2026-09-05   31     
ئاوێنە: ئەمڕۆ پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان لە (34)ـەمین فێستیڤاڵی کەلتووری کوردی نێونەتەوەیی لە دۆرتموندی ئەڵمانیا، لە لایەن ئەندامی سکرتاریەتی ئیمراڵی، وەیسی ئاکتاش کە بەشداریی فێستیڤاڵەکە بوو خوێندرایەوە و تیایدا ناوبراو رایگەیاندووە "تێکۆشانێکی سەختترمان لە پێشە، نەک ئاسانتر، بەڵام ئەم تێکۆشانە ئیتر تێکۆشانی چەک نییە".
دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:
“بۆ کۆنفرانسی کەلتووری، دۆستانی هێژا، بەشداربووانی بەڕێز، بە بۆنەی فێستیڤاڵی کەلتوورییەوە سڵاوتان لێ دەکەم، هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هۆی تێكۆشانی ئازادیی ئێوە، ناسینی یەکتر لە ڕێگەی کەلتوورەکانەوە و بەهێزبوونی بیری داهاتوویەکی هاوبەش، ئەمڕۆ لە قۆناغی پرۆسەیەکی نوێداین، دەبێت شەڕوپێکدادان و ئازارەکانی ڕابردوو لە دوای خۆمان بە جێبهێڵین، لەو شتانەی ڕوویانداوە پەند وەربگرین و ڕێگەیەکی نوێ بکەینەوە. لە بناغەی ئەم ڕێگەیەدا کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سیاسەتی دیموکراتیک و ژیانی ئازادی پێکەوەبوونی گەلان هەیە.
پێوانەی گشتی ئەوەیە؛ کۆمەڵگەکان لەناو نابرێن. ناسنامە، زمان و کەلتوور بە زۆرەملێ لەناو نابرێن. پرسی ئێمە نەهێشتنی جیاوازییەکان نییە لە دژی یەکتر، بەڵکوو پرسەکە بونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیکە کە تێیدا هەر گەلێک بتوانێت بە ناسنامە و کەلتووری خۆیەوە بە ئازادی خۆی تێدا بەشدار بێت و پێکەوە ژیان مومکین بێت.
دەبێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش، کە ئێمە پەرەمان پێداوە، لەم چوارچێوە مێژووییەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەم پرۆسەیە تەنیا ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی نوێی سیاسی نییە. لە هەمان کاتدا نیشاندانی ئیرادەیە بۆ بەجێهێشتنی شێوازی تێکۆشانی پێشوو و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ. نزیکایەتی بنەڕەتیی کە پێیگەشتووین، ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکە. ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک بەو مانایە نایەت کە کۆمەڵگەیەک دەستبەرداری ناسنامە، کەلتوور یان بوونی کۆمەڵایەتیی خۆی ببێت. بەپێچەوانەوە، بەو مانایەیە کە مرۆڤ بە ناسنامەی خۆیەوە لە ناو کۆمەڵگەدا بە ئازادی هەبێت و ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بە ڕێگەکانی دیموکراتیک ڕێکخستن بکات.
یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە یاخود وەک نایاسایی ڕاگەیەندراون، بیانگەڕێنینەوە سەر خاکی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن سیاسەتی دیموکراتیک بکەن و بەشداری لە بونیاتنانی داهاتووی خۆیاندا بکەن. ئەوە ڕاست نییە کە مرۆڤ ئەمە وەک دەستبەرداربوون لە ئازادی ببینێت. نزیکایەتییەکی لەم شێوەیە ئەوە نیشان دەدات، ئەزموونی مێژوویی و پێویستییەکانی ئەمڕۆ لە پێش ئێمەوە، بە درووستی تێناگەن. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لێرەدا دەبێتە بابەتی گفتوگۆ، گۆڕانکارییەکی ئاشتیخوازانەیە کە ئەزموونی مێژوویی خۆی هەڵبسەنگێنێت، لە بری توندوتیژی و شەڕ، هێزی سیاسەتی دیموکراتیک بە بنەما بگرێت. لەمەبەدواوە زیاتر پێویستی بە سیاسەت، ڕێکخستنبوون و تێکۆشانێکی دیموکراتیکی بەهێزتر هەیە.
کۆمەڵگەیی بوون لە باوەڕی منیشدا هەر ئەمەیە. ئەوەی کە کۆمەڵگە بتوانێت خۆی ڕێکبخات، بە مانای جێگرتنەوەی کۆمەڵگە لە شوێنی دەوڵەت نییە. پرسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کۆمەڵگە ببێتە ڕۆڵگێڕی کاریگەر و دامەزرێنەری ژیانی دیموکراتیک. هەر بۆیە دەبێت ژیانی دیموکراتیک تەنیا بە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکاندا سنووردار نەکرێت. ئیدارە خۆجێییەکان، گۆڕەپانە کەلتوورییەکان و پەروەردە، ڕێکخستنبوونی ژنان، کارەکانی گەنجان، کۆپەراتیڤەکان و هەموو ئەو ڕێکخستنانەی کە مرۆڤەکان لە دەوری ژیانی خۆیان درووستیان کردووە، بەشێکی گرنگی ژیانی دیموکراتیکن.
ئەمڕۆ وەک لە ئەورووپا، لە زۆر شوێنی جیهانیش یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی پێشیمان ئەوەیە، سەرچاوە سرووشتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەکان لە دەرەوەی خواستی ئەوانەوە بەکاردەهێنرێن. سەرچاوەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی لەلایەن کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانەوە بە شێوازێکی بێسنوور بەکاردەهێنرێن و ئیرادەی گەلانی خۆجێی حسابی بۆ ناکرێت، لە دژی ئەمە دەبێت ئێمە مافە دیموکراتیکەکانمان بەکاربهێنین. ئەگەر لە هەرێمێکدا ماددە، نەوت، ئاو یاخود هەر سەرچاوەیەکی تری سرووشتی هەبێت، سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو مرۆڤانەی لەوێ دەژین دەبێت خاوەن مافی قسە و بڕیار بن. ئیرادەی خۆجێی نابێت تەنیا ئیرادەیەک بێت کە ڕای وەبگیرێت؛ دەبێت بۆ بڕیاردان خاوەن قسەی ڕاستەقینە بێت.
ڕحا یەکێک لە نموونە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمەیە. ئەمڕۆ لەم هەرێمەدا کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی کەلتووری نیۆلۆتیک، هێشتا هەژاری و بێکارییەکی جددی هەیە. خەڵکی ڕحا دابەشبوونە بۆ سەرانسەری جیهان. ئەم تابلۆ ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەگەر کۆمەڵگەیەک مافی خۆی سەبارەت بە سەرچاوەکان و دهاتووی خۆی لەدەست بدات، ئەوا چ ئەنجامێک دێتە ئاراوە. بەم بۆنەیەوە بەتایبەتی دەمەوێت سەرنج بخمە سەر مافی بڕیاردانی ژنان سەبارەت بە ژیانی خۆیان. لە ناو کۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا ژنان ئازاد نەبن، بەڕاستیش ئێمە ناتوانین باسی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بکەین. هەموو جۆرە دەستوەردانێکی زۆرەملێ لە دژی ژیان و ئیرادەی ئازادی ژنان قبوڵ ناکرێت.
لایەنێکی تری سەرەکیی چارەسەری دیموکراتیک ئازادیی ناسنامە، باوەڕی، فکر و کەلتوورە. دەبێت زمان، کەلتوور و ناسنامەی گەلی کورد یاخود هەر گەلێکی تر وەک هەڕەشە نەبینرێت. لێرەدا کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەت ڕێگری لەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییە دەگرێت. ئەركی دەوڵەت ئەوە نییە کە کۆمەڵگە لە قاڵبدات؛ دەبێت ئەوهەلومەرجانە بڕەخسێنێت کە ناسنامە و کۆمەڵگە جیاوازەکان بە شێوازێکی ئازاد و دیموکراتیک بەیەکەوە بژین.
ڕۆژی ئەمڕۆ ئەوەی کە دەبێت بە گەنجانی ئەورووپا، هەموو هێزەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو کەسانەی تێدەکۆشن بگوترێت، ئەمەیە: لە تێکۆشانێکی سەختتر لە پێشمانە، نەک ئاسانتر. بەڵام ئەم تێکۆشانە ئیدی تێکۆشانی چەک نییە؛ بەڵکوو تێکۆشانی سیاسەت، ڕێکخستنبوون، کەلتوور، ئابووری و پشتگیریی کۆمەڵایەتییە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە قۆناغێک لە دوای خۆمان جێدەهێڵین، دەبێت گۆڕەپانی تێکۆشانی دیموکراتیکیش فراوانتر ببێت. بەهێزترین پاراستن، کۆمەڵگەی ڕێکخستنکراوە. کۆمەڵگەیەک کە دەتوانێت پرسەکانی خۆی چارەسەر بکات، دامەزراوەکانی خۆی دامەزرێنێت، کەلتووری خۆی زیندوو ڕابگرێت و سیاسەتی دیموکراتیک بکات، دەتوانێت داهاتووی خۆیشی بە شێوازێکی بەهێزتر بپارێزێت.
لەو باوەڕەدام، دەبێت ئەورووپا تەنیا وەک چاودێرێکی دەرەکی لەم پرۆسەیە نزیک نەبێتەوە. ئەزموونی مێژوویی ئەورووپا ئەوە نیشان، دەدات کە شەڕوپێکدادانی دەوڵەت-نەتەوەکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی چەندین لێکەوتەی قورس. بەڵام هەمان مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە ئەو مۆدێلانەی تێیدا ناسنامە و گەلە جیاوازەکان لە ناو یاسای دیموکراتیکدا پێکەوە بژینیش مومکینە.
ڕۆژی ئەمڕۆ ئەوەی کە پێویستیمان پێیەتی، جیابوونەوەی گەل و باوەڕییەکان لە یەکتر نییە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئازادی و ناسنامەکانمان بپارێزین و بە شێوازێکی دیموکراتیک پێکەوە بژین. بێگومان ڕەنگە سەبارەت بە لایەنی چۆنیەتی و تیۆرییەکانی ئەو پرۆسەیەی کە پەرەمان پێداوە، ڕەخنە و تێبینی هەبن. بەڵام دەبێت ئەم دۆخە نەبێتە ڕێگر لە پێش ئەوەی بێنە لای یەک و پێکەوە تێبکۆشن. با لەگەڵ ڕەخنەکاندا، کەموکوڕییەکانی قۆناغی نوێ پێکەوە تەواو بکەین.
بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێت متمانە درووست بێت. تا متمانە نەبێت هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک هەمیشەیی نابێت. هەر بۆیە دەبێت چاکسازییە یاساییەکان ڕێگرییان لێ نەکرێت، ئاستەنگییەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک لاببرێن و ئەو هەلومەرجانە دەستەبەر بکرێن کە هەموو لایەنەکانی پرۆسەکە هەست بە سەلامەتی بکەن. هیوادارم ئەم فێستیڤاڵەی ئێوە بەشداری لەم گفتوگۆیەدا بکات و ببێتە هۆی ئەوەی گەلان یەکتر باشتر تێبگەن و لە یەکتر نزیک ببنەوە.
ئەرکی قۆناغی نوێ دووبارەکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو پەند وەرگرتنە لە ڕابردوو و بونیاتنانی ژیانێکی نوێی دیموکراتیکتر و ئازادترە.
بە ڕێزەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان-ئیمراڵی.”