وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ شەپۆلێکی نوێی کورتخایەن بۆسەر ئێران ئامادە دەکەن
  2026-10-28     

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، نیشانەی نوێ هەن کە دەریدەخەن سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ شەپۆلێکی توند و کورتخایەن بۆسەر ئێران ئامادە دەکەن. پێشبینیش دەکرێت گرووپێکی دیکەی جەنگیی هەڵگری فڕۆکەی جەنگی و یەکەیەکی هێزە تایبەتەکانی پاشەکشەکەر، مانگی داهاتوو بگەنە ناوچەکە و بە نزیکەی ٢٠ کەشتیی جەنگیی دیکەوە گرێ بدەن کەلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چالاکن.

 

ئاوێنە: رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا کەلە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بە چەند وڵاتێکی ناوچەکەی ڕاگەیاندووە کە دوای هەڵبژاردنە ناوەندەکانی ئەمریکا لە ٣ی نۆڤەمبەر، خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورتخایەن و توند ئامادە کردووە. لەهەمانکاتدا ئیسرائیلیش پلان و ئامانجەکانی بۆ هێرشێکی نوێ ئامادە کردووە.

هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێشتا هەوڵدەدات هێرشەکان دووبارە دەستپێبکەنەوە، بەو ئامانجەی توانای ئێران لاواز بکات و لە کۆتاییدا ڕێگا بۆ ڕووخانی ڕژێمەکە بخاتەڕوو.

ئەم پەیامانە کەلە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە گەیەندراون، لە نیشانە زیادبووەکانن کە ئاماژە بە ئامادەکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە توندەکان لە ئێران دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە مەترسیی فراوانبوونی ناکۆکییەکان لەخۆ دەگرێت و ئامانجی لاوازکردنی توانای تاران و ناچارکردنی بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆیە.

بەپێی قسەی بەرپرسانێک کە لەو هەنگاوانە ئاگادارن، سوپای ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی، سیستەمێکی پاتریۆت لە تێکساسەوە دەگوازێتەوە. هەروەها، لە ئامادەکاری بۆ توندبوونەوەی ناکۆکییەکاندا، هێزەکانی لەو بنکە سەربازییانە دەردەهێنێت کە زیاتر لەبەردەم هێرشدا مەترسییان لەسەرە.

هەروەها وتووشیانە "هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان پڕکردووەتەوە و بۆمبەڕێژەکان و فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادە دەکرێن. هەروەها، بڕیارە مانگی داهاتوو گرووپێکی دیکەی جەنگیی هەڵگری فڕۆکەی جەنگی و یەکەیەکی هێزەکانی مارینز بگەنە ناوچەکە و بە ناوەندێکی دەریایی پێکهاتوو لە نزیکەی ٢٠ کەشتیی جەنگیی دیکەوە یەکبگرنەوە؛ هەرچەندە ئەگەری ئەوەش هەیە هەندێک لەم کەشتییانە بە کەشتیی دیکە بگۆڕدرێن.

چەند سەرچاوەیەکیش کەلە دیدگا و بۆچوونەکانی دۆناڵد ترەمپ ئاگادارن وتوویانە "سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی هێرش نەداوە؛ بەڵام ئارەزووی هێرشێکی فراوانی دوای هەڵبژاردنەکان دەکات کە دەتوانێت ژێرخانەکانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج".

ترەمپ هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی گشتی‌دا وتی "لەوانەیە جارێکی دیکە هێرشێکی بچووکی "تووڕەییەکی زۆر گەورە و سەرسوڕهێنەر" ئەنجام بدەین. ئەو بەو دەستەواژەیە ئاماژەی بە چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگ و بۆمبارانی توندی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەهاری ئەمساڵ کرد.

جگە لەوەش هەندێک سەرچاوە کەلە پلانەکان ئاگادارن وتوویانە؛ ئەم هەنگاو و ئامادەکارییانە بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێن کە هەڵبژاردەی سەربازی بۆ ترەمپ دابین بکەن، تاوەکو ئەگەر بڕیاری هێرشی دا، بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، گەڕانەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکان واتە گۆڕینی ئاراستە لە چالاکی فشاری ئابووریی حکومەتی ترەمپ. سزا ئابوورییە توندترەکان، لەگەڵ گەمارۆی دەریایی، فرۆشتنی نەوتی ئێرانیان بۆ ماوەی چەند مانگێک وەستاندووە، بەشێکی زۆری پەیوەندییە ئاسمانییەکانی ئەم وڵاتەیان لە کار خستووە و زیانیان بە بازرگانیی زەویی گەیاندووە. ئەم هەنگاوانە فشاریان لەسەر ئابووریی ئێران زیاد کردووە؛ ئابوورییەک کە پێشتر لەگەڵ قەیرانێکی بەردەوام و گەورەبووندا رووبەڕوو بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ناوبژیوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی هەوڵ دەدەن گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دووبارە دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ناکۆکییە سەربازییەکان بکەن. بەڵام تائێستا ئەم هەوڵانە سەرکەوتنی زۆریان بەدەست نەهێناوە؛ ئەمریکا پێداگری لەسەر گفتوگۆ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات، لەکاتێکدا تاران مەرجی توندی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان داناوە.
 

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
عێراق تا ٣٠ـی حوزەیران دۆسیەی چەک لە شنگال یەکلایی دەکاتەوە؛ یەبەشە و یەژەشە تێکەڵی هێزە ئەمنییەکان دەکرێن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×