لە کاتێکدایە کە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شاری سەرێکانی دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی زۆرەملێیاندا، لە رۆژی دووشەممە، ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦ـەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکردووە.
قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە بە سەرپەرشتیی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکی مرۆیی و ئەمنی، لە پێش هەموویانەوە مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەچوو، ئەمەش بە ئامانجی رێکخستنی کاروانەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ خێزانە گەڕاوەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، یەکەمین کاروان کە لە نزیکەی ٦٥٠ خێزان (بە سەدان پیاو، ئافرەت و منداڵ بە کەلوپەلەکانیانەوە) پێکهاتبوو، گەشتەکەیان بەرەو شارەکەیان ئەنجام دا.
لە قۆناغێکی دیکەی هەوڵەکانی گەڕانەوەدا، رۆژی دووشەممە، ١٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، مستەفا عەبدی، ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و ئەندامی تیمی سەرۆکایەتی، لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئاماژەی بە بەڕێکەوتنی کاروانێکی دیکەی ئاوارەکان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوبراو، ئەو قۆناغە پێکهاتبوو لە ئاڵوگۆڕ و گەڕانەوەی دوو کاروان؛ کاروانی یەکەم ٤٥٠ خێزانی ئاوارەی سەرێکانی بوون کە لە شاری حەسەکە نیشتەجێ بوون و گەڕانەوە زێدی خۆیان، لە بەرامبەردا کاروانێکی دیکەی ٥٠ خێزانیی خەڵکی حەسەکە کە لە سەرێکانی نیشتەجێ بوون، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شاری حەسەکە.
پێشێلکارییە ئەمنییەکان و هەڵوێستی فەرمی
سەرەڕای هەماهەنگییەکان، دوای گەیشتنەوەی یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە.
لە کاردانەوەی ئەو رووداوانەدا، لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ لێکەوتە و دەرهاویشتەی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە دەکەن. لیژنەکە بە شێوەیەکی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق (لە نێویاندا تیمی سەرۆکایەتیی سووریا)، دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکەی بە تەواوی بە بەرپرسیار دانا لە پاراستنی گیان و ماڵی گەڕاوەکان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی "ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەم"ـە کە تایبەتە بە دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.