وێنەی شاری موسڵ کە لەلایەن نیبورە کێشراوەو بەزیرەکی دەستکرد دووبارە نوێکراوەتەوە.
✍️ ھێمن مەحموود
زۆرجار کاتێک کتێبی گەڕیدەیەک دەخوێنمەوە کە بەم عێراق و کوردستانەدا لە سەدەکانی حەڤدەیەم و ھەژدەیەمدا گەشتیان کردووە و بیرەوەرییەکانیان تۆمار کردووە، ڕووبەڕووی وڵاتێک دەبینەوە کە پڕە لە نەتەوە و ئاین و مەزھەبی جیاواز جیاواز کە خەڵکەکەی ھیچ کێشەیەکی پێکەوەژیانیان نییە، تەنیا ئەوەیە ناوبەناو پاشایەک یان والییەک ئاشوبێکی سیاسی ناوەتەوە.
عێراق وێنەیەکی جیاوازە؛ کوردستانەکەی بەھەشتێکە بۆ خۆی، پڕ لە باخ و مێرگ و سەوزایی و بەرھەم و خێروبێر. ناوەڕاستی عێراقیش وێرانەیەک بۆ خۆی، باشوورەکەشی تا ڕادەیەک بەھۆی کەشتیوانی و زەویی بەپیتی کشتوکاڵییەوە حاڵیان لە ناوەڕاست باشترە.
کوردستانی خۆمان بەرەو موسڵ و حەڵەب و لەوێشەوە بۆ ماردین و ئامەد و بەرەو سەرتریش، بەھەشتی ژیان و بازرگانی بووە.
موسڵمان و مەسیحی و جولەکە و ئێزیدی و دروزی و عەلەوی و ھەموو مەزھەبە جیاوازەکان پێکەوە ژیاون.
با سەیرێکی شاری موسڵ بکەین؛ لە سەفەرنامەی (نیبور)دا ھاتووە کە لە ساڵی ۱۷٦٦ سەردانی کردووە، دەڵێت:
«خەڵکی موسڵ زۆر دەژین، پێدەچێت ھۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە کەشوھەوایەکی تەندروستی ھەیە و ئاوێکی کانزایی زۆر باشی ھەیە کە سوودمەندە بۆ جەستەی مرۆڤ. لە نزیکی شارەوە سەرچاوەی ئاوی کانزایی زۆر ھەیە، کە دەکەوێتە نزیکی ڕووبارەکەوە و زۆر بەھێزە و تێکەڵی ئاوی ڕووبارەکە دەبێت.
مەسیحییەکان لە موسڵ نزیکەی ۲۰ کڵێسایان ھەیە، بەڵام زۆربەیان کڵێسای بچووکن. پاشا ڕێگای پێداون کە ژمارەیەکی نوێ دروست بکەن و ئەوانەی تریش نۆژەن بکنەوە.
مەزەندە دەکرێت ژمارەی مەسیحییەکان ۱۲۰۰ ماڵ بن.
موسڵ پانزە خان یان ماڵی گشتیی تێدایە کە وەکو جێگەیەک بۆ ڕێبوار و خەڵکی بێگانە بەکاردێن کە دێنە ئەم شارەوە.
ڕەوشی ژیانی مەسیحییەکانی موسڵ زۆر باشترە لە ڕەوشی ژیانی مەسیحییەکانی تری ژێر دەسەڵاتی عوسمانی؛ ئەوان لێرە ژیانی خۆش دەژین و زۆر لەگەڵ موسڵمانان ڕێکن و کێشەیان نییە. ھەروەھا مافی ئەوەیان ھەیە بە ئارەزووی خۆیان جل لەبەر بکەن و وەکو موسڵمانەکان ئازادن.
لە موسڵ نزیکەی ۱۵۰ ماڵی جولەکە ھەیە، ئازادییەکی تەواویان ھەیە لە وڵاتی تورکیادا بۆ ئەوەی بژێویی ژیانیان دابین بکەن، لەکاتێکدا لە ئەوروپا ھەموو بوارێکی کارکردن و بژێوی پەیداکردن بەڕوویاندا داخراوە.
بەڵام خەڵکی زۆر ڕقیان لە جولەکەکانە و خۆشەویست نین، بەجۆرێک کە لە ئێمە زیاتر ڕقیان لێیانە. لە ھەندێک ناوچەدا کە مەسیحییەکان تێیدا زۆرینەن، ناوێرن لە ڕۆژانی شەممە و جەژنەکانیاندا بچنە ناو شوێنە گشتییەکان و بچنە شەقامەکان، ھەربۆیە پێیان باشترە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
لە موسڵ کارگەی زۆری ڕستن و چنین و بۆیەکردن و پیتچنین و نەخشکردن لەسەر جلوبەرگ ھەیە، ئەم دوو پیشەی کۆتایی لەژێر دەستی مەسیحییەکاندا بەڕێوە دەچن. لە موسڵ جوڵانەوەیەکی بازرگانیی گەورە لە ئارادایە؛ لە کوردستانەوە ساڵانە دوو ھەزار بوندوق و گوێز و بادەمی بۆ دێت و لەوێشەوە دەینێرن بۆ حەڵەب.»
لە باسی بەغداش، پاش ئەوەی باس لە گۆڕینی بەردەوامی پاشاکانی ئەو شارە دەکات لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، دەنووسێت:
«بەغدا پێشتر لە سەردەمی خولەفاکاندا بە زانست و چالاکیی فەرھەنگیی زۆر دەناسرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەم بوارە پشتگوێ خراوە و وڵاتەکە لەناو جەھلێکی زۆردا نووقم بووە، بەشێوەیەک کە حاڵی زۆر لە حاڵی میسر و یەمەن خراپترە.
لە بەغدا ژمارەیەکی زۆر کەم خەڵکم بینی کە بتوانن بخوێننەوە و بنووسن؛ گەر لە قاھیرە شوێنێک ھەبێت کە موسڵمانەکان تێیدا کتێب بکڕن، ئەوا لە بەغدا شوێنێکی وای تێدا نییە.»
خوێنەری بەڕێز ئیدی خۆت بڕیار بدە...بۆچی دوای دەیان ساڵ شارستانییەتەکانی کوردستان و موسڵ و حەڵەب لەلایەن ھێزێکی توندڕەوی وەک داعشەوە لەناو دەبرێت!!