سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەرزی سەرما لە هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووە، نرخی سووتەمەنی هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سپیی ماڵان لە بازاڕەکاندا 250 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە. ئەم نرخە لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوت تەنیا نزیکەی 120 هەزار دینار بوو، بازرگانانی سووتەمەنیش هۆکاری ئەم جیاوازییە گەورەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کۆ لە سەرچاوەکانی دابینکردنەوە دەگەڕێننەوە.
ئاوێنە: لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە تاوەکو مانگی داهاتوو هیچ ڕێنماییەکی فەرمی بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی پاڵپشتیکراوی حکومی ڕاناگەیێندرێت.
لەم بارەیەوە، سەلام عومەر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕوونکردنەوەی دا کە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت تاوەکو ئێستا لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا (مانگی 10) وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕێنماییەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو ئاشکرا بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا بڕی 200 لیتر بە 104 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنەکەشدا نرخی نەوت لە بازاڕە ئازادەکاندا ڕوو لە دابەزین دەکات، بۆیە بە باشی دەزانێت هاووڵاتییان لە ئێستادا پەلە لە کڕینی نەوتدا نەکەن.
پەیوەست بە دابینکردنی بڕی پێویستی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەغدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ وەرزی نوێش داوای فەرمییان ئاراستە کردوون تاوەکو هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق پشکی تەواوەتی بۆ هەرێم بنێردرێت، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.