بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی بەگوێرەی پسپۆڕییەکانیان لە زانکۆکانی کوردستان وەردەگیرێن و دەتوانن درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "بەڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای هەوڵ و جەختکردنەوەی بەردەوامی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نوسراوی فەرمی ئاراستەی زانکۆکانی کوردستان کرا بۆ وەرگرتنی دەرچووانی خوێندنی ئیسلامیی سەر بە وەزارەت".
ئەوەش هاتووە "پرۆسەی وەرگرتنی ئەو قوتابییانە لە زانکۆکاندا بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندییەکانیان دەبێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی مافی دەرچووانی خوێندنی ئایینی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن".
هاوکات وەزارەتی ئەوقاف پیرۆزبایی لەسەرجەم قوتابییە وەرگیراوەکان کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون لە قۆناغی نوێی خوێندنیاندا.