دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و دەتوانێت ناسنامەی هەر کەسێک کە دەچێتە ناویان یان لێیان دەردەچێت بزانێت، سێ بنکە ئەتۆمییەکەى ئێران بە تەواوی وێران کراون، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری بوونی بنکەیەکی تر لەلایەن لە شاخى فاس کرد.
ئاوێنە: دونالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە بارەى چاودێریکردنى بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران و لەناوبردنى چەند بنکەیەک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی “GB News”ی بەریتانی زانیارى نوێی ڕایگەیاند، کامێرامان هەیە چاودێریی هەموو ناوچە سەرەکییەکانی سێ بنکەی ئەتۆمییەکى ئێران دەکات، هەروەها کامێرامان لەسەر شاخ فاسیش هەیە، هەموو کەسێک دەناسین کە دەچێتە ژوورەوە و دەردەچێت و دەتوانین ناوەکانیان بزانین، هەروەها چاودێرییەکە بنکەی فاس و سێ بنکە ئەتۆمییەکەی تر کە ساڵی ڕابردوو کەوتنە بەر هێرشەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە.
ترەمپ دووپاتى کردەوە، سێ بنکە ئەتۆمییەکەى ئێران بە تەواوی وێران کراون، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری بوونی بنکەیەکی تر لەلایەن تارانەوە لە شاخی فاس کرد و وتى: ئەمریکا دەزانێت لەوێ چی ڕوودەدات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختى کردەوە، ئێران لە نێوان دوو هەفتە بۆ چوار هەفتە دوور بوو لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بەر لە هێرشەکانی ئەمریکا، هەروەها ڕێگریکردن لە تاران لە پەرەپێدانی ئەم چەکە ئامانجی سەرەکیی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکایە.