لەگەڵ ڕاگەیاندنی زیادکردنی بڕی دۆلاری نەختینەی هەناردەکراو لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، شارەزایەکی بواری ئابووری هۆشداری لەبارەی دروستبوونی تێگەیشتنی هەڵە لە بازاڕدا دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە زیادبوونی ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا (بازاڕی ئازاد)، جەختیش لەسەر پێویستیی ڕوونکردنەوەی میکانیزمی دابەشکردنی دۆلار بە شێوەیەکی دروست دەکاتەوە.
ئاوێنە: ئەم هەڵسەنگاندنەی زیاد هاشمی، شارەزای کاروباری ئابووری، لە دوای لێدوانێکی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو حکومەتەکەی توانیویەتی لە ڕێگەی بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە، ناردنەوەی دۆلاری نەختینەی مانگانە بگەیەنێتە 500 ملیۆن دۆلار، و لە هەوڵی بەردەوامیشدایە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو بڕە بۆ یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا بەرز بکاتەوە.
لە بەرامبەر ئەم ئامارانەدا، زیاد هاشمی شیکردنەوە بۆ شێوازی مامەڵەکردنی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ ئەو دۆلارە نەختینەیە دەکات و دەڵێت: "بانکی ناوەندی دۆلاری نەختینە بە شێوەیەکی کراوە و بێ مەرج بۆ فرۆشتن ناخاتە ناو بازاڕی ناوخۆوە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە بانکییە دیاریکراوەکانەوە و بۆ مەبەستی تایبەتی وەک گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی، خوێندن لە دەرەوە و هەندێک جۆری گواستنەوەی دارایی دابەشی دەکات. هاوکات، ئەو دۆلارەی بۆ حەواڵە و گواستنەوە دەرەکییەکان تەرخان دەکرێت، بۆ پارەدارکردنی پرۆسەی بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا بەکاردەهێنرێت."
ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دانانی مەرج و سنووردارکردنی پشکی دۆلاری گەشتیاران، شانبەشانی دیاریکردنی کاتی وەرگرتنی پارەکە، وا دەکات کاریگەریی زیادبوونی بڕی دۆلاری هەناردەکراو لەسەر بازاڕ کەم ببێتەوە.
بە گوتەی هاشمی، هەرچەندە زیادبوونی بڕی دۆلار دەتوانێت قەبارەی داواکاریی گەشتیاران لەسەر کڕینی دراو لە بازاڕی هاوتەریب کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بە تەنیا نابێتە هۆی زۆربوونی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆدا و دابەزینی نرخەکەی بەرامبەر بە دینار مسۆگەر ناکات.
سەبارەت بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ جێگیرکردنی بەهای دراو، ئەو شارەزایە جەخت دەکاتەوە کە دابەزاندنی ڕاستەقینە و بەردەوامی نرخی دۆلار پێویستی بە پاکێجێکی چاکسازی هەیە، کە بریتییە لە: چارەسەرکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی پشت داواکاریی دۆلار لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی بانکی، پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ بازرگانان و هاوردەکاران، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی مامەڵە داراییە نافەرمییەکان و ڕێگریکردن لە بازرگانیی سنووربەزێن.