وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردن و ڕێکخستنەوەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکاندا، بەشێکی تەواوکەری پڕۆژەی گشتگیری حکومەتە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە بڕیارە لە ٣٠ـی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی پێبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای ئەم هەنگاوە، ڕێکاری کردەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەگیرێتەبەر.
ئاوێنە: سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا وردەکاریی پرۆسەی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی شنگالی لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق و پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە خستەڕوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر یەکلاییکردنەوەی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و ڕێگریکردن لە دواخستنی چارەسەری کێشەکان. بە وتەی نەعمان، تێکەڵکردنی هێزەکانی (یەبەشە) و (یەژەشە) لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکاندا، نموونەیەکی ڕوونی ڕێبازی حکومەتە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی چەک لە ژێر چەتری دەوڵەتدا.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەو هەنگاوەی بە دەستکەوتێکی ئەمنیی گرنگ وەسف کرد، کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر لایەنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی شنگال دروست دەکات. هاوکات ئاشکرای کرد، حکومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا لە پلانیدایە کاری لەپێشینە بدات بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەباح نەعمان ڕوونی کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و ڕێگریکردن لە هەبوونی هەر هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان، پاڵپشتییەکی بەهێز دەبێت بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی بوونی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا. جەختیشی کردەوە کە تێکەڵکردنی ئەو هێزانە بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت کە لە ٣٠ـی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە حکومەتی عێراق لە قۆناغەکانی پێشوودا هەنگاوی هاوشێوەی ناوە، کاتێک سێ گرووپی چەکدار چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کرد و چەکدارەکانیان تێکەڵی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان کران. لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە هەوڵەکانی حکومەت تا داخستنی یەکجاریی دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بەردەوام دەبن.