ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتیی تەسنیم ڕایگەیاند کە سەرلشکر محسن ڕەزایی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی کۆبووەتەوە.
ئاوێنە: لەو دیدارەدا، موجتەبا خامنەیی جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و نوسینگەی گشتیی ئەنجومەنەکە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات کردەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە چوار بوارە سەرەکییەکە، واتە کەلتوور، سیاسەت، ئابووری و ئاسایش، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتر هەیە. بۆیە، پێویستە لەکاتی بڕیارداندا پەیوەندیی نێوان ئەم بوارانە لەبەرچاو بگیرێت و بۆهەر بڕیارێک، ڕێکار و پێداویستییە گونجاوەکانی جێبەجێکردن دیاری بکرێن.
هەروەها ڕێبەری شۆڕشی ئێران بە پێویستی زانی کە بڕیارەکان پشت بە نەخشەڕێگایەکی ڕوون و گشتگیر ببەستن؛ نەخشەڕێگایەک کە هەموو هەنگاوەکان، لە خاڵی دەستپێکەوە تا خاڵی کۆتایی، لەخۆ بگرێت، بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە شێوەیەکی ژیرانە، وردبینانە و جێگیر بدرێن.
لە بابەتەکانی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، چەند خاڵێکی گرنگ تاوتوێ کران، لەوانە:
• بەهێزکردنی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی نیشتمانی.
• بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە لەنێوان خەڵک و بەرپرسان.
• سوودوەرگرتن لە تواناکانی دەستووری ئێران، بە تایبەتی ماددەی ١٧٦، بۆ یارمەتیدانی سەرۆککۆمار و دامەزراوە جێبەجێکارەکان، بە مەبەستی ئاسانکردن و خێراکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.
• پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی لەڕێگەی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز.
• پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە درێژخایەن و هاوبەشەکان.
موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد کە نەتوانین و بێهیواییی دوژمن، لە ئەنجامەکانی بەرگریی نیشتمانییە. ئەو جەختی لەسەر پێویستیی چالاکیی میدیایی و گەیاندنی زانیاری لەکاتی گونجاودا کردەوە، بۆ ئەوەی بەشداریی خەڵک لە بەرگری لە وڵات و سیستەمی ئێران بەردەوام بێت.
هەروەها جەختی لەسەر بەدواداچوون بۆ دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران و 'بەرەی بەرگری' کردەوە. بەپێی هەواڵەکە، ئەمە دەبێت لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەوە بێت کە بەرپرسانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی" خستوویانەتەڕوو.
لە بەشی کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، محسن ڕەزایی ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێران لەبوارە جیاوازەکان و هەوڵ و چالاکییە بەردەوامەکان پێشکەشکرد.
ڕەزایی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی کردەوە کە بەدواداچوون بۆ سیاسەتی ستراتیژیی ئێران، کە ئامانجی ڕێکخستنی سیستەم و پەیوەندییە ناوچەییەکان بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆییە، یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی ئێستای نوسینگەی گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی.