مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی پێشوی هه‌سه‌ده رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و مافانه‌ی كه ئێستا له سوریا بۆ كورد به‌ده‌ستهاتون به‌س نین و ده‌كرێت فراوانتربكرێن. ده‌شڵێت، ده‌بێت مافه نەتەوەیی، كو‌لتوری، ئیداری و زمانییه‌كانی كورد له "سوریای نوێ"دا به ده‌ستوور مسۆگه‌ر بكرێن. ئاماژه به‌وه‌شده‌دات، هێشتا له ئه‌ركه نوێیه‌كه‌یدا وه‌كو راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌ستبه‌كار نه‌بوه.
ئاوێنه: مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رماده‌ی گشتیی پێشوی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فۆزیۆنیدا بۆ میدیای توركیا تیشكده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌ی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، مافه ده‌ستورییه‌كانی كورد، خوێندنی زمانی كوردی، پێكهێنانی پارتێكی نوێی سیاسی له رۆژاڤا، مه‌ترسیی ڕێكخراوی داعش و ڕۆڵی توركیا له سوریادا.
مه‌زڵوم عه‌بدی، كه پێشتر له گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگدا به جلی سه‌ربازییه‌وه ده‌بینرا، ئێستا وه‌ك ڕاوێژكاری سه‌رۆكایه‌تیی سوریا به جلی مه‌ده‌نییه‌وه له‌به‌ر دیمه‌نی كامێرا‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.
به بڕوای عه‌بدی، ئه‌م گۆڕانكارییه تەنیا هێما نییه بۆ گۆڕانكارییه‌كی شه‌خسی له ئه‌ركدا، به‌ڵكو هێمایه بۆ سه‌رده‌مێكی سیاسیی نوێ بۆ كوردان له سوریادا.
عه‌بدی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه دوای 15 ساڵ له خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ستیپێكردوه، به "كۆتاییه‌ك، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به ده‌ستپێكێك"یش وه‌سفی ده‌كات.
به‌پێی وته‌ی ئه‌و، ئێستا ململانێكه له گۆڕه‌پانی چه‌كدارییه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی ده‌گواسترێته‌وه.
سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ناو ده‌وڵه‌تی سوریادا، عه‌بدی پێی وایه پرۆسه‌كه نە "خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان"ـە و نە سه‌ركه‌وتنی لایه‌نێكه به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی تردا.
عه‌بدی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كورد له ناوچه‌كه‌ی خۆیدا به‌درێژایی ئه‌م چه‌ند ساڵه له بواره‌كانی سیاسی، سه‌ربازی، ئابوری و ئیداریدا ئه‌زمونێكی گه‌وره‌ی له حوكمڕانیدا دروستكردوه، به‌ڵام ده‌ڵێت ئه‌مه قۆناغێكی كاتییه.
به‌بڕوای ئه‌و، پرسه ڕاسته‌قینه‌كه جۆری ئه‌و پێگه‌یه‌یه كه كورد له دوای ئه‌م ئه‌زموونه له‌ناو ده‌وڵه‌تی سوریادا به‌ده‌ستی ده‌هێنێت.
عه‌بدی ئاماژه به بونی جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان سیاسه‌ته‌كانی ڕژێمی به‌عس له نكۆڵی‌كردن له بونی كورد و سه‌رده‌می ئێستادا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه بۆ یه‌كه‌مجاره ده‌رفه‌ت بۆ كورد هه‌ڵده‌كه‌وێت به ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆیانه‌وه به‌شداری له پێكهاتەی نوێی ده‌وڵه‌تی سوریادا بكه‌ن.
له‌به‌رئه‌وه، عه‌بدی، پرۆسه‌ی تێكه‌ڵكردنه‌كه وه‌ك دەستبەرداربونی ته‌واو له ده‌ستكه‌وته‌كانی پێش‌و نابینێت. باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه هێشتا هه‌مو داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كراون.
عه‌بدی راشیده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌بێت مافه نەتەوەیی، كو‌لتوری، ئیداری و زمانییه‌كانی كورد له "سوریای نوێ"دا به ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن و داوای فراوانكردنی زیاتری ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستاش ده‌كات.
عه‌بدی له كاتی ڕاگه‌یاندنی ته‌واوبونی پرۆسه‌ی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له 20ی ئابدا، ڕونی كرده‌وه كه ئه‌مه بڕیارێكی ئاسان نه‌بوه بۆیان.
عه‌بدی ڕاشیگه‌یاند كه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ماوه‌ی 15 ساڵ له خه‌باتی خۆیاندا هه‌زاران قوربانییان داوه و بنكه‌یه‌كی جەماوەریی به‌هێزیان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا پاراستوه، بۆیه سه‌یری ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان نه‌كردوه وه‌ك كۆتایی، به‌ڵكو وه‌ك راگوزه‌رێكه به‌ره‌و شێوازێكی نوێی خه‌بات.
مه‌زڵوم عه‌بدی ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كورد به ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه شوێنی خۆی له‌ناو ده‌وڵه‌تی سوریادا وه‌ربگرێت.
به‌پێی وته‌ی عه‌بدی، خه‌باتی سیاسی شوێنی خه‌باتی چه‌كداری ده‌گرێته‌وه. بۆیه پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه سیاسییه‌ی كه ڕه‌نگه به كۆتاییهاتنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دروست ببێت، گرنگترین پرسی سه‌رده‌مه نوێیه‌كه بێت.
سه‌باره‌ت به زمانی كوردی، عه‌بدی هه‌ڵوێستێكی وریایانه‌تر ده‌رده‌بڕێت. به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه له ماوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژاڤادا منداڵان دەیانتوانی له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه تا زانكۆ به زمانی كوردی بخوێنن، عه‌بدی ده‌ڵێت، ئه‌و مافی خوێندنه‌ی به زمانی كوردی كه ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌ت دانی پێداوه، ناگاته ئاستی ئه‌و ئه‌زمونه‌ی خۆیان.
له‌به‌رئه‌وه مه‌زڵوم عه‌بدی پێی وایه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ر رێكاره‌كانی ئێستا ڕه‌وان.
عه‌بدی جه‌خت ده‌كاته‌وه كه كێشه‌ی كورد ناكرێت ته‌نیا له ڕێگەی ڕوانگه‌ی گروپێكی دیاریكراوی ناو سورياوه لێكبدرێته‌وه و هه‌ڵوێستی وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌ش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه هه‌یه.
به‌ڵام مه‌زڵوم عه‌بدی جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه كورد له‌سه‌ر سه‌لماندنی ئیراده‌ی خۆی سه‌باره‌ت به زمانی دایكی به‌رده‌وام بێت.
عه‌بدی ئه‌وه‌ش ده‌بینێت كه گه‌لی كورد وه‌ك به‌شێك له‌م خه‌باته به‌رده‌وام ده‌بێت له ناردنی منداڵه‌كانی بۆ ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه وانه به زمانی كوردی ده‌ڵێنه‌وه.
بۆ عه‌بدی، پرسی زمانی كوردی وه‌ك زمانی دایك ته‌نیا بابه‌تێكی سیاسی نه‌بوه، وه‌ك له چیرۆكی ژیانی خۆیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
عه‌بدی چیرۆكی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی له سه‌رده‌می منداڵی‌دا ده‌گێڕێته‌وه به‌هۆی خوێندنه‌وه و نوسینی په‌ڕتوك به زمانی كوردی. ئه‌و ده‌ڵێت كاتێك ته‌مه‌نی ته‌نیا 13 یاخود 14 ساڵ بو، پۆلیس به‌هۆی په‌ڕتوكی كوردییه‌وه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر قوتابخانه‌كه‌ی و نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك زیندانیان كردوه.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه ئه‌و په‌ڕتوكانه‌ی له قوتابخانه‌كه‌یدا دۆزرانه‌وه په‌یوه‌ندیداربون به مێژوی كورد، جه‌ژنی نه‌ورۆز و ئه‌فسانه‌ی كاوه، بۆیه ئه‌و دانپێدانان به زمانی كوردی دا، ئه‌گه‌رچی سنورداریش بێت، له‌ناو سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌تی سوریادا دوای ئه‌و هه‌مو ساڵه، به گەشەسەندنێکی مێژویی هه‌ژمار ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌و به دیاریكراوی جه‌خت ده‌كاته‌وه كه ئه‌مه بڕیارێكی به‌س نییه. به‌پێی ڕوانگه‌ی ئه‌و، هه‌نگاوی ئێستا ته‌نیا ده‌ستپێكێكه و ئه‌گه‌ر كورد ئیراده‌ی خۆی نیشان بدات، ده‌كرێت به تێپه‌ڕبونی كات مافه‌كانیان فراوانتر بكرێن.
عه‌بدی ده‌ڵێت، پرۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوری داهاتو بۆ كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه تا ئێستا خشته‌یه‌كی كاتی دیاریكراو نییه، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ماوه‌ی دوو تا سێ مانگی داهاتوودا لیژنه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور پێكبێت و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رانی كورد له‌م لیژنه‌یه‌دا به‌شدار بن.
عه‌بدی به بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ڕێككه‌وتنه‌كانی ١٠ی ئازار و ٢٩ی کانونی دوەم بڕیاری په‌یوه‌ست به كورد و زمانی كوردی‌یان تێدا بو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه فه‌رمانه سه‌رۆكایه‌تییه‌كانیش ڕێنمایی په‌یوه‌ندیدار به مافه‌كانی كوردیان تێدا بو.
به‌ڵام به‌پێی وته‌ی عه‌بدی، كۆمەڵێک گه‌ره‌نتیی ده‌ستوری پێویستن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه ببنه ده‌ستكه‌وتی هه‌میشه‌یی.
عه‌بدی جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی جێگیركردنی مافه نەتەوەیی، كو‌لتوری، زمانی و ئیدارییه‌كانی كورد له سیسته‌می ده‌ستوریدا ده‌كاته‌وه و ده‌شڵێت، دەستكه‌وته‌كانی ئێستا زۆر دورن له به‌دیهێنانی هه‌مو داواكارییه‌كانی كورد.
عه‌بدی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردودا، له ناوچه‌كه‌یاندا ته‌نیا دامه‌زراوه‌ی سیاسی و سه‌ربازی ده‌رنه‌كه‌وتون، به‌ڵكو شێوازێكی نوێی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش هاتوه‌ته ئاراوه.
عه‌بدی ده‌ڵێت ئه‌گه‌رچی ئه‌م شێوازه‌ی ژیان ڕه‌نگه به‌ته‌واوی له ڕوی یاساییه‌وه پارێزراو نه‌بێت، به‌ڵام كو‌لتور و ئه‌زمونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌كه‌دا دروستبوه و ئه‌و بڕوای وایه كه ئه‌مه به‌رده‌وام ده‌بێت.
عه‌بدی دانی پێدا ده‌نێت كه سوريا ڕوبه‌ڕوی ئاسته‌نگی گه‌وره ده‌بێته‌وه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانی، دیموكرات و مه‌ده‌نیدا، به‌ڵام بڕوای وایه ده‌رفه‌تی زیاتر هه‌یه به‌راورد به سه‌رده‌می حزبی به‌عس.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه سوريا ده‌یه‌وێت بەڕوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا بكرێته‌وه و پابه‌ندی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و بڕوای وایه بوارێكی فراوانتر هه‌یه بۆ دامه‌زراندنی سوریایه‌كی دیموكرات و عه‌لمانی له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا.
به كۆتاییهاتنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، عه‌بدی ڕوبه‌ڕوی پرسیارێكی تر ده‌بێته‌وه: چۆن ئه‌و فه‌زا سیاسییه‌ی كه گروپه چه‌كدارەکه دوای خۆی جێیهێشتوه پڕده‌كرێته‌وه؟
عه‌بدی جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ماوه‌ی 15 ساڵدا ڕۆڵێكی ئاوه‌دانی و گرنگی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه گێڕاوه، پاراستونی و زیانی چه‌شتوه. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت ناكرێت چاوپۆشی له‌و بۆشاییه سیاسییه بكرێت كه به كۆتاییهاتنی ئه‌م هێزانه دروست ده‌بێت.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه ئه‌كته‌ره سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه كاریان له‌سه‌ر پارتێكی سیاسیی نوێ كردوه، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه شێواز و ناوی ئه‌م پێكهاته‌یه تا ئێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه.
به‌ڵام عه‌بدی پێی وایه دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسیی نوێ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كییه. به‌پێی ڕوانگه‌ی ئه‌و، ده‌بێت بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و ئه‌زمونی سیاسیی به‌ده‌ستهاتو دوای 15 ساڵ له خه‌بات بگواسترێته‌وه بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی له‌م قۆناغه نوێیه‌دا.
له‌م روه‌وه، عه‌بدی ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو كه گواستنه‌وه له خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه بۆ خه‌باتی سیاسی ته‌نیا به گۆڕینی گوتار نابێت، به‌ڵكو پێویستیی ڕێكخستنێكی سیاسیی نوێش له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت.
عه‌بدی له كاتی تاوتوێكردنی پارته سیاسییه نوێیه‌كه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر پێگه‌ی ساڵح موسلیم، ئه‌ندامی كۆچكردوی ئه‌نجومه‌نی هاوسه‌رۆكایه‌تیی پارتی یه‌كێتیی دیموكرات-په‌یه‌ده ده‌كاته‌وه كه له ١١ی ئاداری ٢٠٢٦ كۆچی دوایی كرد.
عه‌بدی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه پێناسه‌كردنی ساڵح موسلیم ته‌نیا له ڕوانگه‌ی په‌یه‌ده‌وه ناته‌واو ده‌بێت، ده‌شڵێت، ناوبراو مێژوویه‌كی سیاسیی درێژی له سیاسه‌تی كوردی سوریادا هه‌بوه.
عه‌بدی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه موسلیم له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و دورخراوه‌ته‌وه و خێزانه‌كه‌شی باجێكی قورسیان داوه، ده‌شڵێت، منداڵه‌كانی ساڵح موسلیمیش له كاتی جه‌نگدا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
عه‌بدی جه‌خت ده‌كاته‌وه كه میراتی سیاسیی ساڵح موسلیم له سه‌رده‌می نوێ‌دا ده‌پارێزرێت و یادوه‌ریی ئه‌و له‌سایه‌ی پارته سیاسییه نوێیه‌كه‌دا به زیندویی ده‌مێنێته‌وه.
عه‌بدی ده‌ڵێت، داعش وه‌ك پێشتر به‌هێز نه‌ماوه، به‌ڵام به‌ته‌واوه‌تی له‌ناونه‌چوه. ئاماژه به‌وه ده‌كات كه داعش هێشتا خاوه‌نی بنكه‌ی ئایدۆلۆژی، سه‌رچاوه‌ی دارایی و هێزی مرۆییه و جه‌خت ده‌كاته‌وه كه نابێت ته‌نیا وه‌ك گروپێكی چه‌كدار سه‌یری بكرێت.
مه‌زڵوم عه‌بدی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له ٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، ڕێكخراوی داعش سه‌رده‌مێك چالاكییه‌كانی زیاتر بونه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه ئه‌مڕۆ لاوازتر بوه، هێشتا توانای ئه‌نجامدانی هێرشی ماوه.
له‌به‌ر ئه‌وه، عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه پێویسته وریایی هه‌بێت سه‌باره‌ت به ئاسایشی ناوچه‌كه‌و وتیشی، ڕێكخراوی داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه كه مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه دوباره هێزی خۆی رێكبخاته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه توركیا ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له سوریادا بگێڕێت؟ به‌پێی وته‌ی عه‌بدی، هه‌ژمون و كاریگه‌ریی توركیا له سه‌رده‌می نوێی سوریادا به‌رده‌وام له زیادبوندا ده‌بێت.
عه‌بدی ڕاشیگه‌یاند كه توركیا ئه‌كته‌رێكی گرنگه به‌هۆی پێگه‌ی وه‌ك دراوسێ و توانای ئابوریی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سوریادا و ئه‌و بڕوای وایه ئەنقەرە ده‌توانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی لە دوباره بونیادنانه‌وه‌ی سوریادا بگێڕێت.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه بوارگه‌لێك هه‌ن ده‌توانن تێیاندا هاوكاری له‌گه‌ڵ توركیادا بكه‌ن سه‌باره‌ت به گەشەپێدانی ئابوری و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، وتیشی كه سه‌قامگیریی سوريا بۆ توركیاش گرنگه.
هه‌روه‌ها عه‌بدی له‌م قۆناغه‌دا گرنگیی تایبه‌ت ده‌دات به‌و پرۆسه‌ی ئاشتییه‌ی له توركیا هه‌یه.
مه‌زڵوم عه‌بدی جه‌خت ده‌كاته‌وه كه ناكرێت سه‌یری كێشه‌ی كورد له توركیا و كێشه‌ی كورد له سوریادا به شێوه‌یه‌كی دابڕاو بكرێت، ده‌شڵێت، كه هه‌ردو كێشه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌بوه.
عه‌بدی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه توركیا پێشتر هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هه‌ژمار ده‌كرد، كه ئه‌مه‌ش بووه هۆی قۆناغێك له ململانێ. ئه‌و بڕوای وایه پرۆسه‌ی ئاشتیی له توركیا كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی له‌سه‌ر سورياش هه‌یه.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه پرۆسه‌كه‌ی نێوان عه‌بدوڵا ئۆجەلان و توركیا ده‌توانێت به‌شدار بێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له سوریادا، جه‌ختی كرده‌وه كه ئه‌وان كراوه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا له قۆناغه نوێیه‌كه‌دا.
عه‌بدی ده‌ڵێت ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی هێشتا به فه‌رمی ده‌ستی پێنه‌كردوەو دوای ته‌واوبونی كاره‌كانی په‌یوه‌ندیدار بە تێكه‌ڵكردنه‌وه، له دیمه‌شق ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
مه‌زڵوم عه‌بدی پلانی هه‌یه به‌شێك له كاته‌كانی له دیمه‌شق به‌سه‌ر ببات و کاتێک ده‌ستبه‌كار بو له پۆسته‌كه‌ی کەمێک له خه‌ڵكی ناوچه‌كه دوربكه‌وێته‌وه.
به‌پێی وته‌ی عه‌بدی، سه‌باره‌ت به توركیا، وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وله‌ویه‌ت دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانتر بێت كه له بواری ئه‌منی تێپه‌ڕێت.
عه‌بدی بڕوای وایه كه باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا به‌شدار ده‌بێت له هاتنه‌دیی سه‌قامگیریی گشتی له سوریادا.
عه‌بدی ڕایگه‌یاند كه سه‌رده‌مێكی نوێ له ناوچه‌كه‌دا ده‌ستیپێكردوه، به‌ڵام كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه چۆن هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دیمه‌نه سیاسییه نوێیه‌كه بكرێت كه دوای 15 ساڵ له جه‌نگ و ئه‌زمونی حوكمڕانی هاتوه‌ته ئاراوه.
مه‌زڵوم عه‌بدی ئامانجی كورد له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا، كه سیاسه‌ت شوێنی چه‌كی گرتوه‌ته‌وه، به‌م شێوه‌یه وه‌سف ده‌كات: "نه‌ك دروستكردنی قه‌وارەیه‌كی جیا له سوريا، به‌ڵكو ده‌بن به یه‌كێك له ڕه‌گەزه دامه‌زرێنه‌ره‌كانی سوريا به ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆیانه‌وه و له‌گه‌ڵ فراوانكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه تا ئێستا به‌ده‌ستهاتون ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی گه‌ره‌نتیی ده‌ستورییه‌وه."