پاش ئەوەی سێنتیکۆم وەڵامی هێرشێکی سوپای پاسدارانی دایەوە سێ کەشتی ئێرانیان کردە ئامانج، لەبەرامبەردا وتەبێژی ناوەندی خاتومولئەنبیا هۆشدارییەکی توندی بە واشنتۆن دەدات و ئاماژە بەوەدەکات هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان "توندتر" دەبن.
ئاوێنە: ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بنکەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام بێت لە کردەوە شەڕانگێزییەکانی، هەروەها دروستکردنی نائارامی و بێزارکردنی کەشتییە ئێرانییەکان و بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئەوا گورزی هێزە چەکدارەکانی ئێران دژی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زۆر توندتر دەبێت لە جاران".
هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە تەنها بەوەوە ناوەستن و ئەگەری فراوانبوونی ئاستی ئەم هێرشانە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی بالیستی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆسەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری گەورەی ئێرانیان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان بە تەواوی تێکشکاندووە و پەکخستووە.