سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە باشووری سووریا ئەنجامداوە. لە بەرامبەردا، حکومەتی سووریا کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنیی لە هێرشەکاندا پشتڕاستکردەوە و ڕەتیکردەوە هیچ هەماهەنگییەکی پێشوەختە لەگەڵ عەممان کرابێت.
ئاوێنە: سوپای ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر ناوی "بەرپەرچدانەوەی ئوردنی - حەموود" ئەنجامدراوە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی قوربانییانی هێرشەکەی ڕۆژی هەینیی ڕابردووی سەر کڵێسای "حەموود" لە پارێزگای کەڕەک. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی کەڕەک پەیوەندییان بەو گرووپە تیرۆریستییانەوە هەبووە کە لە باشووری سووریا کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بریندار بوون.
کوژرانی مەدەنی و داخستنی سنوور
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی فریاکەوتن و کارەساتەکانی سووریا ڕایگەیاند کە تیمەکانیان لە چوار شوێنی بۆردومانکراودا تەرمی 7 کەسیان دەرهێناوەتەوە کە لە سێ منداڵ، سێ پیاو و ژنێک پێکهاتوون، هاوکات چارەسەری سەرەتاییان بۆ سێ بریندار (دوو پیاو و منداڵێک) کردووە.
حکومەتی سووریا وێڕای ڕەتکردنەوەی هەبوونی هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ ئوردن، دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی وردی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریا نیگەرانیی تەواوی خۆی گەیاندووەتە عەممان سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی وڵاتەکەیدا بەبێ هەماهەنگی، بەڵام جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ڕووداوەکە و پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا.
هەر لە کاردانەوەی هێرشەکاندا، دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا ئەمڕۆ سێشەممە داخستنی دەروازەی سنووریی "نەسیب"ی لەگەڵ ئوردن بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ڕاگەیاند.
زیانەکانی بۆردومانەکە و پاشخانی هێرشەکەی کەڕەک
بەگوێرەی زانیارییە مەیدانییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن شەش هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر دەوروبەری شارۆچکەی "مزێریب" لە ڕۆژئاوای پارێزگای دەرعا و شارۆچکەی سنووریی نەسیب. لە یەکێک لە هێرشەکاندا حەوت ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە و تیمەکانی ئاسایشی ناوخۆش سەرقاڵی پووچەڵکردنەوەی مووشەکێکی نەتەقیوەن لە ناوچەکەدا.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئوردن دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی بەخاکسپاردن لە نزیک کڵێسای "قەدیس جاورجیۆس" بۆ ڕۆمی ئۆرسۆدۆکس لە گوندی حەموودی سەر بە پارێزگای کەڕەک، هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا و بەهۆیەوە 9 کەس کوژران و 34ی دیکەش بریندار بوون.
پێشتر لیوا عوبەیدوڵڵا مەعایتە، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی ئوردن ڕایگەیاندبوو کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە سێ کەسی سەر بە یەک خێزان بوون بە ناوەکانی (هەزاع و مەشعەل زەیدان محەممەد، لەگەڵ ئەحمەد سامی حوسێن کە زاوایانە)، و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هێرشبەرەکان هەڵگری بیری توندڕەوی بوون و بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەبێ پلانی پێشوەختە بڕیاری هێرشکردنە سەر کڵێساکەیان داوە.