وه‌زیری دارایی عێراق ئه‌مڕۆ چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
  2026-09-03       78       

به‌قسه‌ی په‌رله‌مانتارێكی كورد كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ(پێنجشه‌ممه‌)ی لیژنه‌ی ستراتیژییه‌تی بودجه‌ی كردوه‌ كه‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تێیدا ئاماده‌بون، وه‌زیری دارایی عێراق باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ نیه‌تییاندا هه‌یه‌ گرێبه‌سته‌كان دابمه‌زرێنن له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌دا، به‌ڵام بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی قسه‌ی تری له‌وباره‌یه‌وه‌ كردوه‌. هه‌روه‌ها وه‌زیری دارایی عێراق چه‌ند داوایه‌كیشی ئاڕاسته‌ی وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم كردوه كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌ بوه‌ پێی وتون "دانوستانکارێکی عیناد مەبن بۆ ئەوەی هەمو شتتان لەدەست نەچێت."

ئاوێنه‌: ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، وه‌كو خۆی ده‌ڵێت، تاكه‌ په‌رله‌مانتاری كورد بوه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ستراتیژیه‌تی بودجه‌دا به‌شداربوه‌ كه‌ تێیدا وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌بون.

به‌قسه‌ی ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید له‌ كۆبونه‌ه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ کە لەڕۆژی شەممەوە دەستبکرێت بە نوسینەوەی تێکستە یاساییەکان و تەرخانکراوەکانی بودجه‌ .

وتوشیه‌تی، وەزیری دارایی لیژنەی ستراتیژیەتی راسپارد کە دەبێت رەشنوسی پرۆژەکە ئامادەبێت لە ناوەراستی مانگی (9) بۆ ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان و پابه‌ندیشی راگەیاند کە دەبێت لە ناوەڕاستی مانگی (10)  پرۆژەکە بگاتە پەرلەمان .

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، نزیکەی بری دو ترلیۆن و نیو تەرخان ده‌كرێت بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و نزیکەی  یەک ترلیۆن و نیو دیناریش تەرخان دەکرێت بۆ پترۆ دۆلار کە شمولی ئەو بڕەنەوتەی هەرێمیش دەکات کە رادەستی سۆمۆ دەکرێت، وتوشیه‌تی، دەبێت وەفدی هەرێم وردبن لەسەر ئەو بڕەی کە ته‌رخانکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی کە (50) هەزار بەرمیلە  و دەبێت بەهەمان شێوە پترۆ دۆلار وەربگیرێت.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئاشكراشیكردوه‌، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کرد کە لەنیەتیاندا هەیە گرێبەستەکان دابمەزرێنن لەگەڵ پلەبەرزکردنەوەدا، هەرچەندە بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی قسەی تری كردوه‌.

په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌، به‌ وه‌زیری دارایی عێراقی وتوه‌، "خوازیارم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سفر بکەیتەوەو لەمیانی قسەکانمدا باسم لە زیندانیان و دەرچوە یەکەمەکان و گرێبەستەکان و خانەنشینەکان کرد کە بڕیاری دادگامان هەیە بۆ هەندێ بابەتی قەرەبوکردنەوە."

به‌قسه‌ی ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وەزیری دارایی عێراق ئەم  راسپاردانەی ئاراستەی وەفدی هەرێم کردون و پێی وتون:

"یەکەم: تکاتان لێدەکەم هیچمان لێمەشارنەوەو هەمو تۆمارکراوەکانمان بەئاشکرا بخەنەبەردەست بۆ ئه‌وه‌ی لەبەرانبەردا هەمو تواناکانمان بخەینە بەردەستتان.

دوەم: دانوستانکارێکی عیناد مەبن بۆ ئەوەی هەمو شتتان لەدەست نەچێت .

سێیەم: تکایە  شەفاف بن، ته‌فاهومتان هەبێت و بەردەوام بن لەگەڵمان."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×