ئەڤیندار ئارارات، ئەندامی کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە میانەی بەشداریکردنی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی «ستێرک تیڤی»، چەند پرسێکی پەیوەست بە دۆخی سیاسی، پرۆسەی ئاشتی، مافەکانی ژنان و پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی ئۆجەلان
سەبارەت بە دۆخی پرۆسەی سیاسی و ئاشتی، ئارارات ئاماژەی بەوە کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک لایەنی سەرەکیی دانوستانکار ڕێبەرایەتیی هەوڵەکانی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکات. ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمان، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بە سستی دەڕوات و ڕووبەڕووی کۆسپ بووەتەوە. بە بڕوای ئەو، بێ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت.
تێکۆشانی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی
ئەندامەکەی کۆردیناسیۆنی پژاک جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە بەرامبەر قوربانییاندا ڕەنگدانەوەی قارەمانێتی و پێداگری بن لەسەر ژیانێکی ئازاد، کە بە وتەی ئەو، گوزارشت لە ڕاستیی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد دەکەن و یەکێتیی نەتەوەیی پتەوتر دەکەن. لە هەمان کاتدا داوای لە ژنانی کورد و تورکیا کرد بەرەیەکی هاوبەش دژی زیهنیەتی نەتەوەپەرستی و توندوتیژیی ڕەگەزی پێکبهێنن. هاوکات دەستخۆشی لە هەڵمەتەکانی گەنجان کرد کە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، سیخوڕی و دیاردەی چەتەگەری وەستاونەتەوە.
هەڵوێست لەسەر پرسی زمان لە سووریا
سەبارەت بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی دیمەشق، ئارارات ڕایگەیاند کە داننان بە ناسنامەی کورد بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی و خوێندن لە تەواوی سیستەمی پەروەردەدا جێگیر بکرێت و بە هیچ شێوەیەک تەنها وەک وانەیەکی بژاردە سەیر نەکرێت.
دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران
بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» و ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی پژاک داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کۆتایی بە سزای لەسێدارەدان بهێنن. هەروەها داوای کرد ڕێز لە ئیرادەی ژنان و زیندانییانی سیاسی بگیرێت، بە دیاریکراویش ئاماژەی بە دۆخی هەریەکە لە زینەب جەلالیان، وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کرد.
بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کولتووری
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئارارات داوای کرد کە لە ٥ی ئەیلولدا بەشدارییەکی فراوان لە ٣٤ـەمین فێستیڤاڵی کولتووری کوردی لە شاری دۆرتموندی ئەڵمانیا بکرێت، بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی داواکاری بۆ ئازادیی ئۆجەلان و خستنەڕووی دەستکەوتەکانی ٥٢ ساڵی ڕابردووی تێکۆشان.