سەردار محەمەد
ساڵانێکە، لەگەڵ مەرگی هەر نوسەرو هونەرمەندو رۆشنبیرێکی گەورەدا، بەدیار دووبارە بوونەوەی دیمەنێکەوە دەتاسێین:
پرسە چۆڵو مزگەوت چۆڵو سەر گۆڕ چۆڵ!
رۆشنبیران تەنهاو بێکەس بەرەو دوا ماڵی ژین بەڕێدەکرێن.
چەند مانگێک لەمەوبەر، "سمکۆ ناکام"ی پێشەنگی هونەری شانۆی کوردیو داهێنەری شانۆگەرییە درەوشاوەکانی "لانەوازان"و "چەخماخە"، کە دواهەمین رۆژەکانی ژیانی بەنەدارییو دەردەداریی لەخانەی بەساڵاچووان لەئەڵمانیا بەسەربرد، لەوپەڕی بێکەسیو تەنهاییدا سەری نایەوە. ناکام ئەوەندە دڵی لەم ولاتە شکابوو، وەسیەتی کرد کە تەرمەکەی بسوتێننو نەیبەنەوە بۆ "کوردستان"!
چەند رۆژێک لەمەوبەر، کە مامۆستا حسێن عارف کۆچیدوایی کرد، چ دیمەنێکی خەمناک بوو ژمارەی ئەوانەی بەدەوری تەرمەکەیەوە بوون لەپەنجەی دەست تێنەدەپەڕین!
دیمەنی تەنیایی لەتیف هەڵمەتیش، کە بەسەر تەرمی ئازیزترین کەسیەوە، بۆ لەش بەباریو بێکەسیی خۆی دەیناڵاند، دیسان برینەکەی کولاندیینەوە!
بەڕاست بۆچی ئەم مرۆڤە گەورانە، کە کلتوری کوردییان بەرهەمهێناوەو مێژووی ئەدەبو هونەری ئێمەیان دروستکردووە، وەک هەموو گەلانی دنیا، بەڕێزێکی شایستەوە ماڵئاواییان لێناکرێو هاوسۆزیو پشتیوانییەکی راستەقینە پێشکەش بەخێزانەکەیان ناکرێت لەکاتی خەمو پەژارەیاندا؟!
ئایا دەکرێت "کۆمەڵایەتی نەبوونو ئامادەنەبوونیان لەپرسەی خەڵکییو گۆشەگیرییان"، بکرێت بەپاساو بۆ ئەوەی بەتەنها بەجێبهێڵدرێن، لەکاتێکدا ئەوان جوانترین شاکاری هونەرییو ناوازەترین دەقی ئەدەبییان پێشکەش بەزمانی کوردیو بەئێمە کردووە؟!
لەڕاستیدا چۆڵیی پرسەی رۆشنبیرانو دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنانە، زۆر سروشتیو ئاسایین.
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی سروشتیو ئاسایین، پێویستە لەرەهەندیکی دیکەوە لەم پرسە بڕوانین.
ئەمڕۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لەکوردستان دەکەونە دەرەوەی بازنەی "کلتوری ئیسلامیو خێڵو حزب"ەوە، تەنیاو گۆشەگیر دەکەونەوە.
*
کلتوری ئیسلامی (بەمانا فکریو کۆمەڵایەتییەکەی، نەک سیاسیەکەی)، هیچ کاتێک بەئەندازەی ئەمڕۆ لەکوردستاندا باڵادەست نەبووە، کاریگەرییەکی هێندە قوڵی لەسەر ئاڕاستەی بیرکردنەوەو ژیانی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، کە تەنانەت زۆربەی ئەندامانی حزبە "نا"ئیسلامییەکانیش ئێستا هەڵگری هەمان بیرکردنەوەی ئیسلامییەکانن.
هەر کەسێک لەژیانیدا ئەهلی مزگەوت نەبووبێت (مرۆڤێکی چەند داهێنەریش بووبێت)، پرسە ئەو ساتەیە کە تێیدا سزا دەدرێت. ئەمە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرامبەر بەچەندین کەسایەتیو ناوی درەوشاوەی هونەریو ئەدەبی دووبارە بووەتەوە!
بۆ ئەوەی بەڕای گشتی بڵێن: ئەمە ئاقیبەتی هەموو ئەوانەیە کە روو لەمزگەوت ناکەن.
*
خێڵو عەشرەت، هێزێکی دیکەی کۆمەڵایەتین، کە دیسان توانای خەڵک کۆکردنەوەو دروستکردنی قەرەباڵغییان هەیە لەکاتی شینو شادیدا.
هەرچەندە لەم سەدەی بیستو یەکەمەدا، کە تەکنەلۆجیاو زیرەکی دەستکرد، هەموو رەوتی ژیانی مرۆڤی گۆڕیوەو "تەنیایی" سیمای هەرە دیاری ئەم سەردەمەی ئێمەیە، کەچی هێشتا لەکوردستان هۆزو خێل نەک هەر بوونی خۆیان پاراستووە، بەڵکو ساڵانە فستیڤاڵی گەورەی پڕ لەحەشامات رێکدەخەنو سۆشیال میدیای هۆزەکانیش رۆژانە خەریکی نمایشکردنی هێزو رەسەنایەتی دیوەخانەکانی خۆیانن.
بێگومان بەشێکی فراوان لەهاوڵاتیانی کورد، هێستا متمانەیان بەچەترە گەورەکە نییە بیانپارێزێت کە "نەتەوە"یە، بۆیە دەگەڕێنەوە ژێر چەتری خێڵ.
بەتایبەتی کاتێک هاوڵاتی هەست بەوە دەکات کە دامەزراوە یاساییەکان، زۆر لەوە لاوازترن لەکوردستاندا پشتیان پێببەستێت. وەک "ئەمریگۆ بۆناسیرا"ی فیلمی عەراب، کە بۆی دەردەکەوێت "هاوڵاتی بوونو پابەندبوون بەیاساو ئەمریکی بوونێکی باش"، دادی نادات لەوەی یاسا مافی بۆ بسێنێ لەوانەی دەستدرێژییان کردوەتە سەر کچەکەی، بەناچار پەنا بۆ "دۆن کۆرلیۆن" دەبات تا تۆڵەی بۆ بکاتەوە.
زۆرێک لەخەڵکی کوردستان، دڵنیان لەوەی کە "دۆن کۆرلیۆن"ی خێڵەکانو حزبەکان باشتر دەیانپارێزێن تا یاساو دادگاو ئاسایشو پۆلیس! تەنانەت خەڵکێک کە تاوانیش ئەنجام دەدەن، ئەگەر "پشتێکیان هەبێت"، بەسوڵحو سوڵحکاریی دەرباز دەکرێن لەسزادان.
لەناو خێڵدا، کار بەو رێسایە دەکرێت "بەخەمی خزمەوە بیت، خزم بەخەمتەوە دەبێ"، ئیتر یەکێك لەدڵخۆشیو شانازییەکانیان ئەوەیە پرسەکانیان جمەی دێو جێی یەکێکی تری تیا نابێتەوە.
خێڵ، کە بەرگەی بیرۆکەو شێوازی ژیانی جیاواز ناگرێت، هونەرو رۆشنبیرییو عەقڵی کراوەی بۆچییە؟!
لەکلتوری خێڵدا، مرۆڤی رەسەنو ناڕەسەن هەیە، رەسەنەکەیان عەشایرە!
*
حزبەکان هێزێکی دیکەن، کە رۆڵێکی گەورە لەپرسەدا دەگێڕن، بەپێی گرنگی پۆست، پلەی حزبیی، زۆریو کەمیی ساڵانی خزمەتی کۆچکردووانو بەگوێرەی خزمایەتیشیان لەگەڵ سەرکردەو بەرپرسان، قەرەباڵغییان بۆ دروست دەکرێت، تەنانەت هەندێک لەپرسەکانیان، هاوشێوەی ئاهەنگ دەڕازێنرێنەوە.
حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش تەنها گرنگی بەو شاعیرو نوسەرو هونەرمەندانە دەدەن کە کاریان لەسەر جوانکارییو سپیکردنەوەی مێژووی رەشیان کردبێت، ئەگینا ئەوانەی دوای حزبو سەرکردەکانیان نەکەوتبێتن، هەمیشە پەراوێز خراونو تا توانیویشیانە ناشیرینیان کردوون.
حزبیش، شاعیرو هونەرو رۆشنبیری راستەقینەی بۆچییە؟! حزب پێویستی بە"شایەرە"!
*
ئیسلامییەکانو خێڵەکانو حزبە دەسەڵاتدارەکان، کە بەناوی ئایین، دابونەریت، نەتەوە، ئەخلاقەوە قسە دەکەنو لەسەر ئەرزی واقیع کاراو قەرەباڵغییان دروستکردووە، بەپێی رێسای سوودو بەرژەوەندیی "بزنسەکانیان"، مامەڵە لەگەڵ پرسەو ماتەمینی کەسەکان دەکەن!
لای ئەوان، رۆشنبیرییو هونەرو ئەدەبو نیشتیمانپەروەریی بە"فلسێک"، ئەوان گرنگی بەنوسەرو شاعیرو هونەرمەندە زیندووەکان نادەن، چ بگات بەمردووەکان!
ئەم کلتورە باڵادەستانە کە هەموو بەهایەکی جوانیان لەکۆمەڵگەی کوردیدا کوشتووە، بەگشتی گوێڕایەڵی وەک فەزیلەتێکو رەخنەو پرسیارکردنی رۆشنبیرانیش وەک هەڕەشەیەک دەبینن.
لەم کلتورەدا، رۆشنبیرانێکی راستەقینە کە دوای قەرەباڵغییەکی رواڵەتیو پڕ لەڕیاکاری نەکەوتبنو ئازادیو تاکایەتی خۆیان لەدەست نەدابێت، پرسەکانیان هەر چاوەڕوانی ئەو دیمەنە چۆڵو هۆڵانەی لێدەکرێت.
ئەوە میللەتانی زیندوون کە دەزانن چۆن رێزێکی شایستە لەهونەرمەندو نوسەرو رۆشنبیرە گەورەکانیان بگرنو وەک بەنرخترین سەرمایەی نیشتمانی لێیانبڕوانن، نەک عەقڵیەتی وڵاتێکی وەک کوردستان کە بەسەختی نەخۆشە!
*
کەواتە بیهینە بەرچاوت پرسەکەت:
زۆر سروشتیو ئاساییە چارەنوسی خەمناکی سمکۆ ناکامو حسێن عارفو ناڵە ناڵی لەتیف هەڵمەت، چارەنوسی هەموو ئەو رۆشنبیرو مرۆڤە تەنیاو یاخیانە بێت کە دڵیان بۆ قەرەباڵغیی مزگەوتو بۆ گەلەکۆمەکی دیوەخانو بۆ گوێڕایەڵی لقو مەڵبەندو خزمەتکاریی حزبەکان لێنادات.