پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لە بەغدا بە "خاوی" دەستیپێکردووە، بەوتەی ئەو تەمویلی مووچەی هەرێم ئەگەری هەیە بگاتە ١٥ی ئەیلول.
ئاوێنە: شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی دواین پێشهاتەکانی مووچەی مانگی ٨ تایبەت بە ئاوێنەی وت "مووچەی مانگی هەشت لەبەغدا زۆر بەخاوی دەستیپێکردووە و پێدەچێت لەم هەفتەدا دابەشکردنەکە خێرا بکرێت، چونکە هێشتا بەغدا کێشەی سیولەی هەیە بۆ ئەم مانگەش. چونکە داهاتەکە هی ئەو کاتەیە کە نەیتوانیوە نەوت هەناردە بکات".
سەبارەت بە تەمویلی مووچەی هەرێمیش، میرزا رایگەیاند "مووچەخۆران دەبێت بەوجۆرەیە خۆیان رابێنن کە تا کۆتایی ساڵ لە ١٥ی مانگی داهاتوو بەدواوە مووچەی مانگی پێشتری وەردەگرێت. هەربۆیە ئەگەری هەیە مووچەی مانگی ٨ی هەرێم لە ١٥ی ئەم مانگە کە ئەیلولە تەمویل بکرێت، بەغدا ئەوکاتەیە مووچەی هەرێم دەنێرێت کە تەنیا بەشێک لە سەرۆکایەتییەکانی بمێنێت".
پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ئاوێنە د. غالب محەمەد، ئەندامی رەوتی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە دۆخی ماددی عێراق بەرەو باشی رۆشتووە و لە کۆمپانیای سۆمۆوە راپۆرتێکی بەدەستگەیشتووە لەسەر هەناردەکردنی نەوت، نزیکەی ٩٣ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بۆ مانگی هەشت کە داهاتەکەشی ٦ ملیارە.
هەروەها رونیشیکردەوە کە مانگی پێنج و شەش هەرێم ٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، مانگی ٧ ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ ٤٣ ملیۆن و مانگی ٨ـیش ئەوە گەیشتبووە نزیکەی ٩٣ ملیۆن کە داهاتەکە سێ بەرامبەر زیادی کردووە.
بۆ ئەو مەبەستە، شیروان میرزا دەڵێت "نازانرێت ئایا ئەو پارەیەی کە نەوتی هەناردە کراوە و نزیکەی ٦ ترلیۆن دینارە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ٨ فریا دەکەوێت؛ یاخود دەچێتە مانگەکانی داهاتوو. هەربۆیە ئەگەری هەیە بۆ مانگی ٩ و ١٠ دۆخی دارایی عێراق باش ببێت".