هەریەکە لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار و شاندێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ سەردانی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاتی برای و رێبوار حامید حاجی غالیان کرد. بەگوێرەی تیمە پارەزەریەکە، دانیشتنی سبەی دادگاش دوادەخرێت.
ئاوێنە: دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار، لە لێدوانێکدا رایگەیاند "تەنیا کاک لاهور، پۆڵات شێخ جەنگی و رێبوار حامید براونەتە چاکسازی گەورانی سلێمانی و ئەمڕۆ چاومان پێیان کەوت؛ ئەوانی دیکە لە ئاسایش زیندانن".
ئەوەشی ئاشکراکرد کە تەندروستیی ناوبراوان باش بوون و "هیچ کێشەیەکیان نەبوو". زیاتری وت "ئێستا دۆخی لاهور شێخ جەنگی بەراورد بە زیندانی ئاسایش باشترە، ئازادە دەتوانێت بە تەلەفۆنی چاکسازی تەلەفۆن بکات، هەروەها ئێمە ئەمڕۆ نۆ پارێزەر چووین و دەتوانین هەفتانە سێ جار سەردانی بکەین و بێ سانسۆر گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین".
بەوتەی وتەبێژی تیمی پارێزەرانیش "کەسانی پلە یەکی خێزانەکەی، هەفتانە دووجار دەتوانن لە چاکسازی سەردانی لاهور شیخ جەنگی بکەن، بەڵام خزمی دوور و هاوڕێکانی رێگەی سەردانیان پێ نادرێت".
هاوکات، بڕیاربوو سبەی چوارشەممە 28-10-2026 هەر لەسەر رووداوەکانی هۆتێل لالەزار، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاتی برای و 20 کەسی دیکە بە ماددەی 406ـی تایبەت بە کوشتن دادگایی بکرێن، بەڵام وتەبێژی تیمی پارێزەرانیان دەڵێت، داوایان کردووە دانیشتنەکە دوابخرێت.
وەک دانا تەقیەدین دەڵێت "ئێمە داوامان کردووە دانیشتنی سبەی دوابخرێت، ئەمڕۆ وەڵاممان وەرنەگرتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە و 100% سبەی وەڵام وەردەگرین و دانیشتنەکە دوادەخرێت، چونکە کە ئێمە داوا بکەین و ئامادە نەبین، دادوەر بەگوێرەی یاسا دانیشتنەکە دوادەخات".
جێی باسە، دانیشتنی داهاتووی دادگا یەکەم دانیشتن دەبێت لە دۆسیەیەکی نوێدا کە بە ماددەی 406ـی تایبەت بە کوشتن بەڕێوە دەچێت. لەوبارەیەوە تیمی پارێزەرانی لاهور جەنگی وتی "64 کەس سکاڵایان دژی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە ماددەی 406 تۆمار کردووە، کە زۆرینەیان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆن".
دوای هەشت دانیشتنی دادگا، لە 15-10-2026، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار، بە ماددەی 56ـی تایبەت بە پلاندانان و هەوڵدان بۆ کوشتن، لاهور شێخ جەنگییان بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزادا، هەروەها پۆڵات شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران، هەشت کەسی دیکەش بە کاتی جیاواز حوکم دران و دووانیشیان بێتاوان ناسێندران.