خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
  2026-09-06       46       

 "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران" لەنووسینی د. عەباس وەلی Abbas Vali

 

مەنسوور سۆفی

 

نووسینی مێژوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا خولاوەتەوە. یەکەمیان گێڕانەوەی فەرمی و دەسەڵاتخوازانەی دەوڵەت کە بزووتنەوەی کوردی وەک "پلانگێڕیی دەرەبەگی یان بیانی" وێنا کردووە، و دووهەم و لە بەرامبەردا، گێڕانەوەی ڕۆمانسی و ئایدیۆلۆژیی حیزبە کوردییەکان کە مێژوویەکی بێگەردیان بێ ڕەچاوکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان پێشکەش کردووە. کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران" لە نووسینی بیرمەند و کۆمەڵناس عەباس وەلی، هەوڵێکی پێشەنگ و دەگمەنە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دوو گێڕانەوە باوە. کتێبەکە سەرنج دەخاتە سەر قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٤٧ تا ١٩٧٩. واتە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە تا یەک دوو ساڵ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران. ئەم سێ دەیەیە، کە نووسەر بە دروستی بە "ساڵانی فەرامۆشکراو" ناویان دەبات، قۆناغی گواستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بوون لە حوکمڕانییەکی ناوخۆیی کورتخایەنەوە بۆ خەباتی نهێنی و دوورخرانەوە لە تاراوگە.

گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم بەرهەمە، جیاوازیی ڕادیکاڵی میتۆدۆلۆژییەکەیەتی لەگەڵ کاره مێژووییە کلاسیکییەکاندا. عەباس وەلی مێژوو تەنیا وەک ڕووداوی یەک لەدوای یەک یان ژمارە و بەروار نابینێت، بەڵکو میتۆدێکی ژینۆلۆژی پۆست-ستراکتۆراڵی (بە تایبەت بە کاریگەری لە میشێل فۆکۆ) پەیڕەو دەکات. نووسەر لە ڕێگەی چەمکەکانی جۆرجیۆ ئاگامبێن وەک "سەروەری بێبەشکار، نیشانی دەدات چۆن دەسەڵاتی پەهلەوی لە ڕێگەی یاساوە، کورد و زمان و ناسنامەکەی لە فەزای سیاسی دەرپەڕاندووە و خستوویەتە ناو کایەیەکی نادیار لە نێوان یاسا و توندوتیژیدا. لێرەوە، بەرێز د. وەلی دەیەوێت بسەلمێنێت کە ناسنامەی نەتەوەیی کوردی جەوھەرێکی جێگیر نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی مێژوویی و سیاسییە کە لە ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی توندوتیژیی دەوڵەتدا داڕژاوەتەوە.

کتێبەکە بە وردی باس لەوە دەکات چۆن دوای ڕووخانی کۆمار و لەدەستدانی فەزای گشتیی ئاشکرا، چینە ناوەندەکانی شار (باکوور و خوێندکاران و فەرمانبەران) نەیانهێشت بزووتنەوەکە بمرێت، بەڵکو فەزایەکی گشتیی نهێنییان بۆ گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی دروست کرد.

یەکێک لە قووڵترین شیکردنەوە ڕەخنەییەکانی بەرێز د. وەلی لەم کتێبەدا، خستنەڕووی بێدەنگی و دابڕانی جووتیارانی کورد بوو لە بزووتنەوە نەتەوەییەکە. ئەو دەسەلمێنێت کە حیزبی دیموکرات و کۆمار نەیانتوانی کێشەی جووتیاران لە دژی دەرەبەگەکان چارەسەر بکەن، ئەمەش وایکرد جووتیاران ناسیۆنالیزم وەک پڕۆژەیەکی شاریی تەماشا بکەن و لە کاتی هێرشی سوپای ئێراندا بەرگری لە کۆمار نەکەن.

کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن حیزبی دیموکراتی کوردستان دوای کۆمار کەوتە ژێر کاریگەریی قورسی حیزبی توودەی ئێران و سیاسەتی گشتیی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەمەش وایکرد بزووتنەوەی کوردی ناسنامە و سەربەخۆیی بڕیاری خۆی لەدەست بدات و ببێتە بەشێک لە ململانێی جەنگی سارد.

کتێبەکە شۆڕشێکە لە مێژوونوویسیی کوردیدا. نووسەر توانیویەتی مێژوویەک کە پێشتر تەنیا لە سەرچاوەی سۆزداری یان یاداشتنامەی شەخسیی سیاسییەکاندا مابووەوە، بباتە ناو کایەی ئەکادیمیی جیهانی و بە تیۆرییە هاوچەرخەکان دەوڵەمەندی بکات. سەرەڕای گرنگییەکەی، کتێبەکە دوو کێشەی سەرەکی هەیە. یەکەم، زاڵبوونی زمانی تیۆریی قورس و دژوار بەسەر گێڕانەوەی مێژووییدا. نووسەر ئەوەندە نوقمی دیسکۆرسی پۆست-ستراکتۆراڵی دەبێت، زۆرجار ڕووداوە مێژووییە کۆنکرێتەکان لە پشت تەمومژیی چەمکە فەلسەفییەکانەوە ون دەبن. دووەم، نووسەر لە هەندێک شوێندا هێندە جەخت لەسەر "توندوتیژیی پێکهاتەیی دەوڵەت" دەکاتەوە، کە کاراکتەر و بکەرە کوردییەکان تەنیا وەک پەرچەکردار یان قوربانیی پسیڤ وێنا دەکات، نەک وەک هێزێکی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ لە هەموو قۆناغەکاندا.

سەرنجی سەرەکیی بەرێز د. عەباس وەلی لەم کتێبەدا لەسەر کۆمەڵە (ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) وەک نوێنەری سەرهەڵدانی "چەپی نوێی کوردی"یە، کە لە بەشیێکی کتێبەکەدا بە درێژی باسی لێوە دەکات. خوێندنەوەی نووسەر بۆ کۆمەڵە، ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی و پێکهاتەییە کە کۆمەڵە وەک وەڵامێکی مێژوویی و فیکری دەبینێت بۆ قەیرانی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی کوردی (کە حیزبی دیموکرات نوێنەرایەتی دەکرد). بە بڕوای بەرێز د. وەلی، حیزبی دیموکرات بەهۆی پاشکۆیەتی بۆ حیزبی توودە و دابڕانی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان تووشی چەقبەستوویی ببوو. لێرەوە، کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و چەپ لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠ و سەرەتای ١٩٧٠ سەرهەڵدەدات کە دەیەوێت پێکەوەگرێدانی جیاواز لە نێوان "ئایدۆلۆژیای چەپ" و "بەرگریی نەتەوەیی" دروست بکات. نووسەر بە چاوێکی ڕەخنەییەوە سەیری پێکهاتە و گەشەی کۆمەڵە دەکات. ئەو نیشانی دەدات چۆن کۆمەڵە لە سەرەتای دروستبوونیدا لە نێوان دوو جەمسەردا ململانێی بوو:

• لە لایەکەوە ڕوانگەیەکی مارکسیستیی ئینقلابیەوە کە دەیویست کێشەی کورد تەنیا لە چوارچێوەی "شۆڕشی کرێکاری و جووتیاریی گشتیی ئێراندا" کورت بکاتەوە.

• لە لایەکی ترەوە، توندوتیژی و سەرکوتی نەتەوەیی دەوڵەت، کۆمەڵەی ناچار دەکرد کە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و کوردستانیی هەبێت.

بەرێز د. عەباس وەلی پێی وایە کێشە و جیاوازییە فیکرییەکانی دواتری ناو کۆمەڵە، ڕەگیان لەم دووانەیی و ململانێ فیکرییە سەرەتاییەدا هەبووە.

لە کۆتاییدا ئەوە بلێم کە کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران" تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. د. عەباس وەلی پێمان دەڵێت کە قەیرانەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد (وەک فرەکێشەیی گوند و شار، نەبوونی یەکگرتوویی فیکری، و پاشکۆیەتی بۆ هێزە دەرەکییەکان) ڕەگیان لەو سێ دەیە فەرامۆشکراوەدا هەیە. ئەم کتێبە بەردێکی بنەڕەتییە بۆ هەر توێژەرێک کە دەیەوێت بە چاوێکی زانستی و دوور لە دروشم، مێژووی سیاسیی ناوچەکە بخوێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×